بیروڕا
بۆچی ترەمپ ئەم ھەرایەی نایەوە؟
ئەردەڵان عەبدوڵڵا
ھەفتەی پێشوو تەواوی جیھان تووشی شۆکێکی گەورەبوو، کاتێک دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دانی بە قودس وەکو پاتەختی ئیسرائیلدا ناو دواتریش فەرمانی دەرکرد، کە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تەل ئەبیبەوە بگوێزرێتەوە بۆ قودس. دیارە قسەوباسی زۆر لەمباریەوە کراوە، ھەر‌کەسەو بەپێی دیدوتێڕوانینی خۆی بۆ ئەو پرسە کردووە، بەبڕوای منیش چەند فاکتەرێکی نھێنی لەپشت ئەم بڕیارەی ترەمپەوە ھەیە، کەلێرەدا بەکورتی باسی لێوە ‌دەکەین.
بەڵێنەکانی ترەمپ
بەبڕوای من ئەم بڕیارەی ترەمپ زیاتر پەیوەندی بە رەوشی ناوخۆی ئەمریکاوە ھەیە بەتایبەتی کاتێک ترەمپ کۆمەڵێک بەڵێنی باشکردنی ئابووری و دۆزینەوەی ھەلی کار بۆ بێکاران داوە، لێ لەئێستادا بەوشێوەیە نییە، بگرە خراپتریشە. ھەربۆیە زۆرجار ترەمپ بەوە تۆمەتباردەکرێت، بەرامبەر بەڵێنەکانی وەفادار نەبوو. لەرێگەی ئەم بڕیارەشەوە ترەمپ ویستی ئەوە بەدەنگدەر و ھەوادارنی بڵێت، کەئەو بەڵێنەکانی دەباتە سەر، چونکە لەمیانەی ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکاندا ئەم بەڵێنەی بە دەنگەدارنی داوە.
خۆدزینەوە لەکێشە ناوخۆییەکان
خاڵێکی تر ھەر پەیوەندی بە رەوشی ناخۆوە ھەیە، چونکە ماوەیەکە دۆسێی تەداخولکردنی روسیا لە ھەڵبژاردنەکان و دادگاییکردنی کۆمەڵێک کەسی نزیکی ترەمپ، بۆتە مایەی نیگەرانی بۆ ترەمپ و تەواوی میدیاکانی ئەمریکا و جیھانیش ، ھەرباسی ئەوەیان دەکرد. بەمشێوەیەش گەر بۆ ماوەیەکی کەمیش بێت، ئەو ھەرا ئیعلامییە لەخۆی دوور دەخاتەوە.
زیادکردنی دەنگدەرانی
خاڵێکی تر پەیوەندی بە دەنگدەران وھەوادارانی ترەمپەوە ھەیە، ئەمانەش زیاتر کەسانی دژە بێگانە و مەسیحی توندڕەو لەخۆ دەگرێت. لەئێستادا ھەموو ئەو خۆپیشدانان و توندوتیژییە کەلەجیھاندا دژی ترەمپ کراوە، ھەموو بە بەرژەوەندی ئەو دەشکێتەوە، چونکە ھێندەی تر لایەنگرانی وابەستەی دەبن.
بەھێزیی لۆبی ئیسرائیلی
خاڵێکی تر کەمایەی سەرنج و تێڕامانە، ئەوەش ئەوەیە ئایا بۆچی ئەمریکا ئامادەیە لەبەر خاتری ئیسرائیل، ھەموو ئەو دەوڵەتە عەرەبییان بکاتە دوژمنی خۆی؟ گرنگی ئەم دەوڵەتە لە چیدایە بۆ ئەمریکا؟ لێرەدا دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی، کە لۆبی ئیسرائیلی بەراستی لۆبییەکی بەھێزەو دەتوانێت کاربکاتە سەر بڕیاری سیاسی ئەمریکا، چونکە گەر کاری بەردەوامی ئەو لۆبییە نەبوایە، ئەوا ھەروا کارێکی ئاسان نییە، ئەمریکا بڕیارێکی چارەنووسسازی وا دەربکات، کە سوور دەزانێت ، ھەموو دەوڵەتە عەرەبی و ئیسلامییەکان دژی دەوەستنەوە.
شکستی سیاسەتی دەوڵەتە عەرەبییەکان
گەر سەیری نەخشەی سیاسی وڵاتانی عەرەبی بکەین، دەبینین زۆربەیان رووبەروی کۆمەڵێک کێشەی ناوخۆیی و بگرە ھەندێکێشیان لەجەنگێکی ناوخۆی گەورەدان. ولاتە گەورەکانی عەرەبیش بۆ نموونە ‌میسر، لەئێستادا خۆی بەدەست کۆمەڵێک کێشەی ئەمنیی و ئابووریی و سیاسیی گەورەدا دەبینێتەوە. عەرەبستانی سعودیەش، تووشی جەنگێکی گەورە لەیەمەن بۆتەوە، لەجەنگێکی ساردی گەورەشدایە لەگەڵ ئێران. ھەموو ئەمانەش رێگا خۆشکەربوون، بۆئەوەی دۆناڵد ترەمپ ئەم بڕیارە سەیرەی بدات و ھیچ گوێش بە ناڕەزایی دەوڵەتانی عەرەبیی نەدات.
بڕیاری تاکلایەنانە
ئاماژەیەکی تری ترسناکی ئەم بڕیارە پەیوەندی بە رۆڵی ئەمریکا لەجیھانەوە ھەیە، ترەمپ لەرێگەی ئەم بڕیارەیەوە ویستی ئەوە بە زلھێزەکانی تری جیھان بڵێت لەسەروو ھەمووشیانەوە» روسیا و چین و یەکێتی ئەوروپا» ئەوە ئەمریکایە دەتوانێت بڕیاری تاک لایەنانە بدات و دەشتوانێت لەدژی ھەموو جیھان بوەستێتەوە. خاڵێکی تریش ئەوەیە لەئێستادا ترەمپ دەبینێت کە زلھێزەکانی تری جیھان، ھەرەیەکەیان تووشی کۆمەڵێک کێشەی ناوخۆ بۆتەوە، کەسیشیان ئامادەنین لەبەرخاتری عەرەب، بکەونە دژایەتیکردنی ئەمریکاوە.
ھەموو ئەمانەش وایکرد ، کەترەمپ بڕیارە گەورەی بدات و گوێش بەناڕەزایی دەوڵەتانی عەرەبی و جیھان نەدات.
‌‌ زیاتر ...
نەوزادی موهەندیس
ئاراز ڕەمەزان
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ