بیروڕا
هەڵسانەوەی ئابڵوقەدراو
خەڵەف غەفور‌

لە شەڕی رووبەڕووبەڕبوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە تا قۆناغی ئێستای شەڕی سوپای عیراق و حەشدی شەعبی، ھەرێمی کوردستان کێشە و گرفتی زۆری ھاتووەتەپێش، لەسەرووی ھەموویانەوە کێشە ناوخۆییەکانی نێوان حزبەکانی باشوور لەگەڵ یەکتر کە ھێندەی دیکە کوردستانی بێ ھێز کردووە.
کوردستان لە مێژەوە تائێستا گیرۆدەی دوو کێشەیە، روونتریش دوو ھۆکار نەیانھێشتووە خەڵکەکەی بگەنە مافە رەواکانی، شۆڕش و راپەڕینەکانی بڵێسەیان سەندووە و دوژمنیان زارە تەرەک کردووە، لە ئامانج نزیکبوونەتەوە و لە پڕێکدا گەڕاونەتەوە چوار گۆشەی یەکەم و ئیتر ئەزموونی لەو شێوەیەش بۆ چەندینجار دووبارە بوونەتەوە.
سەردەمی ئێستا کە بەرژەوەندیی ئابووری بنەمای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە، ھەرێمی کوردستان خاڵی بەھێزی ھەیە، راستە کارەکتەرێکی نادەوڵەتییە، بەڵام ئەگەر بنەما و ستراتیژیی بۆ کارکردن و ئایندەسازیی ھەبووایە بەو شێوەیە تووشی شکست و گەڕانەوە بۆ دواوە نەدەبوو کە ئێستا بووە.
کێشەی سەرەکی نێوان کارەکتەر و حزبەکانی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان وابەستەییە بە ھێزێکی ھەیمەنەدارتر لە خۆی، ھەڵبەت بوونی پەیوەندی نێوان حزب و حکومەتەکان یان دەوڵەتانی بیانی ئاساییە بەو مەرجەی بەرژەوەندی نەتەوەیی نەکرێنە قوربانی بەرژەوەندییە حزبییەکان.
ئەو وابەستەییە لە مێژووی حزبی کوریدا بێ متمانەیی خوڵقاندووە، بێ متمانەییش وایکردووە ستراتیژێکی نیشتیمانیی نەبێت بۆ ئەوەی بزووتنەوەی رزگاریخوازی خەڵکی کوردستان لە قۆناغی شاخ و شار کاری لەسەر بکەن و وزەی ھەموو لایەنەکان بۆ وەدیھێنانی ئامانجە باڵا نیشتیمانی و نەتەوەییەکان بەکاربخرێن.
ململانێکانی ئێستای نێوان کوردستان و عیراق لەسەر زۆر خاڵی جەوھەرین، ریفراندۆم بیانووە بۆ پێشخستنی گەڕی گێمی یەکەم، بەڵام ئەسڵی ململانێیەکە مەسەلەی شوناس و گرەنتی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی ھەر لایەک لەو دوو لایەنەیە سەرەڕای تێکھەڵکێشبوونی بەرژەوەندیی ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتی کە لە سەرەتای ململانێکەوە لە بەرژەوەندیی کوردستان نییە.
خاڵە گۆڕاوەکان لە تاکتیکی وڵاتان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان و دروستبوونی ھاوپەیمانێتی نوێ بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان سروشتێکی سیاسی ھەیە، بەڵکو ئەوە ناسروشتییە دۆخی سیاسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان نەگۆڕبن، بینیویشمانە لەھەردوو بارەکەدا کورد و کوردستان خەسارۆمەند بوون.
ھەرێمی کوردستان کۆمەڵێک مەترسی لەسەرە لە وێنەی (بێ متمانەیی نێوان ھێزە سیاسییەکانی، تەخوین و یەکتر قبوڵ نەکردن، لاوازی ئیرادە و پەرتەوازەیی و نەبوونی ستراتیژیی نیشتیمانی کوردستانی). ھەڵبەت لەوەھا بارێکدا ئەستەمە ئامانجەکان بەئاسانی بەدی بێن و تاواش بێت کوردستان زیاتر و زیاتر لە دۆڕان و مەترسی لەدەستدانی شوناس نزیک دەبێتەوە.
مەترسی تەنیا لەسەر باشووری کوردستان بەدیار نەکەوتووە، بەڵکو دەبینین تورکیای ئەردۆغان بەھەموو رێگا و ھێزێک بزووتنەوەی کوردی لە باکووری کوردستان سەرکوت دەکات، لە رۆژھەڵات ھەمان دیاردە ھەیە، لە رۆژئاوای کوردستانیش سەرەڕای سەرکەوتنەکان سەرەتاکانی مەترسی و کەمبوونەوەی پشتیوانییەکان بۆ ھێزەکانی ئەو بەشە, دەرکەوتوون و دوورنییە ئەمەریکا پشت لەو بەشەی کوردستانیش بکات.
کورستان لەسەر ئاستی ھەموو بەشەکانی شکستی خواردووە، ھەڵسانەوە حەتمییە، بەڵام گرەنتی درێژمەودای نییە بەھۆی نەبوونی ستراتیژ و سەرڕاستی ھێزە سیاسییەکانییەوە. ئەوەش وایکردووە سەرەڕای بەھێزیی ھێزەکانی کورد لە بەشە جیاوازەکان، بەڵام بەمەترسی دەرەکی ئابڵوقەدارون و مەترسی ناوخۆییش وەکو شمشێری ژەھراوی جەستەی کورد دەبڕێ.
ھەڵسانەوەی ئەمجارەی کوردستان جیاوازە، ھەڵسانەوەیەکە سنووورەکانی بە مەترسی گەورە ئابڵوقەدراون، باش نییە رەشبین بین و بڕوامان بە ھەڵسانەوە نەبێت، بەڵکو بیری ورد و متمانەی زۆر و ئیرادەی بەھێز و یەکڕیزی کۆی ھێزەکانی دەوێت.
ناتوانم زۆر گەشبین بم بەوەی لەسەر ئەوانە کۆک دەبین، بەڵام بێ بوونی ئەوانە شوناس و مێژوو و چارەنووسی کوردستان لەبەردەم مەترسی زۆر گەورەدایە و ھەڵسانەوە یەکجار ئەستەمە.
‌‌ زیاتر ...
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
سه‌ربه‌ست جیهاد
د.به‌ختیارشاوه‌یس
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
نەوزادی موهەندیس