بیروڕا
برۆخێ دیوارى ترس و نا باوه‌ڕى
سه‌ربه‌ست جیهاد
ترس و نیگه‌رانیه‌كى زۆر له‌ باره‌ى ریفراندۆم و دواى ریفراندۆم هه‌یه‌ .
بێباوه‌ڕیه‌كى گه‌وره‌ سه‌باره‌ت به‌ جددیه‌تى ریفراندۆم و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ به‌ره‌نجامه‌كه‌ى هه‌یه‌ .
به‌شى هه‌ره‌ زۆرى ئه‌و ترس و ناباوه‌ڕییه‌ ، له‌سه‌رینى بێمتمانه‌یى نێوانى سیاسیه‌كان و حزبه‌كان و ته‌نانه‌ت تاكه‌كانیشه‌ .
به‌شه‌كه‌ى دى به‌هۆى ترساندن و پرۆپاگه‌نده‌ى ژه‌هراوى ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌یه‌ .
راستیه‌كه‌ى بۆ گه‌لێكى سته‌ملێكراوى جێماو له‌ مێژووى وه‌ك گه‌لى ئێمه‌ ، ده‌بوو ریفراندۆم ئاسۆیه‌كى رووناكى هیوا به‌ دوارۆژى به‌خته‌وه‌رى و سه‌ربه‌ستى با ، هه‌موو پرسى له‌ باره‌ى چاره‌نووسى سیاسیمان ده‌بوو ماكى ته‌بایى و یه‌كریزمانبا ، به‌ڵام مخابن وانیه‌ و ژینگه‌ى ئه‌مڕۆى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى گه‌ل و ووڵاتى مه‌ ، ئاخنراوه‌ به‌ بێباوه‌ڕى و ترس له‌ ئاینده‌ى نزیك و دوور ، پڕاو پڕ له‌ ناكۆكى و دوو و ده‌به‌ره‌كى .
من ناتوانم به‌ ته‌واوى ئه‌وه‌ بقرسێنم كه‌ ئه‌و كه‌شى تۆقین و تۆقاندنه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ى ساردكردنه‌وه‌ى ده‌نگده‌ران و سه‌رنه‌كه‌وتنى ریفراندۆمى سه‌ربه‌خۆیى ، به‌ڵام له‌لام روونه‌ كه‌ كاریگه‌رى یه‌كجار به‌د له‌سه‌ر كولى پرۆسه‌كه‌ به‌ جێدێڵێ و به‌ره‌ى داكۆكى و ره‌تكردنه‌وه‌ له‌ عه‌ینى یه‌ڕێوه‌چوونى هه‌مووپرسیه‌كه‌ و دواى ده‌ركه‌وتنى ئاكامه‌كه‌ى و چلۆنایه‌تى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ نه‌تیجه‌كه‌ى ، به‌گژیه‌كدا ده‌كا و زامێكى دیكه‌ ده‌كاته‌ جه‌سته‌ى بریندارى عه‌مه‌لیه‌ى سیاسى هه‌رێمه‌كه‌مان .
كاتمان زۆر نه‌ماوه‌ به‌ڵام بایى ئه‌وه‌نده‌ ده‌بێ ، هه‌موو كۆششه‌كان بۆ ره‌واندنه‌وه‌ى ئه‌و بێباوه‌ڕیه‌ یه‌ك بخه‌ین ، ده‌نا زه‌حمه‌ته‌ سه‌ركه‌وتنى ریفراندۆم و گه‌یشتن به‌ سه‌ربه‌خۆیى گره‌نتى بكرێ .
بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى متمانه‌ى له‌ ناوچوو ، چه‌ند هه‌نگاوى عه‌مه‌لى زه‌حمه‌تمان پێویسته‌ ، 
له‌ پێشه‌وه‌یانه‌وه‌ دروستكردنى قه‌ناعه‌تى قایم لاى هاونیشتمانیان له‌ مه‌ڕ نیه‌ت و ئامانجى راسته‌قینه‌ى ریفراندۆم .
هه‌نگاوى دووه‌م ، ئاشته‌وایى راسته‌قینه‌ى حزبى سیاسیه‌ ، ئه‌وه‌ش ته‌نیا به‌ده‌ركێشانى ره‌گه‌كانى ناكۆكى سیاسى مه‌یسه‌ر ده‌بێ ، تا ریفراندۆم كاتمان زۆر نیه‌ ، به‌ڵام به‌شى ئه‌وه‌ ده‌كا ناكۆكیمان له‌سه‌ر ویلایه‌ت و ته‌به‌عیه‌ت بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ كۆتایى پێ بێنین ، هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر نیازو ئیراده‌مان هه‌بێ .
هه‌نگاوى سێیه‌م ، كه‌ به‌لاى منه‌وه‌ به‌شدارییه‌كى كاریگه‌ر له‌ رووخاندنى دیوارى ئه‌ستوورى بێمتمانه‌یى ده‌كا ، كاراكردنه‌وه‌ى په‌رله‌مانه‌ ، له‌و رێیه‌دا هه‌رچى بكرێ هێشتا كه‌مه‌ ، چونكه‌ ده‌بێ ته‌جروبه‌ى تاڵى داخستنى په‌رله‌مان لاى كه‌م ئه‌وه‌ى فێركردبین ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌ ، سه‌ربارى وه‌زیفه‌كانى له‌ بابه‌تى قانونگوزارى و چاودێرى و ئیقراركردنى بودجه‌ ، مینبه‌رى ته‌عبیركردنه‌ له‌ فكر و تێڕوانین و ئه‌جێنداى سیاسى جزبى ، ئه‌ستاندنه‌وه‌ى ئه‌و سه‌كۆى نوێنه‌رایه‌تیه‌ ، لێدانه‌ له‌ پیرۆزى و ره‌مزیه‌تى خاوه‌نه‌كانى .
هه‌نگاوى چواره‌م چاره‌سه‌رى فه‌ورى بژێوى دانیشتوانه‌ .. به‌داخه‌وه‌ ئێمه‌ گه‌لێكى ته‌مبه‌ڵ و هاسان ویستین ، به‌شى هه‌ره‌ زۆرمان ئیعتمادمان له‌سه‌ر مووچه‌ و ئه‌و داهاتانه‌یه‌ كه‌ به‌هۆى ده‌وڵه‌ت و حكومه‌ته‌وه‌ چنگمان ده‌كه‌وێ و به‌ هۆى قه‌یرانیشه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ى ئه‌و داهاته‌ یا ووشك بووه‌ یا زۆر له‌ كزى داوه‌ ، ئه‌وه‌ كێشه‌یه‌كى هه‌مه‌لایه‌نه‌یه‌ و كاریگه‌رى به‌دى له‌سه‌ر هه‌موو دانیشتوانه‌ . ده‌بێ حكومه‌تى ئێمه‌ له‌و راستیه‌ تاڵه‌ تێگه‌یشتبێ ، ناباوه‌ڕیه‌كى زۆر له‌سه‌ر داهاته‌كه‌ى و چۆنیه‌تى خه‌رجیه‌كه‌ى هه‌یه‌ ، بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى باوه‌ڕ ، هیچ رێگایه‌ك نیه‌ به‌ غه‌یرى باشكردنى بژێوى  .
دیاره‌ كه‌ به‌شێك له‌ و ترس و نیگه‌رانیه‌ ، به‌هۆى پرۆپاگه‌نده‌ و واته‌ واتى ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌یه‌ ، ئه‌وه‌ مه‌سه‌له‌یه‌كى سروشتیه‌ و نابێ زۆر ناره‌حه‌تمان بكا ، به‌تایبه‌ت ئێمه‌ داوو ده‌زگا و تواناى به‌شه‌رى باشمان هه‌یه‌ بۆ به‌رپه‌چانه‌وه‌ى پرۆپاگه‌نده‌ .
دیوارى به‌رزى بێمتمانه‌یى له‌ نێوانماندایه‌ ، شكاندنى زۆر زه‌حمه‌ته‌ به‌ڵام مه‌حاڵ نیه‌ .
‌‌ زیاتر ...
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
نەوزادی موهەندیس
د.به‌ختیارشاوه‌یس
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
بورهان عه‌بدولڕه‌حمان
نەورۆز سابر عبدالقادر