بیروڕا
ئه‌دى سزاكان !!
سه‌ربه‌ست جیهاد
له‌ ده‌ستوورى عیراقدا هیچ ده‌قێك نیه‌ دژى ریفراندۆم بێ ، دیاره‌ هیچ مادده‌یه‌كیش نیه‌ پشتیوانى بكا ، كه‌چى ریفراندۆمى سه‌ربه‌خۆیى هه‌رێمى ئێمه‌ كه‌وته‌ به‌ر حوكمى دادگاى ده‌ستوورى و به‌ بیانگه‌ى ناده‌ستوورى بوونیه‌وه‌ هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه‌ .
راستى قه‌رارى دادگاى فیدرالى چاوه‌ڕێ كراو بوو ، چونكه‌ ئه‌و دادگایه‌ش وه‌كو هه‌موو دامه‌زراوه‌كانى دیكه‌ى عیراق ، له‌ ژێر پاڵه‌په‌ستۆى ته‌وژمى دژه‌ سه‌ربه‌خۆیى هه‌رێمى كوردستاندا ، ده‌رفه‌تى بێلایه‌نى له‌به‌رده‌مدا نه‌ما ، ئه‌گه‌رچى ئه‌و دادگایه‌ ده‌سه‌ڵاتى فه‌صلى هه‌یه‌ و له‌ رووى شكلیشه‌وه‌ سه‌ربه‌خۆیه‌ .
دادگاى ده‌ستوورى له‌ باره‌ى ناده‌ستوورى پرۆسیسى ریفراندۆم روون و راشكاو بڕیاریاندا ، به‌ڵام له‌ سه‌ر پاكه‌تى سزاكانى كه‌ به‌ بیانووى ریفراندۆمه‌وه‌ دژى گه‌لى ئێمه‌ له‌ په‌رله‌مان و حكومه‌تى فیدرالیه‌وه‌ ده‌رچوون ، كه‌ قورسترینیان مانه‌وه‌ى ناچارییانه‌یه‌ له‌ عیراقدا ئنجا سزادانى ترى ئابوورى و ئیدارى و له‌شكرى ، تاكه‌ ووشه‌یه‌كیان ( لیكه‌وته‌كان ) له‌ پاشكۆدا داناوه‌ ، كه‌ دیار نیه‌ مه‌به‌ستیان چیه‌ و روویان له‌ كێیه‌ .
چونكه‌ دادگاى فیدرالى ته‌نیا ته‌ماشاى شكاتى چه‌ند كه‌سێكى عه‌ره‌ب و توركمانى كردووه‌ كه‌ له‌سه‌ر به‌ڕێزان مه‌سعود بارزانى و نه‌جمه‌دین كه‌ریم و رێبوار تاڵه‌بانى تۆمار كراوه‌ ، ئاسان نیه‌ بزانین ئیلغا كردنه‌وه‌ى لێكه‌وته‌كانى ریفراندۆم لابردنى سزایه‌ له‌سه‌ر ئه‌و 3 به‌ڕێزه‌ یانه‌كو هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى سزاكانى دیكه‌ى گه‌مارۆ دان و له‌شكر كێشى و عقوبه‌ى ئابوورى و سیاسیشه‌ .
ره‌نگه‌ ئه‌گه‌ر له‌ سه‌رۆك و هه‌یئه‌تى دادگا بپرسى بۆچى ته‌نیا لاى ناده‌ستوورى ریفراندۆمیان ته‌ماشا كردووه‌ و ناده‌ستوورى سزاى مه‌نعى فڕین و داخستنى سنوور و به‌كارهێنانى سوپا و حه‌شدیان له‌ ناكۆكیه‌كانى ناوخۆدا نادیده‌ گرتووه‌ ، وه‌ڵامت بده‌نه‌وه‌ كه‌ هیچ ده‌عوایه‌ك له‌و به‌ستێنه‌دا و له‌سه‌ر هیچ كه‌س و ده‌سه‌ڵاتێك نه‌جوڵێندراوه‌ تا ره‌ئى یان بڕیارى له‌باره‌وه‌ بده‌ن له‌م وه‌ڵامه‌ خه‌وش و كه‌م و كورتى نیه‌ ، ‌ ته‌ره‌فى دووه‌مى كه‌یسه‌كه‌ به‌ هۆى ئه‌و هێدمه‌یه‌ى دواى ریفراندۆمه‌وه‌ یان نه‌یویویستووه‌ یان بۆى نه‌لواوه‌ ساكاڵا له‌و دادگایه‌ دژى سزاكان بكا .
به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و پرسیاره‌ له‌ منى هاووڵاتى بكرێ ، كه‌ مافى سه‌ربه‌خۆ ژیان و سه‌ربه‌خۆ بڕیاردانم لێ زه‌وت ده‌كرێ ، به‌وه‌نده‌ش لێم قایل نابن و رزق و رۆزیم ده‌بڕن و قشون و سه‌رباز ده‌نێرنه‌ سه‌رم ، گه‌ر له‌ منێكى هاونیشتیمانى بپرسن ، گه‌ر له‌ منى ‌ بێ ده‌ره‌تان بپرسن كه‌ قورسایى سزاكان ده‌روون و جه‌سته‌م ئازار ده‌دا ، وه‌ڵامم شتێكى دیكه‌ ده‌بێ . تێكه‌ڵه‌یه‌ك له‌ نائومێدبوونى هه‌تا هه‌تایى له‌ پێكه‌وه‌ ژیانى ئاشتیانه‌ و ده‌رفه‌ت و ئه‌رك و مافى یه‌كسان و ترسى داسه‌پاندنى نه‌مه‌تێك له‌ سێستمى سیاسى نادڵخواز و فه‌رزكردنى یه‌كیه‌تى خاكى عیراق به‌ قه‌هر و زۆردارى ده‌ستوور و قووه‌تى سوپا و پۆلیس ، نه‌ك هه‌ر ناده‌ستووریه‌ ، به‌ڵكو ئه‌وپه‌ڕى نا ئینسانیه‌ .
دادوه‌رانى به‌ڕێزى دادگاى به‌رزى ووڵات ، وه‌كى هه‌ر خۆ به‌ عیراقى زانێكى دى لاگرى یه‌كپارچه‌یى عیراقن ، یه‌كپارچه‌یى به‌ زۆر داسه‌پاو ، كه‌ نزیكى سه‌ده‌یه‌كه‌ جگه‌ له‌ نه‌هامه‌تى هیچ موژده‌ و هیوایه‌كى نه‌به‌خشیوه‌ ، ئێستاش كه‌ ئه‌و حاكمانه‌ بڕیارى قه‌تعى له سه‌ر ناده‌ستوورى جیابوونه‌وه‌ و سه‌ربه‌خۆیى ده‌ده‌ن ، پێ بزانن یان نه‌زانن موحاكاتى ئه‌و رۆژڕه‌شیانه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ستانى گه‌وره‌ و بچووكى ئه‌م ووڵاته‌ نه‌گبه‌ته‌ به‌سه‌ر ئێمه‌ى خه‌ڵكى كوردستانیان هێناوه‌ . 
عیراق به‌ كیان و ده‌وڵه‌ته‌وه‌ زاده‌ و له‌ دایكبووى هه‌لومه‌رجێكى نێونه‌ته‌وه‌یى و قه‌رار و رێككه‌وتنێكى ده‌ولیه‌ ، تا ئه‌و كاته‌ى به‌ بڕیارێكى ئومه‌مى یان به‌ گۆڕانێكى دراماتیكى هه‌ڵنه‌وه‌شێته‌وه‌ ، ده‌بێ هه‌میشه‌ پێشبینى بڕیارى له‌و جۆره‌ى مه‌حكه‌مه‌ى ئیتیحادى و سزادانى به‌ كۆمه‌ڵ بكه‌ین .
‌‌ زیاتر ...
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
سه‌ربه‌ست جیهاد
د.به‌ختیارشاوه‌یس
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
نەوزادی موهەندیس