بیروڕا
لە بیرەوەریی تاڵی جینۆسایدی ئێزدییەكانی شنگالدا
بارزان شیخ عوسمان

3 ی  ئاب، ئەو رۆژە شوم تاریكە بە بیر مرۆڤایەتیی دێتەوە كە تێرۆری ئیسلامیی سونیی، وەك رەفتار و پیشە خۆڕسك و بنچینەییەكەی خۆی لە شاڵاوێكی جینۆساید ئەنفالی دڕندانەی تردا بەرامبەر توێژێكی گرنگی كورد، قێزەونترین تاوانی لە تاوانە بەردەوامەكانی دوبارە كردەوە تیایدا هەزاران مناڵ و ژن و پیاوی ئێزدیی بونە قوربانیی هەر لە كوژران و بێسەر و شوێنكردنیانەوە تا ئەگاتە رفاندن و كۆیلە كردن و ئاوارە كردن و بە كۆیلە و كەنیزەك كردنی ژن و كچەكانیان كە ئەمەی دواییان ئابڕو بەرینتریان بو، جارێكی تر راستیی و ناوەرۆكی ئەم تاقمەی ئیسلامی ئاشكرا كرد كە بە ناوی دەوڵەتی ئیسلامیی لە عیراق‌و  شام (داعش) هاتنە سەر سەحنەی روداوەكان.
هەرچەندە تاقمەكانی تری حزبە ئیسلامییە سونییەكانی وەك پارتی ئەدالەت‌و  گەشە پێدانی توركیا (ئاك پارتی) و (ئیسلام لیك) ی پاكستان و ئیخوانەكانی تری جیهانی ئیسلامیی و ناوچەكەی ژێر باڵی قەتەر‌و   توركیا بۆ گەوجاندن‌و  هەڵخەڵەتاندن ماكیاژێكی مەرام و نەهجی ئاینەكەیان كردوە، بەڵام ئەم تاقمەش وەك تاڵیبانەكەی پاكستان و ئەفغانستان و قاعیدە و الجماعە الاسلامیەی میسر و جەزاییر هەمو گەلە گورگەكانی تری تێرۆری ئیسلامیی سونیی، گوزارشت لە دامەزراندنی دەسەڵاتی ئەو خەلافەتە ئاینییە ئەكەن كە بەهیچ جۆرێك لەگەڵ فیكری ئەمڕۆی مرۆڤایەتیدا ناگونجێت لە هەمو بوارەكاندا.
داعش بە پیلانێكی رێككەوتن لەسەر كراوی هەمە لایەنە، كە هەمو تاقمە سونییەكان بە توركیاشەوە لەسەری كۆك بون هەم بۆ دەستوەشاندن لە بەرژەوەندییەكانی ئێران، هەم بۆ روخاندنی بە قەولی خۆیان حوكمی شیعیی لە عیراقدا، بەڵام باجی ئەم غەزوە ئیسلامییە دڕندانەیە ئێزدییەكان دایان، كە هەمان سیناریۆكەی سەردەمی عوسمانلییە تاوانبارەكان دوبارە بوە وە هەم لەپاڵ فتوایەكی ئاینیی قەتڵ و عامی ئێزدییەكانیان حەڵاڵ كرد، هەم ئیمارەتەكەی سۆرانیشیان روخاند (كە ناچمە ناوەڕۆكی ئەو وێستگە مێژوییەوەوە).
داعش وەك پیشەی لەشكرە داگیركەر و شۆڤێنییە عروبییەكەی 12 و 13 ی   هیجریی هەم ناوچەیەكی تری كوردستانی لە سەردەمێكی زۆر جیاوازتر لە سەردەمە كۆنەكان داگیر كردەوە، هەم خەڵك و خاك و سامانی ئێزدییەكانی بۆ چەتەكانی فەراهەم كرد وەك چۆن لەشەڕی بەدرەوە ئەو سیاسەتە پەیڕەو ئەكرێت.
داعش كە خوێن و ماڵ و ژنی ئێزدییەكانی بە مافی خۆی زانی چەتە خوێن رێژەكانی بەردایە گیانی ئێزدییە بێ دیفاعەكان، ئەوانیش بێ هیچ سڵ كردنەوەیەك ئەوەی بۆیان كرا كردیان، دیارە وەك شانازیی كردنیش كچ و ژنە پاكیزە و پیرۆزەكانمانیان لە بازاڕی سەبایادا بە یەكتر ئەفرۆشت وەك سەردەمی زوی دوای غەزوەكانیان بۆ سەر خێڵە عەرەبییە دەوڵەمەندەكانی ناوچە ی حیجاز و نەجد و فتوحاتەكانیان بۆ ئەم ناوچەیە،  بە هەمان ئسلوب و رەفتاری قەعقاع و ئەبا عوبیدە و مەروان و ئەنەس و ئوسامە جانەوەرەكانی تر.
دواتریش هەمو دەوڵەتانی جیهان و مرۆڤایەتیی ئەو دیمەنە كارەساتبارەیان بە توندیی ئیدانە كرد، كەچی توركیا و دەستوپێوەندە زەلیلەكانی نەك ئیدانەیان نەكرد، بەڵكو بەهەمو خۆگیڤكردنەوەیەكیان تەنیا داوای ئەوەیان لە داعش ئەكرد كەمێك نەرمتربن.
زامی ئێزدییەكان زۆر قوڵە مەگەر رزگاربوەكانی دۆزەخی داعش بزانن ئیرهابی ئیسلامیی و تەكفیرییەكان چۆن بیر ئەكەنەوە، چۆن لەهەر جێیەك باڵا دەست بن هەمو نەریتێكی مرۆڤایەتیی ژێر پێ ئەنێن و نەهجە دواكەوتو جەهالەتەكەیان ئەسەپێنن، تەنیا لەو كاتانەی دەسەڵاتیان نییە یان حوكمیان بەدەست نییە باسی "لكم دینكم" یان لە پەرلەمانێكدا ئەبن بە سەرۆكی لیژنەی مافەكانی مرۆڤ و بە قسە رەنگاورەنگ درۆینەكانیان لەبارەی مافەكانی مرۆڤ‌و  ژیان و گوزەرانی خەڵك و دەستەنەركردنی عەدالەت كڵاو ئەنێنە سەری هاوكارەكانیان و خەڵكی سادە و نەخوێندەواریش.
لەگەڵ ماتەمینیی و هاوخەمیی زۆر بۆ كەسوكاری قوربانیانی جینۆسایدی ئێزدییەكان لە شنگال‌و  دەوروبەری‌و  ئەوپەڕی نیشاندانی سۆز لەگەڵ ئەو ژن‌و  كچانەی كە كراونەتە كەنیزەك‌و  جاریەی چەتەكانی ئەو لەشكری جەهل و دواكەوتوە، هەق وایە ئەوەش بەبیر هەمو رۆشنفكران بێتەوە كە داوای سەرەكیی و خەمی بنچینەییمان ئەوە بێت داوای ژیانی مەدەنیی بكەین و ئاینەكان با لە شوێنە پیرۆزەكانی خۆیان بن و دەخالەت نەكەن لە ژیانی مەدەنی. چونكە ژیانی مەدەنی پێویستی بە حزبی ئاینیی نییە ئەو حزبە ئایینیانە هیچیان لە داهاتودا لە داعش باشتر نابن، توركیای ئێستا نمونەیەكی زەقە، كە سەرەتا (ئەدالەت خەلكس پارت) چەند بە فرتو فێڵ جێی خۆی كردەوە و ئێستاش چۆن پشتیوان و پاڵپشتی داعش و تێرۆری ئیسلامیی سونییە.

لە كۆتایی دا، سڵاو.. لە گیانی شەهیدانی ئێزدیی و هەمو شەهیدانی جەنگی بەگژاچونەوەی تێرۆری ئیسلامیی، رزگاریی‌و  ئازادیی بۆ رفێنراو و سەبایاكان.
‌‌ زیاتر ...
د.به‌ختیارشاوه‌یس