بیروڕا
داعشى دواى عێراق و عێراقى دواى داعش
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
ئه‌گه‌ر چى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى له‌ عێراق وشام له‌ ساڵى  2014 له‌ مزگه‌وتى نورى له‌ شارى موسڵ ڕاگه‌یه‌نرا له‌ لایه‌ن ئه‌بوبه‌كر به‌غدادى خه‌لیفه‌ى ده‌وڵه‌ته‌كه‌وه‌  وا ئێستا له‌ دواى پووكانه‌وه‌ى ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ و له‌ ده‌ستدانى زۆربه‌ى ڕووبه‌ره‌كانى بنده‌سه‌ڵاتیان له‌ عێراق و  به‌رته‌سك بوونه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى ڕه‌شیان له‌ چه‌ند شارۆچكه‌و گوندێكدا  له‌ عێراق و له‌ شامیش له‌ ڕه‌قه‌ له‌گه‌ڵ  هێزه‌كانى سوریاى دیموكراتدا له‌ شه‌ڕێكى قورسدان و ڕۆژ به‌ ڕۆژ زیاتر له‌ قاڵب ده‌درێن .
بۆیه‌ له‌ عێراقدا له‌مه‌ودوا هیچ بنه‌مایه‌كى ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ وه‌حشیگه‌رییه‌ نامێنێت چونكه‌ نه‌ خاك و نه‌ خه‌ڵكیان له‌ بنده‌ستدا نامێنێت و به‌ڵكو ده‌بنه‌وه‌ به‌ ڕێكخراوه‌ تیرۆریستیه‌كه‌ى جاران وخۆیان له‌ گه‌ڵ بارودۆخى نوێدا ڕا ده‌هێنن .
ئه‌وه‌ى ڕوون و ئاشكراو به‌ڵگه‌ نه‌ویسته‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌  هێزه‌كانى عێراق به‌ پشتیوانى هاوپه‌یمانان بست به‌ بستى خاكى عێراق پاك ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌و هێزه‌ تیرۆریست و وه‌حشیگه‌ره‌ كه‌ سێ ساڵى ڕابردوو هه‌موومان شاهیدى تاوان و حه‌ماقه‌ته‌كانیان بووین .  به‌ڵام ئه‌وه‌ى قورسه‌و كارى جدى و هه‌وڵ و تێكۆشانى هه‌موو لایه‌كى ناوخۆ وده‌ره‌كى گه‌ره‌كه‌ ئه‌و بیرو مێشك و هزرو بۆچوونان كه‌ هه‌ڵگرى بیرى توند ئاژۆیى ئه‌و زه‌مینه‌ له‌ بارو به‌ پیته‌ن كه‌ تووندڕه‌وى به‌رهه‌م دێنن چۆن  و به‌چى ڕیگایه‌ك  به‌ریان لێده‌گیرێت ؟
نابێت ئه‌وه‌شمان له‌ بیر بچێت ئه‌مڕۆ داعش هه‌ر له‌ عێراق و سوریا خاوه‌نى پێگه‌و گۆڕه‌پانى ململانى َ نه‌بووه‌ به‌ڵكو هه‌ر له‌ باكورى ئه‌فریقیا له‌ میسره‌و تاوه‌كو مۆریتانیا بوونى هه‌یه‌ جگه‌ له‌ بوونى باڵێكى به‌هێز له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ئاسیا به‌ تایبه‌تى له‌ فلیپین و هه‌روه‌ها  جگه‌ له‌وه‌ى كه‌ شانه‌ى تریان له‌ ئه‌وروپا و ئه‌مریكا و ڕوسیا هه‌یه‌ .
چاره‌نووسى  چه‌كداره‌ تیرۆریسته‌كانى داعش
ئه‌وه‌ى جێگه‌ى ترسى زۆرێك له‌ وڵاتانه‌ چاره‌نووسى چه‌كداره‌كانى ده‌وڵه‌تى ئیسلامیه‌ له‌ دواى هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى ده‌وڵه‌ته‌كه‌یان چونكه‌ ئه‌و چه‌كدارانه‌ له‌زۆر كونج و كه‌له‌به‌رى  دنیاوه‌ كۆببوونه‌وه‌ هاتبوونه‌ عێراق و شام ئێستا مه‌ترسى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ و پێشبینى ئه‌وه‌ ده‌كرێت ئه‌وانه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ وڵاته‌كانى پێشووى خۆیان و له‌وێ ده‌ست بكه‌نه‌وه‌ به‌ كارو چالاكى تیرۆریستى هه‌روه‌كو پێشتر له‌ زۆر جێگه‌دا باسى كراوه‌  كه‌ سه‌دان له‌وانه‌ خاوه‌نى ناسنامه‌ى ئه‌وروپى و به‌ تایبه‌تى فه‌ره‌نسى بوو ن.
پێویسته‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش بكه‌ین هه‌ندێك له‌ شاره‌زایان و لێكۆڵه‌رانى بیرى تووندڕه‌وى باسى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ هه‌ندێك له‌و چه‌كدارانه‌ پووچه‌ڵى ئه‌و بیرو بۆچوونانه‌یان بۆ ده‌ركه‌وتووه‌ ده‌كرێت ڕابهێنرێنه‌وه‌ بۆ كارى ئاسایى ژیانى تایبه‌تى خۆیان .
عێراقى دواى داعش 
ئه‌وه‌ى جێگه‌ى نیگه‌رانى و بگره‌ سه‌رسووڕمانیشه‌ هه‌ڵوێستى حكومه‌تى عێراقه‌ بۆ ناوچه‌ ئازاداكراوه‌كان له‌ ده‌ستى داعش و هه‌موو عێراقیش چونكه‌ هیچ پلان و به‌رنامه‌یه‌كى ڕاگه‌یه‌نراو یان ئاماده‌كراوى نیه‌ بۆیان به‌ڵكو ئه‌وه‌  وڵاتانى ئیقلیمى و دراوسێ ى عێراقن زیاتر چاویان له‌و ناوچانه‌یه‌و له‌ هه‌وڵى پڕكردنه‌وه‌ى بۆشایى دواى نه‌مانى داعشن .
له‌ هه‌مانكاتدا ئه‌وه‌ى شایانى هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ركردنه‌ ئه‌وه‌یه‌  زۆرێك له‌ چاودێرانیش له‌سه‌رى هاوڕان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ململانێ  ئتنیكى و تائیفیه‌كانى ناوچه‌كه‌ ئێستا له‌ ساڵى 2014  ى كاتى سه‌رهه‌ڵدانى داعش زیاتر له‌ بره‌و گه‌شه‌دان بۆیه‌ به‌ دوورى نازانن كه‌ ململانێ له‌ سه‌ر ده‌ستكه‌وته‌كان له‌ نێوان وڵاتانى ئیقلیمى ببێته‌ فاكته‌رێك بۆ دووركه‌وتنه‌و له‌ شه‌ڕى تیرۆر و داعش .
هه‌روه‌كو دیاره‌  ئه‌و وڵاتانه‌ى له‌ سه‌ر گۆڕه‌پانى عێراق و شام ڕۆڵ و كاریگه‌رییان هه‌یه‌ له‌ هه‌وڵى ئه‌وه‌دان كه‌ فراوانترین ڕووبه‌رى خاكى ئازادكراو له‌ ده‌ستى داعش  بخه‌نه‌ بنده‌ستى خۆیان بۆ نمونه‌ ئێران عێراق وه‌كو باخچه‌یه‌كى پشته‌وه‌ى ماڵه‌كه‌ى خۆى ده‌بینێت و توركیا چاوى له‌ ولایه‌تى موسڵه‌و به‌ تایبه‌تى هه‌رێمى كوردستان و ئه‌مریكاش له‌ هه‌وڵى كه‌مكردنه‌وه‌ و دانانى سنووره‌ بۆ هه‌ژموون و ده‌ستێوه‌ردانى ئێرانه‌ له‌ عێراق و سوریا بۆیه‌ ورده‌ ورده‌ ململانێكان زیاتر ده‌رده‌كه‌ون ئه‌گه‌ر جاران له‌ ژێر په‌رده‌ى شه‌ڕى تیرۆر و داعشدا شاراوه‌ بوون .
ماوه‌ته‌وه‌ بڵێین كوردیش ئێستا كه‌ به‌ ماڵێكى شێواو قه‌یرانگه‌لێكى جدى و نیگه‌رانى  كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى له‌ سست بوون وپه‌ككه‌وتنى پرۆسه‌ى دیموكراسى له‌ هه‌رێمه‌كه‌دا چاوى له‌ دیاریكردنى چاره‌نووسى خۆیه‌تى وه‌كو لایه‌كى براوه‌ و به‌شداربوویه‌كى جه‌نگى تیرۆر به‌ته‌ماى غه‌نیمه‌و ده‌ستكه‌وتى ئه‌و جه‌نگه‌یه‌ كه‌ به‌شداربوویه‌كى كاراو كاریگه‌ربوو له‌ سێ ساڵى ڕابردووداو قوربانى گه‌وره‌و زه‌به‌لاحى بۆبه‌خشى .
شیعه‌ش وه‌كو پێكهاته‌یه‌كى سه‌رده‌سته‌ و براوه‌ى شه‌ڕه‌كه‌ ئێستا خۆى به‌ سه‌ركه‌وتوو ده‌ژمێرێ و خوازیارى عێراقێكى سنتراڵ و به‌ هێزه‌ به‌ هه‌مان ڕیتمى پێشوو ده‌ڕوات و به‌ تایبه‌تى كه‌ ئێستا خاوه‌نى هێزى تائیفى حشدى شه‌عبیه‌ خۆیه‌تى .
سوونه‌ش له‌ دۆخێكدایه‌ كه‌ ئیره‌یى پێ نابرێت چاوه‌ڕوانى مه‌رحه‌مه‌تى ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانێتى كه‌ به‌ هانایانه‌وه‌ بێنه‌وه‌ پێگه‌و جێگه‌ى له‌ ده‌ستچوویان بۆ بگێڕنه‌وه‌ .
‌‌ زیاتر ...
د.به‌ختیارشاوه‌یس