بیروڕا
عێراق له‌ پێشوازى هه‌ردوو سه‌رۆكى كۆمارو وه‌زیرانى نوێدا
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
دواجار له‌ دواى نزیكه‌ى پێنج مانگ له‌ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى گشتى  عێراق له‌  ڕۆژى   12 /5/2018 ه‌وه‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق شه‌وى 2تشرینى یه‌كه‌م 2018 توانى  دكتۆر به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵه‌ح به‌سه‌رۆك كۆمارى عێراق هه‌ڵبژێرێت دواى ئه‌وه‌ى لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانى هه‌رێم نه‌یانتوانى بسازێن له‌ سه‌ر كاندیدێكى هاوبه‌ش كه‌ ئه‌مه‌ش باس و خواستێكى درێژه‌ له‌وه‌یه‌ لێره‌دا به‌ باشى نه‌زانم بچمه‌ ناو درێژیه‌كه‌وه‌ .
هه‌ر هه‌مان شه‌و سه‌رۆكى نوێ دواى ئه‌وه‌ى سوێندى یاسایی خوارد له‌ به‌رده‌م سه‌رۆكى دادگاى فیدراڵى عێراقدا ئه‌ویش دكتۆر عادل عه‌بدولمهدى كه‌سایه‌تى بێلایه‌ن له‌ ئێستادا هه‌رچه‌نده‌ له‌ ڕابردوودا یه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌ دیاره‌كانى ئۆپۆزه‌سیۆنى عێراق بوو  ڕاسپارد بۆ ئه‌وه‌ى له‌ ماوه‌ى مانگێكدا كابینه‌ى نوێ ى حكومه‌تى عێراق پێكبهێنێت .
تائێره‌ ئاساییه‌ ئه‌گه‌رچى ئه‌م دوو كه‌سایه‌تیه‌ سیاسیه‌ دوو كاراكته‌رى كۆنى  گۆڕه‌پانى سیاسى عێراق بوون به‌تایبه‌تى له‌ دواى ڕوخانى ڕژێمى سه‌دام له‌ ساڵى 2003 به‌ڵام له‌ چه‌ند ساڵى له‌ ڕابردوودا له‌سه‌رشانۆى ڕووداوه‌كان نه‌بوون ئه‌وه‌ى ئه‌م دوو كه‌سایه‌تیه‌ له‌سیاسیه‌كانى ترى عێراق جودا ده‌كاته‌وه‌ ئه‌مان خوێندن و په‌روه‌رده‌یان له‌ ده‌ره‌وه‌ى عێراق و له‌ فه‌ره‌نساو به‌ریتانیا بووه‌و به‌ بیرو بۆچوونى دیموكراسى و كراوه‌ ناسراون و دوورن له‌ توندڕه‌وى نه‌ته‌وه‌یى و تائیفى و به‌یه‌ك مه‌ودا له‌ هه‌موو پێكهاته‌كانى عێراق ده‌روانن و كه‌س هیچ هه‌ستیارى و نیگه‌رانیه‌كى دیارى به‌رامبه‌ریان نیه‌ بۆیه‌ به‌ كاندیدى كۆ یان هه‌مووان ناو ده‌برێن و خه‌ڵكى عێراقیش به‌ هیواو ئومێدێكى گه‌وره‌وه‌ لێیان ده‌ڕوانێت به‌و هیوایه‌ى بتوانن چاره‌سه‌رێك بۆ ده‌رده‌ بێده‌رمانه‌كانى تائێستاى عێراق بدۆزنه‌وه‌ ئه‌م دكتۆرانه‌ .
ئه‌م دووانه‌ له‌ دوو بنه‌ماڵه‌ى ئه‌رستۆكراتى كوردو عه‌ره‌به‌وه‌ هاتوون دكتۆر عادل كوڕى وه‌زێرێكى پێشووى عێراقه‌و په‌روه‌رده‌ى گه‌ڕه‌كى كه‌ڕاده‌ى به‌غداده‌ و دكتور به‌رهه‌میش كوڕى  دادوه‌رێكى كورده‌  له‌ گه‌ڕه‌كى عه‌قارى شارى سلێمانى .
ئه‌وه‌ى ئه‌مجاره‌ مه‌ترسى لێده‌كرا ململانێ ى  توندو پڕ له‌ گێره‌و كێشمه‌ى شیعه‌كان بوو  بۆ دروستكردنى گه‌وره‌ترین قه‌واره‌و فراكسیۆن له‌ ناو په‌رله‌مانى عێراقدا  بۆ ئه‌وه‌ى ڕابسپێرێت بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێ به‌ڵام ئه‌مجاره‌ به‌ پێچه‌وانه‌ى جارانى پێشوو پێش ئه‌وه‌ى قه‌واره‌و فراكسیۆنى گه‌وره‌ ڕبگه‌یه‌نرێت كاندیدێكى بێلایه‌ن ڕاسپێرا بۆ ئه‌وه‌ى كابینه‌ى نوێ پێكبهێنێت له‌ ماوه‌ى ده‌ستوورى دیاریكراودا هه‌رچه‌نده‌ ئه‌حمه‌د ئه‌سه‌دى وته‌بێژى لیستى فه‌تح له‌ پرێس كۆنفرانسێكى كورتداله‌ دواى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆمار ڕایگه‌یاند كه‌ قه‌واره‌ى گه‌وره‌ یه‌كلایى كراوه‌ته‌وه‌ به‌ڵام هیچ به‌ڵگه‌یه‌كى ئاشكرا نیه‌  ئه‌وه‌ بسه‌لمێنێت .
ئه‌رك و ئالنگارییه‌كانى پێش ئه‌م دووانه‌
هه‌رچه‌نده‌ حكومه‌ته‌كه‌ى عه‌بادى بارێكى قورسى  بۆ ئه‌م حكومه‌ته‌ى  عه‌بدولمه‌هدى جێهێشتووه‌  چ له‌ قه‌یرانو ململانێكانى نێوان هه‌رێم و به‌غداد و ئاوه‌دان كردنه‌وه‌و بنیاتنانه‌وه‌ى ناوچه‌ وێرانبووه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى داعش و كێشه‌و داخوازییه‌كانى خه‌ڵكى به‌سره‌و هه‌موو عێراق بۆ خزمه‌تگوزارى پێویست و خێرا له‌ ئاوى خواردنه‌وه‌و كاره‌باو....تد جگه‌ له‌ قه‌یرانى ئاو و وشك بوونى ڕووباره‌كانى عێراق له‌ لایه‌ن وڵاتانى دراوسێه‌وه‌ كه‌ ئه‌مانه‌ هه‌موو شه‌ڕى قورسن و  بۆ ئه‌م كابینه‌ نوێیه‌ به‌ جێماون , ئه‌گه‌رچى  ئه‌م دووانه‌ به‌ كاندیدى سازان و هه‌ماهه‌نگى هه‌ردوو دوژمنى باوك كووشته‌ى یه‌كتر  ئێران و ئه‌مریكا ناسراون به‌ڵام  له‌ پێگه‌یه‌كدا نین ئیره‌ییان پێ ببرێت به‌ هۆى هه‌موو ئه‌و قه‌یران و كێشانه‌وه‌ كه‌ له‌ ڕابردوودا عێراق دووچاریان بووه‌ به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتیشدا پشتیوانى ئه‌مریكاو ئێرانیش سه‌رمایه‌یه‌كى گه‌وره‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن له‌ ماوه‌یه‌كى كورتدا هه‌نگاوى پێویست هه‌ڵبگرن .
  هه‌روه‌ها ململانێكانى ئه‌و دوو وڵاته‌ش پێویستى به‌ كه‌ناڵێك هه‌یه‌بۆ ئه‌وه‌ى له‌ كاتى پێویستدا بتوانن به‌كارى بهێنن بۆ گه‌یاندنى مه‌سجه‌كانیان ئه‌و كه‌ناڵه‌ش ده‌كرێت سه‌رۆكایه‌تى كۆمارى عێراق و به‌رهه‌م ساڵه‌ح بێت كه‌ خاوه‌نى په‌یوه‌ندى هاوسه‌نگه‌ له‌ گه‌ڵ هه‌ردوو لاى هاوكێشه‌كه‌ ,   ئه‌وه‌شمان له‌ بیر نه‌چێت هه‌ردووكیان خاوه‌نى توانا پسپۆڕى باشن له‌ بوارى ئابوورى و كارگێڕى دا   .

‌‌ زیاتر ...
شادمان مەلا حەسەن
سەعدی ئەحمەد پیرە
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ