بیروڕا
ته‌پڵى شه‌ڕ
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
له‌ مانگى ته‌موزى ئه‌مساڵ 2017 بابه‌تێكم نووسى و بڵاوكرایه‌وه‌ له‌ژێر ناونیشانى  ڕۆژهه‌ڵاتى ناوین له‌ سه‌ر ده‌ریایه‌ك له‌ ئاگر كه‌ باسم له‌ پێشبڕكێ و خۆ پڕچه‌ككردنى  وڵاتانى ناوچه‌كه‌ كردبوو ,ئه‌وكات  پرسی بووم كه‌ ئه‌م هه‌موو چه‌كانه‌ بۆ چیه‌ ؟ 
ڕاسته‌ ئه‌م چه‌كانه‌ بۆ جوانى و نمایشكردن نین به‌ڵكو بۆ قووڵكردنه‌وه‌ى ململانێ ئتنیكى و ئاینزاییه‌كانى ناوچه‌كه‌یه‌ و بۆ چه‌سپاندنى هه‌ژموونى زلهێزه‌كانه‌ به‌سه‌ر سه‌رچاوه‌كانى وزه‌دا و بۆ پاراستنى سنووره‌ كۆنه‌كانه‌ و سه‌ركوتكردنى هه‌موو بزوتنه‌وه‌ ئازدیخوازو ده‌نگه‌ ناڕازییه‌كانى ناوچه‌كه‌یه‌و ڕاستر ده‌توانم بڵێم ده‌نگى ته‌پڵ و كه‌ڕه‌ناى جه‌نگ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناویندا ده‌گاته‌ كه‌شكه‌ڵانى فه‌له‌ك مه‌گه‌ر كه‌ڕ بن ئه‌وانه‌ى نه‌یبیستن له‌گه‌ڵ ڕێزم بۆ هه‌موو كه‌ڕه‌كان  .
ئه‌گه‌ر زیاتر وردبینه‌وه‌ له‌ ڕوداوه‌كانى ناوچه‌ كه‌ له‌ پێشهات و پێدراوه‌كان سه‌ره‌تاى ململانێیه‌كى خوێناوى قورس له‌ ئاسۆه‌وه‌ دیاره‌ له‌ هه‌مووى دیارتر و قه‌به‌تر و سه‌رنجڕاكێشتر ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ى سه‌عده‌دین حه‌ریرى سه‌رۆك وه‌زیرانى لوبنان له‌ ریازى پایته‌ختى عه‌ره‌بستانى سعودیه‌وه‌  كه‌ پێشتر باوكیشى سه‌رۆكوه‌زیرانى لوبنان بوو له‌ ساڵى 2005 تیرۆر كرا به‌ ڕۆژى ڕووناك  بوو به‌ قوربانى ململانێكانى ناوچه‌كه‌ وادیاره‌ ئه‌میش ده‌ترسێت ببێت به‌ قوربانى هه‌مان ئاریشه‌ كه‌له‌ وتارى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌یدا به‌ ڕوونى ئاماژه‌ى پێداوه‌ .
 ئه‌گه‌ر كه‌مێك بۆ پێشتریش بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ئابڵووقه‌ى ئابوورى و گه‌مارۆى ده‌وڵه‌تى قه‌ته‌ر له‌ لایه‌ن هه‌ندێك له‌ وڵاتانى كه‌نداو و میسره‌وه‌ به‌ بیانوو پاساوى هاوكارى تیرۆر له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌موو ئه‌وانه‌ ڕێ خۆشكردنن بۆ كردنه‌وه‌ى به‌ره‌ى جه‌نگ و گۆڕه‌پانى ململانێ ى زیاتر له‌ ناوچه‌كه‌دا .
به‌ڵى هه‌ر له‌ دواى ئه‌م ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى سه‌رۆك وه‌زیرانى ده‌وڵه‌تى لوبنان بزوتنه‌وه‌ى ئه‌نساروڵاى یه‌مه‌ن واته‌ حوسیه‌كان به‌ ڕۆكێتێكى بالیستى پێشكه‌وتوو فڕۆكه‌خانه‌ى مه‌لیك خالید له‌ باكوورى ریازى پایته‌ختى عه‌ره‌بستانى سعوودیه‌ ده‌كه‌نه‌ ئامانج كه‌ ئه‌مه‌ پێشووه‌ چوونێكى مه‌ترسیدارى شه‌ڕى یه‌مه‌نه‌ و بێگومان گرژى و ململانێكانى ناوچه‌كه‌ به‌ره‌و ئاڕاسته‌یه‌كى قورسترو توندتر ده‌بات .
مه‌به‌ست چیه‌ له‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى حه‌ریرى ؟
هه‌موو ئاماژه‌كان بۆ ئه‌وه‌ ده‌ڕۆن كه‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى سه‌عد حه‌ریرى هه‌نگاوى یه‌كه‌مه‌ بۆ گواستنه‌وه‌ى شه‌ڕو ململانێ له‌ سوریاوه‌ بۆ لولبنان و له‌ هه‌مانكاتدا ناچاركردنى حزبوڵایه‌ بۆ كێشانه‌وه‌ى به‌شێك له‌ هێزه‌كانى ئه‌گه‌ر هه‌مووشى نه‌بێت له‌ سوریاوه‌ بۆ لوبنان كه‌ ئه‌مه‌ش كردنه‌وه‌ی به‌ره‌یه‌كى ترى شه‌ڕه‌ دژى ئێران له‌ لایه‌ن عه‌ره‌بستانى سعودیه‌وه‌ و دواى ئه‌وه‌ى سعودیه‌كان شكستیان هێنا له‌ ڕووخانى ڕژێمى به‌شار ئه‌سه‌د و له‌ هه‌مانكاتدا ڕاكێشانى ئیسرائیله‌ به‌ شێوه‌یه‌كى ڕاسته‌وخۆ بۆ ئه‌و شه‌ڕه‌ له‌ لوبنان چونكه‌ ئیسرائیلیش ئێران و حزبوڵا به‌ مه‌ترسى گه‌وره‌ بۆ سه‌ر ئاسایشى خۆى ده‌زانێت چونكه‌ ئێستا ئه‌و حزبه‌ خاوه‌نى گه‌نجینه‌یه‌كى زۆر ى مووشه‌كى ئێرانیه‌  و به‌ تایبه‌تى له‌ شه‌ڕى ساڵى 2006 نێوان ئیسرائیل و حزبوڵادا سه‌ره‌تاكانى ده‌ركه‌وت .
ئێستاش له‌ دواى ته‌واو بووى هیلالى شیعى له‌ تارانه‌ و ه‌ بۆ عێراق و سوریا و لوبنان ئێرانیه‌كان به‌ ئاسانى تواناى جموجوڵى سه‌ربازى و كۆمه‌ك گه‌یاندنیان هه‌یه‌ بۆ هێزه‌كانى حزبوڵاى لوبنانى حه‌سه‌ن نه‌سروڵا ,ئیسرائیلى و ئه‌مریكیه‌كانیش هه‌ستیان به‌و مه‌ترسیه‌ كردووه‌و ناتوانن له‌وه‌ زیاتر له‌ ئاست پێشڕه‌وییه‌كانى كۆمارى ئیسلامى ئێران بێده‌نگ ببن وهه‌روه‌ها هۆشدارى وڵاتانى كه‌نداو وڵاتانى تریش بۆ هاوڵاتیه‌كانیان له‌ چه‌ند ڕۆژى ڕابردوودا كه‌ لوبنان جێبهێڵن هه‌موو ئاماژه‌و سه‌ره‌تان بۆ شه‌ڕێكى چاوه‌ڕوان كراو .
جگه‌ له‌وانه‌ش  عه‌ره‌بستانى سعودیه‌ ده‌خوازێت سیستمێكى نوێ ى ئیقلیمى دروست بكات  له‌ ناوچه‌كه‌دا و به‌ره‌یه‌كى تر له‌ گه‌ڵ ئێراندا بكاته‌وه‌ ئه‌ویش وه‌كو ئیسرائیلیه‌كان ده‌ڵێن  ده‌خوازن ئه‌م شه‌ڕه‌ ئیسرائیل له‌ جیاتى ئه‌وان بیكات به‌ پشتیوانى وڵاتانى كه‌نداو و تیشكى سه‌وزى ئه‌مریكى .
عه‌ره‌بستانى سعودیه‌ده‌ڵێت ده‌بێت ده‌ستى ئێران له‌م ناوچه‌ ببڕین به‌ڵام له‌ماوه‌ى ڕابردودا وا دووساڵ زیاترله‌ یه‌مه‌ن هاوپه‌یمانى عه‌ره‌بى شه‌ڕى حوسیه‌كان ده‌كات كه‌چى ئێستا به‌ هێزتربوون وه‌كو پێشتر ئاماژه‌م پێدا له‌ چه‌ند ڕۆژى ڕابردوودا ڕۆكێتى 1000 كم یان نا به‌ ریازه‌وه‌ , له‌لایه‌كى تره‌وه‌ پێنج مانگه‌ گه‌مارۆى قه‌تاریان داوه‌ له‌ ڕووى ئابوورییه‌ كه‌چى هیچ ئامانجێكیان نه‌پێكاوه‌ هێشتا و هه‌ڵوێستى قه‌ته‌ر قایمتر بووه‌ سۆزى كۆمه‌ڵگاى نێو ده‌وڵه‌تیشى ڕاكێشاوه‌ .
سه‌ره‌ڕاى ئه‌مانه‌ش جێنیشینى پادشاى سعودیه‌ به‌ره‌یه‌كى ترى كردۆته‌وه‌ دژ به‌ ئه‌ندامانى بنه‌ماڵه‌كه‌ى خۆى به‌پاساوى تێوه‌گلان به‌ گه‌نده‌ڵى به‌ڵام سه‌رچاوه‌كانى هه‌واڵ پێچه‌وانه‌كه‌ى ده‌ڵێن كه‌ ئه‌مانه‌ ڕكابه‌ره‌كانى ئه‌ون له‌ نێو بنه‌ماڵه‌ى پاشایه‌تى كه‌ جاری یه‌كه‌مه‌ ده‌سته‌ڵات له‌و بنه‌ماڵه‌ له‌ كوڕه‌زاكانى مه‌لیك سعوده‌وه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ نه‌وه‌كانیان .
‌‌ زیاتر ...
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
سه‌ربه‌ست جیهاد
د.به‌ختیارشاوه‌یس
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
نەوزادی موهەندیس