بیروڕا
خورماتوو برینێكى ترى به‌سوێ
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
یه‌كه‌م جارو دواجار نابێت  كاره‌سات و جینۆساید و ئه‌نفال و قڕكردن ببێته‌ دیارى بۆ خه‌ڵكى كوردستان به‌ پاساوى تیرۆریست و ئاژاوه‌گێڕى و جووداخوازى له‌لایه‌ن  وڵاتان و میلله‌تانى دراوسێ ى كورده‌وه‌ له‌ كاتێكدا له‌ مێژووى دوورنزیكى كوردا هه‌ر له‌ حاڵه‌تى به‌رگریدا بووه‌وله‌سه‌رخاك وماڵى خۆى .
ئه‌گه‌رچى من چاوه‌ڕوان نه‌بووم دواى جینۆسایدى ئه‌نفال و كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌و تێكدان و خاپووركردن هه‌زاران گوندو سه‌دان شارۆچكه‌ و دواى پرۆسه‌ى ئازادى عێراق و و حوكمڕانى كورد له‌ هه‌رێمى كوردستان  , كورد جارێكیتر به‌رشاڵاوى دڕاندانه‌ى وه‌كو شه‌نگال و خورماتوو بكه‌وێت , وام ده‌زانى ئیتر نه‌وه‌كانمان هه‌ر له‌ لاپه‌ڕه‌كانى مێژوودا ئاشناى ئه‌و كاره‌ساته‌ جه‌رگبڕانه‌ ده‌بنه‌وه‌ .
ئه‌وه‌ى له‌ خورماتوو ڕوویدا زۆر كاره‌ساتێكى  شه‌رم هاوه‌رو برینێكى به‌سوێ بوو   هه‌ر له‌ كووشتن و بڕین و تاڵان و دستدرێژى  بۆ سه‌ر شه‌رف و نامووسى خه‌ڵكى بێتاوان و سڤیل و ڕاكێشان و شێواندنى ته‌رمى قوربانیه‌كان و سووتاندنى ماڵو حاڵى خه‌ڵك و ده‌ربه‌ده‌ركردنیان و زۆر شتى تر و تاوان وگه‌وره‌ كه‌ده‌چنه‌ خانه‌ى تاوانى جه‌نگه‌وه‌و گه‌لێك چیرۆكى سامناك كه‌حه‌زناكه‌م لێره‌دا باسیان بكه‌م .
هه‌موو ئه‌وانه‌ له‌ كاتێكدا ڕووده‌ده‌ن كه‌ عێراق خاوه‌نى ده‌ستووروپه‌رله‌مان  و حكومه‌تو یاساو دادگا و پۆلیسى ئیتیحادى و سوپایه‌ له‌ هه‌رێمیش به‌ هه‌مان شێوه‌ خورماتوو نه‌ هێڵى پێشه‌وه‌ى جه‌نگه‌ ونه‌وڵاتێكى داگیركراو به‌ڵكو خه‌ڵكه‌كه‌ى به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانیه‌وه‌ ساڵانێكى دوورو درێژه‌ به‌ بێ كێشه‌ به‌یه‌كه‌و ژیاون ده‌كرێت بپرسین خێره‌ له‌م ساڵانه‌ى دواییدا و له‌ عێراقى به‌ناو نوێدا هه‌موو ئه‌و تاوانانانه‌ ئه‌نجام بدرێت  ؟
ئه‌مجاره‌ خورماتوو به‌ر شاڵاوێك كه‌وت كه‌ هاوپه‌یمانو هاوسه‌نگه‌ره‌كانى كورد سه‌ركردایه‌تى ده‌كه‌ن كه‌ له‌ ڕابردوودازۆرێك له‌وانه‌ له‌ڕیزه‌كانى ئۆپۆزه‌سیۆنى عێراقدا بوون له‌ كوردستاندا چالاكى  سیاسى و سه‌ربازییه‌كانى خۆیان ئه‌نجامداوه‌ و  پێكه‌وه‌ ده‌ستوورى عێراق و زۆر ده‌ستكه‌وتى تریان تۆماركرد بۆیه‌ ئازاره‌كه‌ى به‌ سوێتر و نیگه‌رانیه‌كه‌ى گه‌لێك قورستره‌ .
به‌ڵێ خورماتوو ئه‌و شارۆچكه‌یه‌ى كه‌ له‌ مێژووى نزیك و شۆڕشه‌كانى كوردستاندا پێگه‌و ڕێگه‌ى گرنگ و دیارى هه‌بووه‌ قوربانییه‌كانى ئه‌وان هه‌میشه‌ لاپه‌ڕه‌یه‌كى پرشنگدار و داستانى قاره‌مانێتى و به‌رخۆدان و گیانبازى گه‌وره‌ن كه‌ ناكرێت له‌ وتارێكى وا كورتدا من هه‌موویان به‌یان بكه‌م .
خورماتوو ئه‌و شاره‌ كاره‌ساتباره‌ى قوربانى ده‌ستى لاوازى یاساو داموده‌زگاكانى ده‌وڵه‌ته‌ ئه‌گه‌ر له‌ پێشوودا هه‌ربه‌هه‌مان هۆكار چه‌ند كێشه‌و ململانێیه‌كى ئتنیكى و تائیفى سه‌رى هه‌ڵدابێت دواتر ته‌شه‌نه‌ى كرد بێت  له‌ نێوان پێكاهاته‌كانى دا به‌ تایبه‌تى كوردو توركمان به‌ هه‌ردوو ئاینزاى شیعه‌و سوونه‌وه‌ ڕێ ى بۆ ئه‌و تاوانانه‌ خۆشكردبێت ئۆباڵ به‌رپرسیارێتیه‌كى  ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر كاربه‌ده‌ستانى هه‌ردوو حكومه‌تى ناوه‌ند و هه‌رێم به‌ڵام به‌ پله‌ى جیاواز و ده‌كرێت كۆمیته‌یه‌كى لێكۆڵینه‌وه‌ى بێلایه‌نى بۆ پێكبهێنرێت به‌هاوبه‌شى یونامى واته‌ نه‌توه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق بۆ ئه‌وه‌ى له‌ ڕێگه‌ى یاساوه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت .
هه‌موو ئه‌مانه‌ ڕوویداوه‌ دكتۆر حه‌یده‌ر عه‌بادیش سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى حكومه‌تى ئیتیحادى عێَراق له‌ پرێس كۆنفرانسى هه‌فتانه‌ى خۆیدا ئاماژه‌ى بۆ كاره‌ساته‌كانى خورماتوو كرد و وتى پێشێلكارى ڕوویداوه‌ و كاردانه‌وه‌ بووه‌ , ڕاسته‌ وته‌كانى ئه‌و به‌ڵام ئه‌وه‌ كارو ئه‌ركى حكومه‌ته‌ ڕێگرى بكات له‌ كاردانه‌وه‌و و یاسا جێ به‌ جێ بكات و تاوانبان و ده‌ستدرێژكاران بۆ سه‌ر خه‌ڵكى سڤیل بێتاوان بپارێزێت وده‌ستگیریان بكات و  پێشبگرێت له‌ تاوان و بێحورمه‌تى به‌ خه‌ڵكى ئه‌و شاره‌ له‌لایه‌ن هه‌رتاقم گروپێكه‌وه‌ بێت .
له‌ ئێستادا خه‌ڵكى خورماتوو به‌ تایبه‌تى پێكهاته‌ى كورد ده‌ربه‌ده‌رى ده‌شت وده‌ر بوون ئه‌و شاره‌ ئازارى زۆرى  پێگه‌یشتووه‌ و حكومه‌تى عێراق و ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران و هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسى و مه‌رجه‌عه‌ ئاینیه‌كانى عێراق باس له‌ ده‌ستوورو یه‌كپارچه‌یى خاكى عێراق ده‌كه‌ن له‌ كاتێكدا خورماتوو له‌ ئاوا بارودۆخێكدایه‌ كه‌ نزیكترن شوێنى ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانه‌ له‌ به‌غداى پایته‌خته‌وه‌ ئایا ئه‌وان چ چاره‌سه‌رو ده‌سته‌ڵاتێكى ده‌ستوورى عێراقیان به‌كار هێناوه‌ بۆ ئاسایى كردنه‌وه‌ى دۆخى ئه‌و شاره‌ تێكۆشه‌رو خۆشه‌ویسته‌ ؟
یان یه‌كپارچه‌یى و پێكه‌وژیان و ده‌ستوور و یاساو مافى مرۆڤ و یه‌كسانى هه‌ر وشه‌ى بریقه‌دارو دروشمن بۆ كاتى هه‌ڵبژاردنه‌كان و سه‌پاندنى هێزوو هه‌ژموون به‌ ئاگرو ئاسن  كه‌ره‌سه‌ى ئاسان و خۆشده‌سن بۆ كۆتایى هێنان به‌ ناكۆكییه‌كان ؟
‌‌ زیاتر ...
نەوزادی موهەندیس
ئاراز ڕەمەزان
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ