بیروڕا
کورد لە بەغدا
سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌
پرسی زمانی کوردی لەبەغدا یان لەعیراق بەگشتیی باسێکی ئاڵۆزە، وردەکاریی‌و قسەی زۆر ھەڵدەگرێت، سەبارەت بەجێبەجێکردنی دەستووری عیراق لە پرسی زمانی کوردی‌و وانەی کوردی لەخوێندنگەکانی عیراق بەگشتیی کێشەیەکی گەورە ھەیە، ئەوەی دەبینرێت لەماوەی ١٢ ساڵی دوای پەسەندکردنی دەستووری ھەمیشەیی، بەغدا نەیویستووە ئەو ماددەیە جێبەجێ بکات، ھەوڵینەداوە رێوشوێنەکانی دابینکردنی مامۆستاو پێویستییەکانی خوێندنی وانەی زمانی کوردی لەخوێندنگەکانی عیراق جێبەجێ ببێت، بەپێی دەستووری عیراق، زمانی کوردی ھاوشانی زمانی عەرەبی زمانی رەسمییەو پێویستە لەپاڵ زمانی عەرەبیدا لە سەرەتاییەوە تا پۆلی ١٢ بخوێندرێت، بەڵام دەبینین وەکو ماددەی خوێندن زمانی کوردی لە لیستی وانەکانی خوێندندا ھەیە، کەچی تەنھا لە(١٠ و ١١) یان ٤ و ٥ی ئامادەیی زۆر سنووردار دەخوێندرێت‌و ھەفتەی تەنھا دوو سەعات دانراوەو لەوانەکانی کۆتاییدا کە زۆربەی جارەکان ناخوێندرێت، بەھۆی دابین نەکردنی مامۆستاو خۆدزینەوە لەدامەزراندن‌و ھۆکاری دیکەوە.
لە ٥٠٠ خوێندنگە
بەقسەی د. فەرھاد قادر پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عیراق، دامەزراندن بۆ مامۆستای کورد زۆر کەمبۆتەوە، «لە شارێکی وەک حللە لەکۆی ١٥٠٠ مامۆستای دامەزراو لە ٢٠١٧ کەمتر لە ٥٠ مامۆستا بۆ زمانی کوردی دامەزرێنراوە، بەڵکو پارێزگا ھەبووە تەنھا سێ مامۆستای زمانی کوردی لێ دامەزراوە» بەپێی زانیارییەکان، ھەروەک لەکۆی ٥٠٠ خوێندنگە لەشارێکی وەکو بەسرە تەنھا ٥ مامۆستای زمانی کوردی بۆ دامەزراوە.
سەرباری ئاستەنگەکانی بەردەم خوێندنی زمانی کوردی، دەبینین بۆ یەکەمجار بەشی کوردی لەسەر ئاستی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست‌و ھەر چوارپارچەی کوردستان، لەساڵی ١٩٥٩ کۆلێژی ئاداب لە زانکۆی بەغدا کراوەتەوە، کردنەوەی ئەو بەشە لەو کاتەدا، دەستکەوتێکی ئێجگار گەورەی نەتەوەیی بوو بۆ کورد، چونکە یەکەمجاربوو زمانی کوردی چووە ناو زانکۆو بووە بەشێک لەزانست‌و فێرکردن‌و پەرەپێدان.
سدیق عەقراوی یەکەم سەرۆکی بەشی کوردی بوو بە وەکالەت، دواتر پاکیزە رەفیق حلمی، لە ١٩٦٠ بەڕەسمی دەبێتە سەرۆکی بەشەکە، لەماوەی ٥٨ ساڵی رابردوودا، دەیان زانای زمانی کوردی لەو بەشە وانەیان وتۆتەوەو سەدان پسپۆڕی زمانی کوردی لەوێ پێگەیشتوون، ھەنگاوی یەکەمی پێشکەوتنی زمانی کوردی لەوێوە دەستیپێکرد، ئەوانەی لەوێ وانەیان وتۆتەوەو خزمەتیان کردووە، لەوانە: کەمال مەزھەر، مارف خەزنەدار، ئەوڕەحمانی حاجی مارف، عزەدین مستەفا رەسوڵ، وریا عومەر ئەمین.. تد کە ھەموویان زاناو پسپۆڕی مێژوو و زمان‌و ئەدەبی کوردی بوون.
ئەو بەشەی کۆلێژێک تەنھا بەشێک نەبووە بۆ فێربوونی زمانی کوردی، بەڵکو شوێنی کۆبوونەوەو دیداری چالاکوانانی سیاسی‌و رێکخستنی پارت‌و لایەنە سیاسییەکانی کورد بووە، شوێنی گفتوگۆی سیاسی‌و خەباتی نھێنی‌و تەنانەت بڵاوکردنەوەی بڵاوکراوە نھێنییە سیاسییەکانی شاخ بووە، تاکە بەشێک لەکۆی ھەموو کۆلێژو ناوەندەکانی خوێندن لەھەموو عیراق، ناوی کورد-ی بەسەرەوە بووەو جێی دڵخۆشی خوێندکارانی کورد بووە. جگە لەبەشی کوردی لەکۆلێژی پەروەردە، لەساڵی ٢٠٠٥ بەھاوکاریی سەرۆک مام جەلال بەشی کوردی لەکۆلێژی زمان لەزانکۆی بەغدا کرایەوە، ئەمەش دەستکەوتێکی زۆر گرنگ بوو بۆ کورد، بەتایبەت بۆ پەرەپێدان‌و گەشەکردنی زمانەکەی.
تەنھا سێ مامۆستا
د. فەرھاد قادر بۆخۆی پرۆفیسۆری یاریدەدەر بوو لە زمانی کوردی، ئەندامی پەرلەمانی عیراق بوو، زۆر بەتەنگ بەشی کوردی بوو لەزانکۆی بەغدا، بەقسەی ئەو، لەدوای ٢٠٠٣ وە ژمارەیەکی زۆر مامۆستاو پسپۆڕی زمانی کوردی بەھۆی رەوشی ئەمنی‌و ھۆکاری دیکە بەغدایان جێھێشت، بۆیە لەدوو ساڵی رابردوودا ھەردوو بەشەکە بەھۆی گرفتی جیاوازەوە ھەڵپەسێردران، بەڵام بۆ ئەمساڵ واتە ٢٠١٧-٢٠١٨ بەشی کوردی لەکۆلێژی پەروەردە خوێندکاری وەرگرتووەو بڕیارە بەشی کوردی لەکۆلێژی زمانیش لانیکەم بۆ ساڵی داھاتوو خوێندکار وەربگرێت.
ئەوانەی وەردەگیرێن
عەرەب‌و تورکمانن
لەبەشی زمانی کوردی لەکۆلێژی پەروەردە لەزانکۆی بەغدا، خوێندن بۆ ئەوانەیە کە بەزمانی کوردی قسە دەکەن‌و بۆ ئەوانەشە کە عەرەب یان تورکمانن‌و کوردی نازانن، زۆربەی ئەوانەی لەو بەشە دەردەچن بەتایبەت لەم ساڵانەی دواییدا بەھۆی کەمبوونەوەی خوێندکاری کورد، ئەوانەی وەردەگیرێن عەرەب‌و تورکمانن، کاتێکیش دەردەچن، ناتوانن بەکوردییەکی رەوان قسە بکەن، بەڵام تەنھا کێشەکە ئەوە نییە کە بەھۆی ئەوەی خوێندکارانی ئەو بەشە عەرەبن یان تورکمانن بۆیە ناتوانن بەکوردی رەوان قسە بکەن، بەڵکو کێشەیەکی دیکەی ئەو بەشە کە ئێستا سەرۆکەکەی عەرەبە، ئەوەیە زۆربەی مامۆستاکانی نەک کورد نین، بگرە پسپۆڕییەکەیان زمانی کوردی نییە، لەبەشی کوردی لەکۆلێژی زمان تەنھا سەرۆکی بەش پسپۆڕییەکەی زمانی کوردییە، لەبەشی کوردی لەکۆلێژی پەروەردە تەنھا سێ مامۆستا پسپۆڕییەکەیان کوردییە، ئەوانی دیکە پسپۆڕییەکەیان زمانی کوردی نییە.
بەشێک لەو گرفتانە راستەوخۆ پەیوەندیی بەحکومەتی عیراق‌و وەزارەتی خوێندنی باڵای عیراقەوە ھەیە، کە وەک پێویست گرنگی بەزمانی کوردی نادات، چونکە ناکرێت بەشی روسی لەکۆلێژی زمان لەزانکۆی بەغدا ٦٣ مامۆستای ھەبێت، کەچی بەشی کوردی یەک مامۆستای دەرچووی پسپۆڕی کوردی نەبێت!
بەشەکەی دیکەی گرفتی خراپی ھەردوو بەشی زمانی کوردی پەیوەندیی بەسەرکردایەتی کوردو بێئاگاییانەوە ھەیە کە لەگفتوگۆو قسەکردنیان لەگەڵ بەغدا ئەو گرفتە چارە ناکەن، بەتایبەت بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵای عیراق کوردەو پێویست بوو زۆرخێراتر ئەو کێشەیە چارەکرابا، بۆ نموونە رێوشوێنی پێویست‌و خێرا بگیرابایەبەر، لانیکەم بۆ دابینکردنی مامۆستای پسپۆڕ لەزمانی کوردی لە ھەرێمی کوردستانەوە بۆ بەغدا، چونکە دەیان‌و سەدان پسپۆڕی زمانی کوردی لەکوردستان پێویستیان بەدامەزراندن‌و دەرفەتی وانە وتنەوە ھەیەو پێویستە حکومەتی ھەرێم‌و بەغدا ئاسانکاری‌و ئیمتیازی زیاتریان پێبدەن، تا ببێتە ھاندەر بۆ ئەو پرسە، دەبینین باڵیۆزخانەی روسیا ھەموو ساڵێک ژمارەیەکی زۆر دەرچووی بەشی زمانی روسی بەگەشتی زانستی دەبەن بۆ روسیا، ھەم بۆ باشترکردنی زمانەکەیان، ھەمیش بۆ فێربوون‌و ئاشنابوونی کلتووریان، کەچی ئێمە لەھەرێمی کوردستانەوە ناتوانین ئەو ھەلە بڕەخسێنین تابتوانین لانیکەم بەشی کوردی لەزانکۆی بەغدا لەھەردوو کۆلێژی زمان‌و پەروەردە گەشە پێبدەین، یان لانیکەم رێبگرین لەداخستنیان.
خێزانی کورد
خێزانی کورد لەبەغدا لەژێر گوشارێکی ئێجگار بەھێزی توانەوەی کلتوورو نەریتی کوردەوارییە، واتە خێزانی کورد سەرباری ھەوڵدان بۆ پارێزگاریی کردن لەو کلتوورەی ھەیبووە، بەڵام ھێدی ھێدی تێکەڵ بەکلتووری عەرەبی‌و ئیسلامیی بووە، ھەر لە زمان-ەوە بگرە تا دەگاتە (ناو)ی منداڵ‌و جلوبەرگ‌و ھەڵسوکەوت‌و نەریتە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە.
بەقسەی بەشێک لە کوردانی بەغدا، لەناوەڕاستی حەفتاکاندا تا سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی رابردوو، کوردانی بەغدا ناوی کوردییان لە منداڵەکانیان دەنا، واتە زیاتر ٦٠% ی لەدایکبووانی ئەو سەردەمە ناوەکانیان کوردییە، وەکو (ئازاد، ھێرش، ھێمن، سەرکەوت، ئاریان.. تد)بەڵام ھێدی ھێدی کەمبۆتەوەو لەدوای ١٩٩٠ دەبینین زۆربەی لەدایکبووانی دواتر بووە بەناوی عەرەبی‌و تایفی، بۆ نموونە (حوسێن، حەسەن، موسا، ..تد) ئەمەش ھەمووی لەدەرەنجامی درێژەکێشانی سیاسەتی بەعەرەبکردن‌و لەناوبردنی کلتووری کوردی بووە.
ئەم توانەوەیە تەنھا ناوو زمانی نەگرتۆتەوە، بەڵکو سیماو جلوبەرگیشی گرتۆتەوە، بۆ نموونە ئەگەر بچیتە باشووری عیراق، بچیتە عەلی غەربی لە پارێزگای عەمارە، دەبینین شارێکی کوردییە کەچی دیشداشەیان لەبەرەو عیگاڵیان لەسەرە، بەعەرەبییش قسە دەکەن، بەڵام ھەر دەڵێن کوردین، ئەو ناوچەیە لەبنەڕەتدا کوردستانییە، کاتێک دەڵێین کوردستان تا عەلی غەربی‌و عەلی شەرقییە، ئەمە راستە، بەڵام بەعەرەبکراوە، ئینجا ناوچەی حەی‌و شێخ سەعدو بەدرە دیسان تەعریب کراون، ئەوانە لەبنەڕەتدا ھەم کوردی لێ نیشتەجێبوون، ھەمیش کوردستان بوون.
تێکەڵاویی کورد لەگەڵ عەرەب
ناوچەکانی بەدرەو زورباتیەو قەزانیەو .. تد دەڵێن کوردین، کە ھاتنە بەغدا بەکۆمەڵ ھاتن، لەچەند شوێنێکی دیاریکراو نیشتەجێبوون‌و تا رادەیەک زمان‌و کلتووری کوردەوارییان پاراستووە، بەڵام لەژێر ھەژموونی کلتوورو زمانی عەرەبیدان‌و ئەگەر بەمشێوەیە بەردەوام بێت، بێگومان بەتەواوی دەتوێنەوە.
لەسەرەتای ھاتنی خێزانی کورد بۆ بەغدا لەناوچە جیاجیاکانی کوردستان‌و دەوروبەری بەغدا، خێزانی کورد یان روونتر باوکی کورد کاردانەوەی توندی ھەبوو بەرامبەر تێکەڵاویی کورد لەگەڵ عەرەب، ئەمە پرسێکی زۆر ئاڵۆزبوو لەسەردەمی خۆیدا، واتە لەسەرەتای ھاتنیان بەھۆی سیاسەتی تەعریب‌و لەناوبردنی کورد، کوردەکان روویان لەبەغدا کرد ھەوڵیاندەدا کچەکانیان بدەن بەکوڕی کورد، ھەروەک کوڕی کوردیش ھەوڵیدەدا کچی کورد بخوازێت‌و خێزانی لەگەڵ پێکبھێنێت، بەڵام دوای ماوەیەک ھێدی ھێدی وەک گۆڕانەکانی دیکە گۆڕان بەسەر ئەو بارودۆخەشدا ھات، بۆ نموونە لەسەرەتادا خێزانی کورد زۆر موحافیزکار یان نەریتپارێز بوو، کچی خۆیان نەدەدا بەعەرەب، بەوھۆیەوە دەیان‌و سەدان کچی کورد نەیانتوانی شوو بکەن‌و بوونە گەورەکچ‌و .. تد، بەڵام دواتر جۆرێک لەکرانەوە دروست بوو، کرانەوەکە سەرەتا لەکوڕی کوردەوە دەستیپێکرد، کاتێک روویان لەزانکۆو شوێنە گشتییەکانی بەغدا کرد بۆ خوێندن‌و کارکردن تێکەڵ بەباری کۆمەڵایەتیی بوونەوەو کچی عەرەبیان خواست، ئەمە سەرەتایەک بوو بۆ تێکەڵاوی کۆمەڵایەتی، لەم پرسەدا عەرەب کێشەیان نەبووە لە پێدانی کچ بەکوڕی کورد، بەڵام کورد ئەو کێشەیەی ھەبووەو تائێستاش ئەو دیاردەیە بەشێوەیەک لەشێوەکان ماوە.
ئەو کێشەیە یان حەساسیەتە تەنھا بە عەرەب نەبوو، بگرە خێزانی کوردی شیعەو سوننە ئەو گرفتەیان لەنێوان خۆیاندا ھەبووە، ئێستاش ئەو گرفتە بەردەوامە، بەڵام سنووردارە، واتە خێزانێکی کورد کە سوننەیە جۆرێک لە ھەستیاریی بەرامبەر پێدانی کچەکەی ھەیە بەکوڕێکی کوردی شیعە، بەپێچەوانەکەیشی دروستە، بەڵام دیاردەکە کەمبۆتەوەو وەکو جاران نەماوە.
کوڕو کچی کورد زۆر کراوە بوون
کچێکی کوردم بینی مامۆستا بوو لەخوێندنگەیەک، وتی: ئێمە چوار خوشکین، لەسەرتای ھاتنمان لەسلێمانییەوە بۆ بەغدا لە ١٩٦٩، باوکم ئامادە نەبوو خوشکە گەورەکەم بدات بەکوڕێکی عەرەب، بۆیە خوشکەکەم مایەوەو نەیتوانی شوو بکات، بەڵام ئێمە ئەو سێ خوشکەی تر، یەکێکمان شووی بەپیاوێکی شیعەو دووانەکەی ترمان بە عەرەبی سوننە کردووەو کێشەمان نییە.
لەگەڵ ئەوەی نەسرین، ئەو قسەیەی کرد، بەڵام رۆژنامەنووسێکی کورد کە سوننە بوو، لەبارەی شوکردن‌و خزمایەتی نێوان شیعەو سوننەی کورد زۆر توندڕەوانە باسی ئەو پرسەی دەکردو زۆر دژی ئەوەبوو کە کچێکی کوردی سوننە شو بەکوڕێکی کوردی شیعە بکات، کەوایە ئەم پرسە جیاواز بوو لەخانەوادەیەکەوە بۆ خانەوادەیەکی دیکە.. تد.
سەرەتای ھاتنیان بۆ بەغدا، خێزانی کورد زۆر شارستانیی بوون بەراورد بەبارودۆخی بەغدای ئەو سەردەمە، کوڕو کچی کورد زۆر کراوە بوون، خێزانی کورد زۆر شارستانی بوون.
بەڵام ئێستا زۆر موحافیزکارن، خێزان ھەیە لەبەغدا کچی ناچێتە دەرەوە، بەتایبەت لەدوای پرۆسەی ئازادی عیراقەوە، حاڵەتی ئەمە بۆتە دیاردە نەخاسمە خێزانی کورد لەژێر کاریگەریی کلتوورو نەریتی عەرەب‌و ئیسلام‌و مەزھەبدایە.
جاران کچی کورد لەزانکۆو شوێنە گشتییەکان بەجوانی‌و کراوەیی‌و جیاوازبوونیان دەناسرانەوە، بەڵام ئێستا بەھۆی ئەو بارودۆخەی بەسەر عیراقدا بەتایبەت ناوچە سوننی‌و شیعەکاندا ھاتووە، وایکردووە خێزانەکان بەگشتیی خۆیان بپارێزن‌و ببنە خێزانی موحافیزکار، خێزانیش بەدەر نییە لەم واقیعەو ئەوانیش خۆیان دەپارێزن‌و لەژێر کاریگەریی گۆڕانەکانی عیراقدان.
‌‌ زیاتر ...
د.به‌ختیارشاوه‌یس
شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ