بیروڕا
عەقڵ پۆش
هێڤار محه‌مه‌د عومه‌ر

لە بری خۆ حەشاردان لە نێو عەقڵی بۆگەن وە ناخی پڕ لە شەڕ ، لە بری خۆ مەڵاص دان بۆ شکاندن و بریندار کردنی ڕۆحی پاک و بێگەردی ئەوی تر لە بری خۆ داپۆشین و دەست و پەنجە پۆشین و شاردنەوەی فێڵ و تەڵەکە و فریودان و خۆ گەوج کردن لە بری ئەوەی مرۆڤ بوونت لە پێشینەی ڕوخسار بێت لە بری ئەوەی مهرەبان و سۆز و ئەخلاق و فکرت ئاوێنەی ڕەنگ دانەوەی ڕۆحت بێت ، پێم باشە خوێنەری هێژا بەڕێزت و من خۆمان عەقڵ پۆش کەین ، نەک نەریت پۆش و عەیبە پۆش و هتد ....

بەڕووتی دێینە ئەم دونیایە و بە ڕووتیش بەجێی دێڵین وە بە ڕووتیش حەشر دەکرێین ، ئەی تۆ بۆ تەنیا خەیاڵت و هۆشت لای جەستەی منە و شکست و کەوتن و ئارەزووە ئاژەڵیە جەستەییەکانت بە منەوە گرێ داوە ؟ من نازانم تۆ چۆن بیر دەکەیتەوە بە کام ئاراستە هەنگاوەکانت دەنێیت بەڵام گرنگە کاتێک من و تۆ لە خانەیەکی ئەم کۆمەڵگایەدا کار دەکەین یان دەخوێنین یان خەبات دەکەین لە هەر کوچەیەکی ئەم شارەدا پێکەوە قەدەر و زەمان گرێی داوین ببین بە دراوسێ یان ڕێبواری نێو پاصێک تەنیا چەند خولەکێک من دەبینیت لە دیدی خۆتەوە ، مێژوو ئایندەی خۆم و کەسایەتیم دەشێوێنیت و دواتر خۆت بکەیت بە فریشتە و بە‌دیندار ، ئاسمانەکان سزام بەیت و بێبەشم کەیت لە بەهەشتەکانی خودا ؟

من نازانم تۆ چیت و کێ تۆی ناردووە بەڵام دەزانم خودا کێیە و کێی ناردووە وە چی دەوێ لە ئادەمیزاد ، ئایا ئێمەش ئەرکمان چیە بەرامبەر بە خودا ؟

خودا ناسی خۆشویستن و میهرەبانیە وە ڕاستگۆییە و دڵسۆز بوونە و بەئەمەک بوونە بۆ خێزان و مرۆڤایەتی و گەل و نیشتمان و نەتەوە وە دادپەروەریە نەک قۆرخکاری عەقڵ و ئیرادەی من یان تۆی خوێنەر هەر بۆیە من بناسە لەو دیوی ئەوەی ئەیبینیت و دەیبیستیت منیش بێگومان وا دەڕوانمە تۆ تاکو بتوانین بەو هەڵسەنگاندنە ڕاستەقینە و بابەتیانە بگەین کە گرێمانەدات پێکەوە بۆ ژیان و کاری هاوبەش .

تێکدانی شیرازەی هەر یەکەیەکی کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتی و پیشەیی و زانستی و سیاسی پێویستی بە سەرەتا چاندنی ڕق و بەغالەت و قینە و فیتنە و ڕەخساندنی بارودۆخ بۆ ناپاکی و گەندەڵی و پابەند نەبوون بە بنەماکانی ئاین و عەقڵ و ئەخلاق و یاساوە هەر بۆیە دەبینین لەم ژیانە ئاڵۆزەدا کە ئێمەی کورد سەرەڕای بوون ، قەیرانی فکر و قەیرانی ئابوری و قەیرانی کۆمەڵایەتی و قەیرانی خێزان و قەیرانی تاک ، بە بەرنامەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کار لەسەر شێواندنمان و پچڕانی شیرازەمان دەکرێت تاکو کار دەگاتە ئەوەی انتماء ی نیشتمان و نەتەوەییمان بەرەو نەمان و کاڵ بوونەوە دەچێت کە ئەمەش زەنگێکی ئێجگار مەترسیدارە بۆ ئایندەی کورد .

کلتور و نیشتمان وا بەرەو پوکانەوە دەچێت کە ڕەنگە ئێستا من و تۆی دونیای گلوباڵ و دونیای جیهانگیری و دونیای شۆڕشی تەکنەلۆجیا ڕادیکاڵانە سیستمی ژیانی تاک و کۆمەڵگەی گۆڕیوە ، بە دیوێکی ژیانی ئاسان و کورت کردۆتەوە وە بەو دیوەی تریش مرۆڤی نائارام کردووە .

قووڵ بووجەوە لە عەقڵ و لۆژیک و هەوڵ دان بۆ بەدیهێنانی ئازادی و دیموکراسی و سەروەری یاسا و بێلایەنی و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و جیا کردنەوەی ئەرک و ماف بە یاسا و پاراستنی تایبەتمەندی تاک و کۆمەڵگە و نیشتمان ئەرکێکی جەممی هەمووانە و زۆر بە ئاسان نایەتە دی ، دەبا ئێمە هەنگاوەکانمان بۆ خۆ فێرکردن و خۆ پەروەردە کردن و خۆ دامەزراندنی عەقڵی و لۆژیکی بێت نەوەکو جەستە و ڕوخسار بپۆشین لە بری عەقڵ ، با ئەخلاقمان بپۆشین نەوەک چاو و نیگا و زەردەخەنەکانمان چونکە هەر یەکێک لە ئێمە هەرکات گەیشتە ئەوەی کە بەرامبەر بە مرۆڤێکی هاوتای خۆی گفت و گۆ دەکات بێ ئەوەی بەچاوی کەمتر تەماشای بکات ئەوکات دەتوانین بڵێین شکور بۆ خودا خەریکە دەبین بە مرۆڤێکی سەردەمیانە دوور لە دەمار گیری .

خۆشحاڵم بەوەی کە لە بابەتەکەم گەشتیت و بڕیاریشت داوە پێکەوە لەگەڵ خوشک و برا و هاوڕێکانمان ژیان بەرەو پێشەوە ببەین و دەست هەڵگرین لە ڕووکەش وە ناوەڕۆک بخوێنینەوە لە هەموو سوچ و کوچە و کۆڵان و ناوچەیەکی ئەم نیشتمانە دارستانێک بڕوێنین لە ئەخلاق و عەقڵ و فکر  وە بە ڕەنگەکانی تابلۆی چواروەرزەی ساڵ بکێشین لە نیشتمان .

 

 

‌‌ زیاتر ...
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
هێڤار محه‌مه‌د عومه‌ر
هێڤار محه‌مه‌د عومه‌ر
هێڤار محه‌مه‌د عومه‌ر
هێڤار محه‌مه‌د عومه‌ر
هێڤار محه‌مه‌د عومه‌ر
زۆرترین خوێندراو