بیروڕا
با هه‌موومان دروشمى"نه‌سره‌وتن تا سه‌ركه‌وتن"بڵێینه‌وه‌
هه ژار نامیق
دواى ئەم کۆستە گەورەیە کە بەرۆکى کوردستانى گرت ئەرکى ئێمە سەخت و قورستر دەبێت لەبەر ئەوەى کاریزمایەتى جەنابى مام کێشەکان چەند گەورە بونایە لە حزوریی مام بچوک دەبونەوە ، هەروەک چۆن هاوڕێیەکى مام دەیگێڕێتەوە کاتێک کێشەیەک دەهاتە پێشەوە مام دەیووت بە کەسایەتى مام جەلال چارەسەرى بکەم یاخود کورسیەکەم ، ئەمە خۆی لە خۆیدا کاریزمایەتی و گەورەیى هەڤاڵ مام جەلال دەردەخات ، مردن لە ڕێگای هەمووماندایە بەڵام وەفاتى هەندێک کەس کارەساتێکە کە بە ووشە پێناسە ناکرێت.
یەکێتیەکان ئەوە باش دەزانن کە لە ئامادەیى جەنابى مام چۆن هەموومان لە دەورى مێزەکە کۆدەبوینەوە و چەند کێشەش هەبووایە ئەوا بە ئاسانى چارەسەر دەکرا یەکێتى بە بۆچونى جیاواز ناسراوە تاکە حیزبێکیشە کە زۆرترین بۆچوونى جیاوازی تێدایە و لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تا ئەم ساتەوە ختە بە یەکگرتنى چەند لایەنێک و ئاڕاستەیەکى جیاوازەوە دروست بووە ، ئێمە ئەگەر ئەمانەوێت لە سەر ڕێبازى چەپکە گوڵەکە بەردەوام بین ، ئەگەر دەمانەوێت بەردەوامى بەڕێبازەکەى مام بدەین ، ئەگەر دەمانەوێت یەکێتى بۆ خەڵک بێت و خەڵکیش بۆ یەکێتى بێت پێوستە بە خۆداچوونەوەى تەواو بکەین ، پێویستە کە تەنازول بۆ یەک بکەین و ڕێز لە بۆچوونە جیاوازەکان بگرین و سوودیان لێ وەربگرین بۆ بەرەو پێشبردنى کایەی سیاسیى و بەردەوامى دان بە خزمەتکردنى خەڵک ، یەکێتى دەریایەکى خوێنی داوە لە پێناو ئازادى و سەربەخۆیی کوردستان ، با چیتر یەکێتى لە پێناو کەسێک و دوو شپرزە نەبێت کێشە شەخسیەکان با تێکەڵ با کایەی سیاسى و حیزبى ئێمە نەبێت ، ئەگەر دەمانەوێت ڕۆحى سەرۆک مام جەلال ئاسودە بێت پێویستە بە کردار ئەوە بکەین و بیسەلمێنین نەوەک بە دووبەرەکى و جیابوونەوە و وازهێنان ، لەبەر ئەوەى وازهێنان جۆرێکە لە بێدەسەڵاتى و پشووکورتى .
با فەرمایشتەکانى سەرۆک مام جەلال لە بەر چاو بگرین ، ئۆرگانەکانى یەکێتى لە خوارەوە کێشەیان نیە بەڵام بەڕاستى پێویستە نوێیان بکەینەوە کادیر و ئەندامى زۆر چالاک و لێهاتوومان هەیە کە پەراوێز خراون ، سەدان کەسایەتى سیاسى زیرەکمان هەیە کە دەکرێت گوێیان لێبگرین نکۆڵى لەوە ناکرێت کە یەکێتى سەردەمى هەڤاڵ مام جەلال جارێکى تر نابێتەوە بەڵام دەتوانین لەسەر ئەو ڕێبازە بەردەوام بین با یەکبگرین و پێکەوە دەست بخەینە ناو دەستى یەک چەپکە گوڵەکە لە دەستى مام وەربگرین و بەردەوامى پێ بدەین با خزمەت بە خۆمان و خەڵک بکەین، با چیتر بەرژەوەندى کەسى نەبێتە هۆی بچوککردنەوەى یەکێتى و لەناوبردنى ، سەرۆک مام جەلال فێرى کردین دەکرێت لە کەسێکى بچووکەوە بگەینە بەرزترین ئاستى باڵای دەسەڵات فێرى پشوو درێژی ببین لە سەرۆک مام جەلال . 
خۆمان ڕێکبخەینەوە هەموومان گلەیی دەکەین لە حکومەت و ڕەخنە لە یەکێتى دەگرین ئەوەمان لەبیر نەچێت چاکی و باشى یەکێتى خزمەتى بە خەڵک کردووە و هەرکاتێک یەکێتى نەخۆش بووبێت خەڵک و خزمەتگوزارى پەکى کەوتوە ، هەر بۆیە جارێکى تر دووبارەى دەکەمەوە با دروشمى ((نەسرەوتن تا سەرکەوتن)) بڵێنەوە و چەپکەگوڵەکەى مام لە ئامێز بگرین هەر هیچ نەبێت لەبەر ئەو هەموو خوێنەى لە ڕێگای ڕزگاری کوردستان داومانە لە پێناو ئاسودەیى ڕۆحى سەرۆک مام جەلال ..
ڕۆحت شاد بێت سەرۆک مام جەلال بەڵێن دەدەین کە یەکێتیەکەت بمێنێتەوە و برینەکان ساڕێژ بکەین ..
‌‌ زیاتر ...
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
نەوزادی موهەندیس
د.به‌ختیارشاوه‌یس
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
بورهان عه‌بدولڕه‌حمان
نەورۆز سابر عبدالقادر