بیروڕا
حەویجە ‌
د.به‌ختیارشاوه‌یس

زیاتر لە 42 هەزار شەڕكەر لە هێزە جیاوازەكان و سوپای عیراق ، بە 8 هەزار ئۆتۆمبێلی سەربازی و 650 زرێپۆش و دژەمین و بەهاوكاری فرۆكە جەنگی یەكانی سوپای عیراق و هاوپەیمانان بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی قەزای حەویجە دەكەن ، كە بەناوچەكانی دەوروبەریەوە نزیكەی لەسەدا 32 ی پاێزگای كەركوك پێك دەهێنێت و نزیكەی 100 هەزار هاوڵاتی لە رووبەرێكی 4081 كیلۆمەتری دوجا تیایدا دەژین.
ئەوەی جێگەی تێرامانە لەم مەسەلەیەدا وەك عەمید یحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی هێزە شەركەرەكان گوتی نەبونی هەماهەنگیە لەنێوان هێزەكانی عیراق و هێزەكانی پێشمەرگە ، كە ئەمەش ئاماژەیەكی سلبی یە هەم بۆ سەركەوتنی پرۆسەكە ، هەم بۆ ئایندەی دۆخەكە بەوپێیەی كە ناوچەكە كێشەی دەستووری و مێژوویی لەسەرەو لەدوای هاتنی داعشەوە هاوكێشەی نوێ‌ و گۆرانكاری نوێ لە ئاستی جوگرافی و سەربازی و دەسەڵات هاتوەتە ئاراوە و نەبوونی ئەم جۆرە تێگەیشتنە هاوبەشە هێندەی دیكە مەترسیەكان تۆختر دەكاتەوە. بەو پێیەی كە:
•ناوچەكە  هێڵی تەماسی نێوان هێزەكانی هەردوولایە، هەروەها:
•دردۆنگی سیاسی لەنێوان پێكهاتەكانی ناوچەكە بەهەڵپەسێرراوی ماوەتەوە و هەرئەم كێشە سیاسیانەیە كە تاحاڵی حازر نەتوانراوە دەنگ بدرێت لەسەر پرۆژە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەهۆی رێككنەكەوتنی پێكهاتەكانی پارێزگای كەركوكەوە.
سەرباری راستیەكانی سەرەوە ، پێویستە هێما بەوە بكەین كە رزگاركردنی حەویجە ئەگەر یەكجار دەستكەوت بێت بۆ هێزە عیراقیەكان و لەدوای موسڵ و تەلەعفەر مانای نزیكبوونەوەی كۆتایی هاتنی داعش بگەیەنێت لەتەواوی عیراق، ئەوا بۆ هێزەكانی پێشمەرگەو خەڵكی كەركوك چەندینجار دەستكەوتە، چونكە:
1.هەبوونی داعش لەحەویجە  مەترسی راستەوخۆ بوە بۆ ئارامی و سەقامگیری ئاسایش لە پارێزگاكەو زۆر جار تیرۆریستانی داعش دزەیانكردوەو هەوڵیانداوە كەركوك داگیربكەن و پێدەچێ‌ لەمەودوا ئەم سەرئێشەیە لەكۆڵی هاوڵاتیانی كەركوك بێتەوە.
2.لەدوای هاتنی تیرۆریستانی داعشەوە نزیكەی 150 هەزار ئاوارەی حەویجەو ناوچە جیاجیاكانی عیراق لەپارێزگای كەركوك و دەوروبەری جێگیربوون و زۆرجار حاڵەتی نەخوازراوی دوور لەبەرنامەی سیاسی هێزە سیاسیەكان روویدەدا، بەڵام بەمەرامی سیاسی خوێندنەوەی نادروستی بۆدەكراو هەوڵ دەدرا ناوبانگی پێشمەرگەی پێ لەكەدار بكرێت و لەقوربانیەكانی كەمبكرێتەوە ، وە ئەمەش كاریگەری نەرێنی دەكردە سەر پەیوەندیە سیاسیەكان. كە دەكرێت لەدوای ئەم ئۆپەراسیۆنەوە ئەم مەسەلەیەش چارەسەرببێت.
3.دیمەنی لەقەفەسنانی ئەو پێشمەرگانەی كەلەلایەن چەتەكانی داعشەوە لەحەویجە دەسورێنرانەوە، هەرگیز لەیادناچنەوە و بەئێستاشەوە كەسوكاریان و خەڵكی كوردستان لەچاوەروانی چارەنوسیانن. هەربۆیە رزگاركردنی حەویجە دەرفەتی كۆتایهێنان بە چارەنوسی ئەم دیلانەو دەیانی دیكە زیاتر دەكات.
لەم سۆنگەوە، بۆئەوەی مەترسیەكانی پرۆسەی ئازادكردنی حەویجە و هەروەها لێكەوتەكانی دواتریش كەمبكرێتەوە، پێویستە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەرێگەی لیژنەی بەرگری و ئاسایشەوە بەدواداچوونی وردی پرۆسەكە بكات و بەرنامەی پێشوەخت دابرێژێت كە تیایدا هەماهەنگی و هاودەنگی نێوان هێزەكانی پێشمەرگەو هێزە عیراقییەكان لەخۆبگرێت و سنووری دوای پرۆسەكە دیاری بكات و لیژنەیەكی تایبەت دروست بكات كە بێلایەنانە ئەركەكانی راپەرێنێت و لەقوڵبوونەوەی كێشە سیاسیەكاندا هێزە چەكدارەكان دووربخاتەوە لەرووبەرونەوەو پێكداهەڵپژان.
‌‌ زیاتر ...
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
نەوزادی موهەندیس
د.به‌ختیارشاوه‌یس
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
بورهان عه‌بدولڕه‌حمان
نەورۆز سابر عبدالقادر