بیروڕا
ئه‌ركى حكومه‌ت دواى هه‌ڵگرتنى پاشه‌كه‌وتى مووچه‌
نەوزادی موهەندیس
ئاشكرایه‌ كه‌ سیسته‌مى پاشكه‌وتى مووچه‌ به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆرانى حكومه‌تى هه‌رێمدا به‌پێى بڕیارى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى حكومه‌تى هه‌رێمى  ژماره‌ 64 له‌ 3/2/2016دا  سه‌پێنرا به‌سه‌ر مووچه‌خۆراندا و ماوه‌ى زیاد له‌ 3 ساڵى خایاند.كه‌ به‌هه‌ق 3 ساڵى زۆر وشك و برنگ و نه‌بوونى و برسێتى و قه‌یرانێكى دارایى توند بوو بۆ سه‌ر هه‌مووان.كه‌ به‌ناهه‌ق به‌رۆكى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستانى گرته‌وه‌،له‌ئه‌نجامى سیاسه‌تى هه‌ڵه‌ى سه‌ربه‌خۆ فرۆشتنى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان به‌ناوى ئابورى سه‌ربه‌خۆوه‌(( كه‌ خۆیان به‌ خراپترین بڕیارى حكومه‌تى ناوزه‌ند ده‌كه‌ن له‌ ژیانى سیاسیاندا)) كه‌ به‌داخه‌وه‌ هیچمان لێده‌ستنه‌كه‌وت ته‌نها برسێتى و نه‌بوونى و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ چوارگۆشه‌ى یه‌كه‌م نه‌بێت،كه‌ له‌ئێستادا ته‌واوى ده‌سه‌ڵاته‌كانى هه‌رێم كه‌ پێش ساڵى 2016 هه‌یبوو هه‌موانى گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ به‌غدادى پایته‌ختى عێراقى فیدڕاڵ.هه‌ر له‌ كۆنتڕۆڵى فڕۆكه‌خانه‌كان و ده‌روازه‌ سنوریه‌كان و فه‌رمانگه‌كانى ڕه‌گه‌زنامه‌ و پێناسى بارى شارستانى و نشینگه‌ و به‌نداوه‌كان و پۆلیسى سنور و گومرك و...هتد.
له‌ ماوه‌ى ئه‌م 3 ساڵه‌ى قه‌یرانى داراییه‌دا هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌موو بواره‌كانى سیاسى و ئابورى و كۆمه‌ڵایه‌تى و ئه‌منیه‌وه‌ گه‌لێك زیانى گه‌وره‌ى پێكه‌وت  و ده‌سه‌ڵاته‌ سیاسیه‌كانى هه‌رێم بچوكبونه‌وه‌ و جوگرافیا پانۆپۆڕه‌كه‌ى  به‌رته‌سككرانه‌وه‌ و ئابوریه‌كه‌ى و ژێرخانه‌كه‌ى له‌ داڕمانى ته‌واو نزیكبونه‌وه‌ و ئاشتى كۆمه‌ڵایه‌تى به‌ره‌و لاوازى و لێكهه‌ڵوه‌شان هه‌نگاوى نا و بارى ئه‌منى كوردستانیش كه‌وته‌ به‌ر مه‌ترسیه‌وه‌،له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا تاك به‌تاك و خێزان به‌خێزانى ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ كه‌وته‌ به‌ر مه‌ترسى بێكارى و بێ مووچه‌یى و نانبڕاوكردن و تێكچوون و شڵه‌ژانى بارى ئابورى و وه‌ستانى بازاڕ و جوڵه‌ى بازرگانى و ئه‌نجامیش سه‌رهه‌ڵدانى ده‌یان دیارده‌ى دزێو و ناشیرینى ناو كۆمه‌ڵگا له‌ هه‌ژارى و بێكارى و نه‌خوێنده‌وارى و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى خێزانه‌كان و زیادبوونى تاوانه‌كان و ...هتد. له‌پاڵ ئه‌مانه‌شدا توێژى مووچه‌خۆران به‌گشتى زیانێكى گه‌وره‌یان به‌ركه‌وت. بۆیه‌ هه‌ق وایه‌ كه‌ حكومه‌تى هه‌رێم به‌چاوى ڕێز و ته‌قدیرى زۆره‌وه‌ سه‌یرى توێژى مووچه‌خۆران بكات كه‌ به‌وپه‌ڕى لێبووردویه‌وه‌ خۆیان ڕاگرت له‌به‌رده‌م ئه‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌دا كه‌ هه‌مووانى په‌رێشان كردبوو.
لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دواى هه‌ڵگرتنى ئه‌م  سیسته‌مه‌ سه‌پێنراوه‌ى پاشه‌كه‌وتى مووچه‌ ئه‌ركى حكومه‌تى هه‌رێم چیه‌؟ به‌تایبه‌تیش كابینه‌ى نۆهه‌مى حكومه‌ت،چونكه‌ لێكه‌وته‌ و كاریگه‌ریه‌كانى ئه‌م بڕیاره‌ى حكومه‌تى كاربه‌ڕێكه‌ر ڕووبه‌ڕووى سه‌رۆكى حكومه‌ت و كابینه‌ى نۆهه‌م ده‌بێته‌وه‌..
بۆیه‌ هه‌ق وایه‌ له‌مه‌ودوا و له‌دواى بڕیارى لابردن و هه‌ڵگرتنى سیسته‌مى پاشه‌كه‌وتى مووچه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ له‌ كۆبونه‌وه‌ى ژماره‌ 52ى خۆیدا و به‌ بڕیارى ژماره‌ 141 له‌ ڕێكه‌وتى 8/3/2019 دا، گرنگى گه‌وره‌ بداته‌وه‌ به‌ كه‌رتى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و جوڵه‌ و بوژاندنه‌وه‌ى پڕۆژه‌ ئه‌ندازیاریه‌كان و چاوخشاندنه‌وه‌ به‌ ژیان و گوزه‌رانى سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كاندا .
ئاشكراشه‌ له‌ ماوه‌ى ئه‌و 3 ساڵه‌ى قه‌یرانه‌ داراییه‌دا، ژێر خانى ئابورى كوردستان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى كوردستان به‌ره‌و خراپبوونى زۆر چوه‌ ، له‌كاتێكدا داهاتى حكومه‌تى هه‌رێم له‌ ئاینده‌دا بڕه‌ پاره‌یه‌كى زۆره‌ و به‌شى گه‌لێك كار و پڕۆژه‌ ده‌كات،كه‌ به‌م شێوه‌یه‌یه‌:
- پشكى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم مانگانه‌ له‌ عێراقه‌وه‌  522 ملیار دینار
-داهاتى نه‌وتى هه‌رێم بۆ مووچه‌   378 ملیار دینار
-داهاتى ناوخۆ زیاتره‌ له‌ 150 ملیار دینار
-كۆى گشتى داهاته‌كانى هه‌رێم ده‌بێت 1 تریلیۆن و 50 ملیار دینار
-موچه‌ى ته‌واوى مانگانه‌ى مووچه‌خۆران بێ پاشه‌كه‌وت بریتیه‌ له‌ 879 ملیار دینار
-كه‌واته‌ 153 ملیار دینار زیاده‌ش ده‌بێت..
بۆیه‌ پێویست به‌وه‌ ده‌كات كه‌ :-
1. حكومه‌تى هه‌رێم به‌ پلانى زانستى و واقعى كار بكات بۆ بوژاندنه‌وه‌ى كه‌رتى تایبه‌ت و كۆمپانیا بیانى و ناوخۆییه‌كان و هانى وه‌به‌رهێنانیش بدات بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ستبكه‌نه‌وه‌ به‌ جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌ ئه‌ندازیارى و خزمه‌تگوزاریه‌كان.
2. به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌ركى حكومه‌ته‌ كه‌ بودجه‌ى تایبه‌تى و پێویست بۆ ئه‌و بوارانه‌ دابین بكات.
3. هه‌روه‌ها ئه‌و بڕه‌ داهاته‌ى كه‌ دێته‌ گه‌نجینه‌ى حكومه‌ته‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى شه‌فافانه‌ مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا بكرێت و هه‌موانى بخرێته‌ خزمه‌تى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و خۆشگوزه‌رانى هاوڵاتیان و دۆزینه‌وه‌ى هه‌لى كار بۆ گه‌نجان له‌ كوڕ و كچان.
4. به‌پێى به‌رنامه‌یه‌كى پێشوه‌خته‌ و پلان بۆداڕێژراویش ده‌ستبكاته‌وه‌ به‌ دامه‌زراندنى توانا گه‌نجه‌كان له‌ ده‌رچووانى زانكۆ و په‌یمانگاكان .
5. كاربكات بۆ جێبه‌جێكردنى یاساى ژماره‌ 2ى ساڵى 2015 تایبه‌ت به‌دامه‌زراندنى صندوقى داهاته‌ نه‌وتیه‌كان بۆئه‌وه‌ى سه‌رجه‌م داهاتى نه‌وتى هه‌رێم بچێته‌ ئه‌و صندوقه‌وه‌ نه‌ك وه‌ك ئێستا وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتیه‌كان ده‌ستى گرتوه‌ به‌سه‌ریدا و وه‌ك خێر مانگانه‌ ته‌نها بڕى 378 ملیار دینار ده‌داته‌ وه‌زاره‌تى دارایى بۆ دابه‌شكردنى مووچه‌ى مووچه‌خۆران.
6. حكومه‌ت ئه‌ركێتى كه‌ قه‌رزى به‌ڵێنده‌ران و كۆمپانیا ناوخۆییه‌كان به‌ به‌رنامه‌یه‌كى زانستى بداته‌وه‌ و بانكه‌كان و سیسته‌مى دارایش ببوژێنێته‌وه‌ و گه‌شه‌ى پێبدات.
ئاشكرایه‌ كه‌ بڕیارى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى پاشه‌كه‌وتى مووچه‌ گه‌لێك گرنگ و كاریگه‌رى گه‌وره‌شى ده‌بێت بۆسه‌ر ته‌واوى سێكته‌ره‌كانى ژیان ،به‌ڵام له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حكومه‌تى هه‌رێم هه‌ستێت به‌ :
1.پلانى واقعى هه‌بێت بۆ گێڕانه‌وه‌ى ئه‌و بڕه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌ى مووچه‌ى مووچه‌خۆران به‌شێوه‌یه‌كى له‌سه‌رخۆ و مانگانه‌. كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ى لاى خواره‌وه‌یه‌:-
- ((4 مووچه‌ى ته‌واوى ساڵى 2015 و 1 مووچه‌ى ته‌واوى مانگى 12/2016 ))
- (( 11 مووچه‌ى ساڵى 2016 و 12 مووچه‌ى ساڵى 2017 و 11 مووچه‌ى ساڵى 2018)) به‌ پاشه‌كه‌وته‌وه‌ به‌ڕێژه‌ى جیاواز كه‌ له‌ نێوان 15% و 30% و 75% بوه‌ كه‌ به‌نزیكه‌یى ده‌گاته‌ 10 تریلیۆن دینارى عێراقى.
2.ڕٍێگه‌گرتن له‌ هه‌ڵاوسانى دراو و گرانبوونى نرخه‌كان له‌ بازاڕدا له‌پێناو ڕاگرتنى به‌ڵانس له‌نێوان ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ى كه‌ دێته‌ لاى فه‌رمانبه‌ران و  نرخى كاڵاو كه‌لوپه‌له‌كان له‌بازاڕدا.
3. ئاڕاسته‌كردنى سوپاس پێزانین به‌ شێوه‌یه‌كى ئیدارى له‌لایه‌ن سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كانه‌وه‌ بۆ فه‌رمانبه‌ره‌كانیان  بۆئه‌وه‌ى ببێته‌ مایه‌ى هاندان و پێشكه‌وتنى 1 مانگ له‌ سه‌ره‌مووچه‌ و به‌رزكردنه‌وه‌ى مووچه‌كانیان له‌به‌رامبه‌ر خۆڕاگرتنیان بۆماوه‌ى ئه‌و ساڵانه‌ى ڕابووردوو.
4. دووباره‌ نه‌كردنه‌وه‌ى سیاسه‌ته‌ هه‌ڵه‌كانى ڕابوردوو به‌تایبه‌تى له‌ بوارى وزه‌دا ((نه‌وت و غازى سروشتى))كوردستاندا له‌پێناو ڕێگه‌گرتن له‌ دووباره‌بونه‌وه‌ى قه‌یرانى دارایى و كاركردن به‌ ده‌ستورى هه‌میشه‌یى عێراق و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ سیاسه‌تى هه‌ڵه‌ و سه‌ركێشیانه‌ كه‌ به‌زیان بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌رێم و هاوڵاتیانیش.
به‌م شێوه‌یه‌  كابینه‌ى نۆهه‌مى حكومه‌تى هه‌رێم له‌به‌رده‌م كارگه‌لێكى گه‌وره‌ و سه‌ختیشدایه‌ و ده‌بێت وه‌ك تیمێكى پێكه‌وه‌یى و گونجاو و ته‌با كار بكه‌ن بۆ سه‌رخستنى نه‌خشه‌ ڕێگاكه‌ و به‌رنامه‌كه‌ى و هه‌رچیكردوه‌ دوور و نزیك نه‌چێته‌وه‌ سه‌ر كار و كرده‌وه‌ هه‌ڵه‌كانى كابینه‌ى پێشوو.
ئه‌وكات ده‌كرێت قه‌یرانه‌كه‌ له‌ماوه‌یه‌كى كه‌مدا كاریگه‌ریه‌ خراپه‌كانى سووك بكرێت و ژیان و گوزه‌ران و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى وڵاتیش له‌سه‌رخۆ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ دۆخى جاران و هه‌موانیش به‌ ژیانێكى پڕ شكۆ و كه‌رامه‌ته‌وه‌ بژین و هه‌لى كارى زۆر و خزمه‌تگوزارى باشتریش بۆ هه‌موان به‌بێ جیاوازى دابینبكرێت و پڕۆسه‌یه‌كى گه‌وره‌ و سه‌رتاپاگیرى چاكسازى و پاكسازى و دژه‌ گه‌نده‌ڵیش پیاده‌بكرێت و ئیداره‌ و ده‌سه‌ڵات و حومكڕانیه‌كى ڕه‌شید و دادپه‌روه‌ریش بێته‌ كایه‌وه‌ به‌ پێكهێنانى كابینه‌ى نۆهه‌مى حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ و مووچه‌خۆرانیش  به‌گشتى هه‌وڵ و هیمه‌تى خۆیان بخه‌نه‌وه‌ گه‌ڕ بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى ئه‌و زیانانه‌ى به‌ر وڵات و كۆمه‌ڵگاى كورده‌وارى كه‌وتوه‌  و وڵات ئاوه‌دان و خۆشگوزه‌ران بكه‌نه‌وه‌.
‌‌ زیاتر ...
بورهان عه‌بدولڕه‌حمان
دکتۆر محەمەدئەمین
جه‌مال ئارێز
هونه‌ر ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ