بیروڕا
ئاڵنگاریه‌كانى به‌رده‌م حكومه‌تى ئاینده‌ى عێراق...
نەوزادی موهەندیس

له‌ ئێستادا كه‌ ته‌نها 15 ڕۆژ له‌به‌رده‌م پێكهێنانى كابینه‌ى پێنجه‌مى حكومه‌تى ئاینده‌ى عێراقدا ماوه‌، پڕۆسه‌ى پێكهێنانى حكومه‌تى ئاینده‌ى عێراق گه‌رمترین باسوخواسى له‌باره‌وه‌ ده‌كرێت و هه‌موانى سه‌رقاڵكردوه‌ و هه‌موانیش له‌هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ى گه‌وره‌ترین پشك و زۆرترین پله‌و پۆستى تیادا به‌ده‌ستبهێنن،زۆربه‌شیان ئه‌وه‌نده‌ى له‌خه‌مى ده‌ستخستن و جێگه‌ و پێگه‌ قایمكردنى خۆیان و حیزبه‌كانیاندان نیوهێنده‌ له‌خه‌مى سه‌ركه‌وتنى به‌ڕێز عادل عبدالمهدى ڕاسپێردراودا نین و نیوهێنده‌ى تریش له‌خه‌مى ئاینده‌ى عێراق و گه‌له‌كه‌شیدا نین،به‌داخه‌وه‌ له‌ عێراقى به‌ناو نوێدا هیچ جۆره‌ ئینتیمایه‌ك و دڵسۆزیه‌ك و ڕاستگۆییه‌ك نه‌ماوه‌ و هه‌موان له‌ململانێیه‌كى شاراوه‌ى ئاشكرادان بۆ زاڵكردن و خۆسه‌پاندن و به‌هێزكردنى خۆیان به‌سه‌ر ئه‌وانى تردا.عێراقى نوێ پێویستى به‌ كه‌سانى به‌هێز و دیپلۆماتكار و خاوه‌ن بیروڕاو بۆچونى نیشتیمانیانه‌ هه‌یه‌ نه‌ك بیربۆچونى  حیزبى و ئاینى و تایه‌فى ته‌سك و بچوك.چونكه‌ عێراقى نوێ و لانى كه‌م بۆ 4 ساڵى ئاینده‌ له‌به‌رده‌م گۆڕانكارى ناوخۆیى و ناوچه‌یى گه‌وره‌دایه‌ و گه‌لێك ئاڵنگارى ڕووبه‌ڕووى ده‌بێته‌وه‌ كه‌ واپێویست ده‌كات هه‌موان پێكه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووى ببنه‌وه‌ و هه‌وڵبده‌ن عێراق له‌ گێژاوى مه‌ترسیه‌كان ڕزگار بكه‌ن و بیپه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ كه‌نارى ئارامى ،ئاشكراشه‌ هه‌رێمى كوردستانیش هه‌موو ئه‌م ئه‌گه‌ر و گۆڕانكارى و ئاڵنگاریانه‌ ده‌یگرێته‌وه‌،بۆیه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر كوردیش هه‌وڵ و هیمه‌تى گه‌وره‌تر و باشتر بدات بۆ ئه‌وه‌ى جێگه‌ و پێگه‌ى خۆى قایمتر و به‌هێزتر بكات و ڕێگه‌نه‌دات كه‌نارگیر و په‌راوێز بخرێت.
حكومه‌تى ئاینده‌ى عێراق به‌م دۆخه‌ سیاسى و ئابورى و ئه‌منى و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ زۆر خراپه‌یه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووى گه‌لێك ئاڵنگارى ده‌بێته‌وه‌ كه‌ هه‌موانیان پێكه‌وه‌ ده‌بنه‌ ڕێگر و مه‌ترسى بۆ سه‌رى و بۆ سه‌ركه‌وتنیشى له‌ئاینده‌دا،چونكه‌ ئه‌و ئاڵنگاریانه‌ كێشه‌ و گرفتى بچوك  نین به‌ڵكو هه‌ریه‌كه‌یان بۆخۆى كێشه‌یه‌كى گه‌وره‌ و له‌ چاره‌سه‌ر نه‌هاتوون،نا له‌به‌رئه‌وه‌ى ناتوانرێت ڕێگه‌ چاره‌یان بۆ بدۆزرێته‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كى زانستى و واقعى ،به‌ڵكو له‌به‌ر نه‌بوون و كاڵبونه‌وه‌ى متمانه‌ و ڕاستگۆیى و نه‌بونى نیه‌تێكى هه‌قیقى بۆ چاره‌سه‌ركردنیان چونكه‌ زۆربه‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ حیزبى و كه‌سى و بنه‌ماڵه‌ییه‌كانیان خستۆته‌ سه‌روو به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى عێراق و گه‌لانى عێراقه‌وه‌.
له‌و ئاڵنگاریانه‌ى كه‌ ڕووبه‌ڕووى به‌ڕێز عادل عبدالمهدى سه‌رۆك وه‌زیرانى ڕاسپێردراو و حكوتى نوێش ده‌بێته‌وه‌ له‌ ئاینده‌دا بریتین له‌:
1.ململانێ سیاسى و ئاینى و مه‌زهه‌بى و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان
2.نه‌بونى متمانه‌ى ته‌واو له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتداران و به‌ڵێن و كرداره‌كانى حكومه‌ت
3.بوونى ڕق و كین و بێزاریه‌كى گه‌وره‌ له‌نێو جه‌ماوه‌ردا به‌رامبه‌ر به‌حكومه‌ت به‌هۆى نه‌بووونى خزمه‌تگوزاریه‌ سه‌ره‌كیه‌كان بۆ هاوڵاتیان له‌ ته‌واوى ناوچه‌كانى عێراقدا
4.بوونى گه‌نده‌ڵیه‌كى تا سه‌ر ئێسقان له‌ناو سه‌رجه‌م داموده‌زگا و ئۆرگانه‌كانى حكومه‌تدا كه‌ ئاسان نیه‌ له‌ماوه‌یه‌كى كه‌مدا  بنبه‌ڕبكرێت
5.بوونى ژماره‌یه‌كى زۆر میلیشیاى چه‌كدارى جۆراوجۆر كه‌ هه‌موانیان خۆیان به‌ جێگره‌وه‌ى سوپاى نیزامى و هێزه‌ ئه‌منیه‌كان داده‌نێن و به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیه‌كى زۆر بڵاوبۆته‌وه‌ دوور له‌ ده‌ستى حكومه‌ت و كۆنتڕۆڵكردنیشى هه‌روا ئاسان نیه‌،چونكه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌و میلیشیایانه‌ له‌لایه‌ن هێز و ده‌وڵه‌تانى ناوچه‌ییه‌وه‌ پشتیوانیان لێده‌كرێت.
6.به‌رده‌وامبوونى تارمایى جه‌نگى داعش و تیرۆریستان و بنه‌بڕنه‌كردنیان.
7.كێشه‌ و گرفتى سیاسى و ئابورى و سنورى و ئه‌منى و ئاوى له‌نێوان عێراق و وڵاتانى ده‌رودراوسێ له‌لایه‌ك وه‌ك ئێران و توركیا و سوریا و سعودیه‌ و ..هتد.
8. له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌  بوونى كێشه‌ و گرفت له‌گه‌ڵ وڵاتانى زلهێز و خاوه‌نى به‌رژه‌وه‌ندى له‌عێراق و ناوچه‌كه‌دا.
9.كێشه‌ى ڕاگرتنى هاوسه‌نگى له‌نێوان به‌رژه‌وه‌ندیه‌ تێكچڕژاوه‌كانى وڵاتانى ناوچه‌یى و زلهێزه‌كان كه‌ هه‌موانیان عێراقیان كردۆته‌ گۆڕه‌پانى یه‌كلاكردنه‌وه‌ى ململانێكانیان و له‌سه‌ر حسابى خاك و گه‌لانى عێراق درێژه‌ به‌ ململانێكانیان ده‌ده‌ن.
هه‌ربۆیه‌ به‌ڕێز عادل عبدالمهدى و كابینه‌ حكومیه‌كه‌ى له‌ ئاینده‌دا ڕووبه‌ڕووى هه‌موو ئه‌م ئاڵنگاریانه‌ ده‌بنه‌وه‌و  ساناش نیه‌ كه‌ بتوانن هه‌موانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن،هه‌ربۆیه‌ پێویست ده‌كات له‌سه‌ر هه‌موان ڕاستگۆیانه‌ و هیه‌متێكى دڵسۆزانه‌ بنوێنن بۆ پشتیوانى حكومه‌تى ئاینده‌ى عێراق و ته‌نها هه‌ڵپه‌ى پله‌و و پۆستیان نه‌بێت و نه‌كه‌ونه‌ داونانه‌وه‌ و پیلانگیڕى دژى حكومه‌ت وه‌ك چۆن له‌ ڕابووردودا كاریان كردوه‌ و عێراق و گه‌لانى عێراقیان به‌م ڕۆژگاره‌ سه‌خت و دژوار و پڕ نائومێدیه‌ گه‌یاندوه‌.
حكومه‌تى ئاینده‌ ده‌بێت حكومه‌تێكى گشتگیرو به‌هێز و به‌توانا بێت،حكومه‌تى كه‌مینه‌ و زۆرینه‌ نه‌بێت،حكومه‌تى ئاینى و مه‌زهه‌ب و نه‌ته‌وه‌یه‌كى دیاریكرا نه‌بێت،حكومه‌تى هه‌موان و بۆ هه‌موانیش بێت،حكومه‌تێك بێت ڕێز له‌ بنه‌ماكانى هاوڵاتیبوون و توانا و لێوه‌شاوه‌یىو كه‌سى و ومافه‌كانى مرۆڤ بگرێت،حكومه‌تێك بێت دوور له‌ ملانێ ناڕه‌وا سیاسی و مه‌زهه‌بیه‌كان بێت،حكومه‌تى سه‌رتاسه‌رى عێراق بێت ،حكومه‌تێكى ده‌ستورى بێت و ڕێز له‌ ماده‌ و بڕگه‌ ده‌ستوریه‌كان بگرێت،حكومه‌تێك بێت یاسا تیایدا سه‌روه‌ربێت به‌ كرداره‌كى نه‌ك ته‌نها وه‌ك دروشم به‌رزبكرێته‌وه‌.
به‌م شێوه‌یه‌ كاتێك حكومه‌تى ئاینده‌ى عێراق به‌ یه‌كسانى و دادپه‌وه‌رى ڕوانیه‌ ته‌واوى پێكهاته‌و هاوڵاتیانى عێراق ئه‌و كات هه‌موان هه‌ست به‌ ئارامى و ڕۆشنى ئاینده‌ى خۆیان و نه‌وه‌كانیشیان ده‌كه‌ن و ڕاسته‌وخۆ ده‌بنه‌ پاڵپشت و پشتیوانى حكومه‌ته‌كه‌یان و ده‌بنه‌ پارێزه‌رى و قوربانیشى له‌پێناودا ده‌ده‌ن،هاوڵاتیانى و جه‌ماوه‌رى عێراق هه‌ركات هه‌ستیان به‌ خه‌مخوۆرى حكومه‌ته‌كه‌یان كرد ئه‌وكات ئه‌وانیش متمانه‌ى پێده‌كه‌ن وهاوكار و پشتیوانى ده‌بن نه‌ك وه‌ك ناحه‌ز ونه‌یار و گه‌نده‌ڵكار لێى بڕوانن،بۆیه‌ گرنگه‌ حكومه‌تى ئاینده‌ى عێراق په‌ند له‌ساڵانى ڕابووردوو وه‌ربگرێت و هه‌ڵه‌كانى پێش خۆى دووباره‌ نه‌كاته‌وه‌،گه‌ر وانه‌كات زۆر نزیكه‌ ته‌مه‌نى كورت و بێ خزمه‌ت بێت و به‌ره‌و هه‌ڵدێر و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ و ڕووخانیش هه‌نگاو بنێت.
له‌كۆتاییدا كار و ئه‌ركى حكومه‌تى نوێى عێراق سانا و سووك نین،به‌ڵكو ڕووبه‌ڕووى كێشه‌ كه‌ڵه‌كه‌بوه‌كانى 15 ساڵى ڕابووردوو ده‌بێته‌وه‌ به‌باش و خراپیانه‌وه‌ له‌ ناوخۆى عێراق له‌نێوان ناوچه‌ جیاوازه‌كانى باشور و ناوه‌ڕاستدا وله‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان و له‌گه‌ڵ ده‌ردوراسێكان و ..هتد.بۆیه‌ واده‌خوازێت كه‌ به‌ڕێز عادل عبدالمهدى وه‌ك سه‌رۆكى حكومه‌ت و ته‌واوى كابینه‌ حكومیه‌كه‌شى پشوودرێژو به‌ئارام و خۆڕاگربن و سه‌رسه‌ختانه‌ش ڕووبه‌ڕووى هه‌موو ئاڵنگاریه‌كانیش ببنه‌وه‌ و ته‌نها ڕێگه‌ى سه‌ركه‌وتن و پشتیوانى لێكردنیشیان بریتیه‌ له‌ده‌ستگرتنیان به‌ جێبه‌جێكردنى ماده‌ ده‌ستوریه‌كان و بنه‌ماكانى دیموكراسى و ته‌وافوقى سیاسى و سیسته‌مى په‌ڕله‌مانى و فیدڕاڵیه‌ته‌ و ئه‌ركیشیانه‌ كه‌ هه‌وڵى جدیانه‌ بده‌ن بۆچه‌سپاندن و پته‌وكردنى زیاترى ئۆرگانه‌كانى ده‌وڵه‌ت بۆ هێنانه‌ كایه‌ى سیسته‌مى حوكمڕانیه‌كى ساغڵه‌م و ڕه‌شید و سه‌ركه‌وتوو كه‌ ببێته‌ نمونه‌یه‌كى گه‌ش بۆ ئاینده‌ و هه‌موانیش له‌ ژێر سایه‌یدا هه‌ست به‌مان و شكۆ و كه‌رامه‌تى مرۆڤانه‌ى خۆیان بكه‌ن و تیایدا بحه‌سێنه‌وه‌..
‌‌ زیاتر ...
شادمان مەلا حەسەن
سەعدی ئەحمەد پیرە
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ