بیروڕا
چۆك داده‌ده‌ن له‌به‌رده‌م فشاره‌كانى ئه‌مریكادا !
نەوزادی موهەندیس
كێشه‌ و ناكۆكیه‌كانى نێوان توركیا و ئه‌مریكا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تاى ساڵى 2003 و پێش 15 ساڵ به‌هۆى ڕێگه‌نه‌دانى توركیا به‌ سوپاى ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان بۆ هاتنه‌ ناوه‌وه‌ى عێراق له‌ ڕێگه‌ى خاكى توركیاوه‌.. ئیدى له‌و ساته‌وه‌ و ساڵ به‌ساڵ په‌یوه‌ندیه‌كانیان به‌ره‌و خاوبونه‌وه‌ و كاڵبونه‌وه‌ و ساردوسڕى ده‌چوو، له‌ ماوه‌ى ئه‌و 15 ساڵه‌دا چه‌ندین خاڵى ناكۆكى تریش سه‌ریانهه‌ڵدا و هه‌موانیان پێكه‌وه‌ بونه‌ هۆى ئه‌وه‌ى كه‌ له‌ ئێستادا  په‌یوه‌ندیه‌كانى هه‌ردوولا  له‌و په‌ڕى خراپیدا بن و هه‌ردوولاش له‌سه‌ر زارى وه‌زیر و سه‌رۆكه‌كانیانه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ى گه‌مارۆ و سزادانى ئه‌ویتر ده‌كات و به‌كراداره‌كیش ئه‌مریكا فشارى زۆرى سیاسى و ئابورى و سه‌ربازى خستۆته‌ سه‌ر توركیا و كاریگه‌ریه‌كانیشى له‌ئێستادا بۆ هه‌موان ڕوون و ئاشكران.له‌و كێشه‌ و گرفت و خاڵه‌ ناكۆكیانه‌ى نێوان توركیا و ئه‌مریكا بریتین له‌:
كێشه‌ى گروپى خزمه‌تى فه‌تحوڵا گویله‌ن و مانه‌وه‌ى گویله‌ن له‌ ئه‌مریكا و ڕاده‌ستنه‌كردنه‌وه‌ى به‌ توركیا.
كێشه‌ى دادگایكردنى پاسه‌وانه‌ تایبه‌ته‌كانى ئه‌ردۆگان له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌.
كێشه‌ى پشتیوانى توركیا له‌ گروپه‌ تیرۆریستیه‌كانى سوریا و عێراق و ده‌ستوه‌ردانێتى له‌ كێشه‌ى ئه‌و دوو وڵاته‌ به‌ پێچه‌وانه‌ى سیاسه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى ئه‌مریكاوه‌.
كێشه‌ى وڵاتى قه‌ته‌ر له‌گه‌ڵ سعودیه‌ و ئه‌وانى تر و پشتیوانى توركیا بۆ قه‌ته‌ریه‌كان.
كێشه‌ى دامه‌زراندن و به‌هێزكردنى په‌یوه‌ندیه‌كانى توركیا له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌كه‌ له‌ ڕوسیا و ئێران و دژى به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانى له‌ ناوچه‌كه‌دا.
كێشه‌ى پشتیوانیكردنى توركیا به‌ ئاشكرا و به‌نهێنى له‌ گروپه‌ تیرۆریسته‌كان.
پابه‌ندنه‌بوونى توركیا به‌ گه‌رمارۆ ئابوریه‌كانى ئه‌مریكا بۆ سه‌ر ئێران و به‌رده‌وامبونى له‌سه‌ر كڕینى نه‌وتى ئێرانى.
كێشه‌ى توركیا له‌گه‌ڵ ئه‌وروپیه‌كان و مه‌سه‌له‌ى بون به‌ ئه‌ندام بونى له‌ یه‌كێتى ئه‌وروپادا.
كێشه‌ى قه‌تیسكردنى دیموكراسى و ئازادیه‌كان له‌ ناوخۆى توركیادا و گۆڕینى سیسته‌مى حوكمڕانى له‌ په‌ڕله‌مانیه‌وه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تى و هه‌وڵدانى بۆ تاكڕه‌وى و بچووككردنه‌وه‌ى هێز و حیزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان.
كێشه‌ى هه‌ره‌ سه‌ره‌كى توركیاش له‌گه‌ڵ دونیاى دیموكراسى و ئه‌وروپى و ئه‌مریكاشدا بریتیه‌ له‌ كێشه‌ى كورد و پێشێلكردنى مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و ناوزڕاندنیان به‌ تیرۆریست.
كێشه‌ى بانكه‌ توركیه‌كان به‌ هاوكاریكردنى بانكه‌كانى ئێران له‌مه‌سه‌له‌ى ئاڵوگۆڕى دراودا.
دواهه‌مینیشیان كێشه‌ى كڕینى سیسته‌مى به‌رگرى موشه‌كى s400 له‌ ڕوسیا له‌لایه‌ن توركیاوه‌.
به‌م شێوه‌یه‌ ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ كێشه‌ و گرفته‌ له‌سه‌ر ئاگرێكى هێواش گه‌شاونه‌ته‌وه‌ و گڕیان گرتوه‌ و خه‌ریكه‌ ده‌ست و قاچى ئه‌ردۆگان و توركیاى پێوه‌ ده‌سوتێت،به‌ڵام ئه‌وه‌ى بوه‌ هۆكارى هه‌ڵایسانى فشار و شه‌ڕه‌ قسه‌ و تۆمه‌تباركردنى یه‌كترى به‌ ئاشكرا ،ده‌ستگیركردنى قه‌شه‌یه‌كى ئینجیلى ئه‌مریكى به‌ناو ((ئه‌ندرۆ بڕۆنسۆن))ى ته‌مه‌ن 50 ساڵه‌یى بوو له‌ كۆتایى ساڵى 2016 دا كه‌ 23 ساڵه‌ له‌توركیا و له‌شارى ئیزمیر ده‌ژى و سه‌رۆكایه‌تى كه‌نیسه‌یه‌كى بچوك ده‌كات كه‌ ته‌نها 25 كه‌سى باوه‌ڕدار دواى كه‌وتوون.به‌تۆمه‌تى هاوكاریكردنى گروپى خزمه‌تى فه‌توحوڵا گویله‌ن و ڕاوه‌ستانى له‌ پشت كوده‌تا سه‌رنه‌كوتوه‌كه‌ى ساڵى 2016وه‌ ودواتریش دادگایكردنى به‌تۆمه‌تى تیرۆر و پشتیوانى له‌ PKK. دادگاى توركیا له‌دانیشتنى سێیه‌میدا وله‌  18/7/2017دا زیندانیكردنه‌كه‌ى درێژكرده‌وه‌ سه‌ره‌ڕاى داواكردنى ئه‌مریكا به‌ ئازادكردنى به‌ڵام ته‌نها له‌به‌ر خراپى بارى ته‌ندروستى خستیانه‌ ژێر ده‌ستبه‌سه‌رى زۆره‌ ملێ له‌ماڵه‌كه‌ى خۆیدا.
له‌ ئێستادا وابڕیاره‌ كه‌ دانیشتنى چوارهه‌مى دادگا له‌ 12/10/2018دا به‌ڕێوه‌بچێت و زۆریش له‌ ئه‌گه‌ره‌كان بۆ ئه‌وه‌ ده‌چن كه‌ دادگا بڕیارى ئازادكردنى ئه‌و قه‌شه‌یه‌ بدات كه‌ سه‌رزاره‌كى و به‌ ئاشكرا بۆته‌ هۆى نانه‌وه‌ى ئه‌و كێشه‌ و گرفته‌ گه‌وره‌یه‌ له‌نێوان توركیا و ئه‌مریكاى به‌ناو هاوپه‌یمانى ستراتیژى له‌دواى جه‌نگى دووه‌هه‌مى جیهانیه‌وه‌ و به‌هۆى بونى هه‌ردوولا وه‌ك ئه‌ندام له‌ هاوپه‌یمانى ناتۆى سه‌ربازیدا به‌ ڕابه‌رایه‌تى ئه‌مریكا.توركیایه‌كێكه‌ له‌ گه‌وره‌ترین ئه‌و وڵاتانه‌ى كه‌ گه‌وره‌ترین هه‌ڵگیراوى چه‌كى ئه‌تۆمى ئه‌مریكاى تیادایه‌ .
ئه‌وه‌ى جێگه‌ى تێڕامان و هه‌ڵوێسته‌ له‌سه‌ر كردنه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سیاسه‌تى ئه‌مریكا و ئیداره‌ى سه‌رۆك ترامپ زۆر به‌جدى گه‌ره‌كیانه‌ له‌ پێگه‌ و نفوزى توركیا بده‌ن له‌ناوچه‌كه‌دا و بچوكى بكه‌نه‌وه‌ و بیكه‌نه‌ وڵاتێكى بێ مه‌ترسى،چونكه‌ زۆر باش ده‌زانن كه‌ سیاسه‌ته‌كانى ئه‌ردۆگان به‌پێچه‌وانه‌ى به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانێتى له‌ ناوچه‌كه‌دا به‌تایبه‌تى عه‌ره‌به‌كانى كه‌نداو و میسر و ئیسڕائیل و ته‌نانه‌ت عێراقیش.بۆیه‌ پێده‌چێت هه‌نگاو و سیاسه‌ته‌ هه‌ڵه‌و تاكتیكیه‌كانى ئه‌ردۆگان سه‌رى خۆى و توركیاى یه‌كگرتوش بخوات ،به‌وه‌ى قومار به‌به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا ده‌كات به‌ پته‌وكردنى په‌یوه‌ندیه‌ سیاسى و ئابورى و ئه‌منیه‌كانى له‌گه‌ڵ ڕوسیا و ئێراندا.بۆیه‌ ئه‌مریكا و ترامپ گه‌ره‌كیانه‌ به‌هۆى كێشه‌ى قه‌شه‌ بڕۆنسنه‌وه‌ هه‌موو كێشه‌كانیان له‌گه‌ڵ توركیادا یه‌كلا بكه‌نه‌وه‌و پاكتاوى حساباتى خۆیانى له‌گه‌ڵدا بكه‌ن،ئه‌وه‌ش له‌ ڕێگه‌ى :
سه‌پاندنى گه‌مارۆى سیاسى و ئابورى و سه‌ربازى به‌سه‌ر توركیادا.
گوشارخستنه‌ سه‌ر توركیا له‌ڕێگه‌ى سیاسه‌تێكى دارایى و نه‌ختینه‌ییه‌وه‌ كه‌ زیانى گه‌وره‌ به‌توركیا بگات و به‌پراكتیكیش بۆته‌ هۆى ئه‌وه‌ى كه‌ نرخى لیره‌ى توركى له‌ مێژووى خۆیدا و بۆ یه‌كه‌م جار 27% نرخه‌كه‌ى داببه‌زێت و 1 دۆلار به‌رامبه‌ر 5-6 لیره‌ بوه‌ستێته‌وه‌ و ئه‌مه‌ش بۆته‌ هۆى دروستبونى هه‌ڵاوسان و گرانى نرخ و ڕاوه‌ستاندنى زۆرێك له‌ پڕۆژه‌ گه‌وره‌ و ستراتیژیه‌كان.
پێنه‌دان و دواخستنى  فڕۆكه‌ى F35ى ئه‌مریكى به‌ توركیا.
سه‌پاندنى سزاى دارایى و ئابورى به‌سه‌ر هه‌ردوو وه‌زیرى ناوخۆ و دادى توركیادا.
زیادكردنى ته‌عریفه‌ى گومركى له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ بۆ سه‌ر هه‌ریه‌كه‌ له‌ ئاسن به‌ڕێژه‌ى 50% و ئه‌له‌منیۆم به‌ڕێژه‌ى 20%ى توركیاكه‌ ئه‌مه‌ش زیانى گه‌وره‌ ده‌دات له‌ توركیا و داهاته‌كانى.
به‌م شێوه‌یه‌ ئه‌مریكا توانیویه‌تى كه‌ ئابورى توركیا لاواز و په‌ك بخات و هێواش هێواش چۆكى پێ دابدات،سه‌ره‌ڕاى ململانێ و به‌رگریه‌كانى توركیا،به‌وه‌ى كه‌ توركیا واده‌بینێت كه‌ ئه‌م سیاسه‌ت و گه‌رمارۆیانه‌ى ئه‌مریكا كاتین،و ئه‌مریكا ناتوانێت تاسه‌ر به‌رده‌وام بێت چونكه‌ توركیا واده‌بینێت كه‌ :
پێگه‌ى ئه‌مریكا لاوازبوه‌ له‌سه‌ر ئاستى دونیا و ناوچه‌كه‌ به‌هۆى زیادبوونى بڕى قه‌رزه‌ ده‌ره‌كیه‌كانى.
دابه‌زین و كه‌مبونه‌وه‌ى مامه‌ڵه‌ى بازرگانیه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان به‌ دۆلارى ئه‌مریكى.
كه‌مبونه‌وه‌ى پشكى ئه‌مریكا له‌ ئابورى جیهاندا.
به‌ڵام ئه‌وه‌ى كه‌ چاودێران و شاره‌زایانى ئابورى بۆى ده‌چن ئه‌وه‌یه‌ كه‌ توركیا ناتوانێت تاسه‌ر و بۆ ماوه‌ى زیاتر له‌ ساڵێك به‌ره‌نگارى ئه‌م هه‌موو فشار و گوشاره‌ سیاسى و ئابورى و ئه‌منیانه‌ى ئه‌مریكا ببێته‌وه‌ و له‌كۆتاییدا به‌ناچارى له‌به‌رده‌م ئه‌مریكادا چۆك داده‌دات و ڕازى ده‌بێت به‌ ئازادكردنى قه‌شه‌ ئه‌مریكیه‌كه‌ وه‌ك مه‌رجى یه‌كه‌مى سه‌رۆك ترامپ و ئه‌مریكا و دواتریش جێبه‌جێكردنى هه‌موو مه‌رجه‌كانى ترى ئه‌مریكا له‌ سوریا و عێراق و ناوچه‌كه‌شدا به‌به‌رژه‌وه‌ندى خۆى و وایلێده‌كات كه‌ پشتبكاته‌ ڕوسیا و ئێران و جارێكى تر ببێته‌وه‌ پاسه‌وانى به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى ئه‌مریكا به‌شێوه‌یه‌كى لاوازتر له‌جاران .ئه‌مه‌ش دواى ڕێكه‌وتى 4/11 دێت كه‌ گه‌مارۆكانى ئه‌مریكا بۆ سه‌ر ئێران به‌ فه‌رمى پێده‌نێته‌ وارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌ و ده‌یسه‌پێنێته‌ سه‌ر وڵاتانى جیهان و كۆمپانیا ئابوریه‌كان كه‌ پابه‌ندبن پێوه‌ى.بۆیه‌ زۆر نزیكه‌ له‌دانیشتنى كۆتایى دادگاى توركیادا له‌ 12/10دا قه‌شه‌ ئه‌مریكیه‌كه‌ ئازادبكرێت و ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ سه‌ره‌تایه‌ك بۆ ڕه‌واندنه‌وه‌ و تواندنه‌وه‌ى به‌سته‌ڵه‌كى په‌یوه‌ندیه‌كانى نێوان ئه‌مریكا و توركیاو جارێكى تریش ئه‌مریكا به‌به‌هێزى  له‌ ناوچه‌ى جێگه‌ نفوزى خۆى له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ده‌وه‌ستێته‌وه‌ و به‌رگریش له‌ به‌رژه‌وه‌ندى و دۆسته‌كانیش ده‌كات دژ به‌هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ و گوڕه‌شه‌یه‌كى ده‌ره‌كى چ له‌ ئێرانه‌وه‌ بێت یان له‌ توركیاوه‌،هه‌ردوولاش توركیا و ئێران باش ده‌زانن كه‌ ئه‌م هه‌موو شه‌ڕ و گوشارانه‌ى ئه‌مریكا بۆ سه‌ریان به‌ سه‌روه‌ت و سامانى وڵاتانى عه‌ره‌بى كه‌نداو جێبه‌جێده‌كرێت و ئاینده‌ى ده‌سه‌ڵات و پێگه‌ى ئه‌مریكاشى پێده‌پارێزرێت،به‌ڵام به‌ناچاریش ده‌بێت ملبده‌ن و چۆك دابده‌ن له‌به‌رده‌م هه‌ژموون و شه‌پۆلى ڕاماڵێنه‌ر و ڕووخێنه‌ر و نغرۆكه‌رى ئه‌مریكادا وه‌ك زلهێزێكى دونیا.
‌‌ زیاتر ...
شادمان مەلا حەسەن
سەعدی ئەحمەد پیرە
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ