بیروڕا
بۆ ساڵیادى سه‌رۆكه‌ مه‌زنه‌كه‌ى كورد مامى هه‌موان..
نەوزادی موهەندیس

ڕێك ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر و له‌ده‌مه‌و به‌یاندا ناخۆشترین و پڕسوێترین هه‌واڵمان بیست،ئه‌ویش كۆچى دوایى سه‌رۆك مام جه‌لال بوو،له‌ وڵاتى ئه‌ڵمانیا و له‌دواى نزیكه‌ى 4 ساڵ زیاتر له‌ نه‌خۆشى و دووركه‌وتنه‌وه‌ى له‌ سه‌ر گۆڕه‌پانى سیاسى كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌.
هه‌واڵى مه‌رگت هه‌موانى هه‌ژاند و هه‌موانى خه‌مابار كرد،به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ هه‌موان توشى شۆك بون  و هیچ كاممان بڕوامان نه‌ده‌كرد به‌ دوا ماڵئاوایت  له‌ یه‌كێتیه‌كه‌ت و له‌ یه‌كێتیه‌كان و له‌ته‌واوى جه‌ماوه‌رى گه‌له‌كه‌مان له‌ كوردستان و ته‌نانه‌ت  عێراقیش.
كۆچى دوایت به‌شێوه‌یه‌ك كاریگه‌رى له‌سه‌ر هه‌موان داناوه‌ كه‌ تائێستاش هیچ سه‌ركرده‌ و سیاسه‌تمه‌دارێكى كوردستان و عێراقیش نه‌یانتوانیوه‌ جێگه‌كه‌ت پڕ بكه‌نه‌وه‌و هه‌موان به‌تاسه‌وه‌ باسى سه‌رده‌مى ئێوه‌ى مه‌زن ده‌كه‌ن هه‌ر له‌ درێژه‌ى كاروانى خه‌باتى كوردایه‌تى و ڕزگاریخوازى و دیموكراسیخوازیتانه‌وه‌ له‌ساڵانى په‌نجاكانى سه‌ده‌ى ڕابووردوه‌وه‌ و تا ده‌گاته‌ شۆڕشى ئه‌یلول و دواتریش ده‌ستپێكردنه‌وه‌ و هه‌ڵایسانه‌وه‌تان بۆ شۆڕشى نوێى گه‌له‌كه‌مان به‌ ڕابه‌رایه‌تى یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان و دواتریش خه‌باتى بێوچانتان له‌ ئۆپۆزسیۆنى عێراقیدا دژى قێزه‌ونترین و زاڵمترین ڕژێمه‌كانى ناوچه‌كه‌ و دواتریش و دواى سه‌ركه‌وتنى ڕاپه‌ڕینى گه‌له‌كه‌مان له‌ به‌هارى ساڵى 1991دا و هه‌ڵبژاردنى یه‌كه‌م په‌ڕله‌مان و دامه‌زراندنى یه‌كه‌م حكومه‌ت و حوكمڕانى كوردى و پشتیوانیه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانتان له‌ هێز و سه‌ركرده‌ ئۆپۆزسیۆنه‌ عێراقیه‌كان به‌ مادى و مه‌عنه‌وى و دواتریش سه‌رخستن و ڕابه‌رایه‌تیكردنى هه‌ڵمه‌تى ڕووخاندنى ڕژێمى به‌عسى صدامى له‌ ساڵى 2003دا و هه‌وڵ و ماندوبونه‌كانت بۆ نوسینه‌وه‌ى ده‌ستورى هه‌میشه‌یى عێراق له‌ ساڵى 2005دا له‌سه‌رده‌مى ئه‌نجومه‌نى حوكمداو دواتریش كاتێك گه‌یشتیته‌ لوتكه‌ى ده‌سه‌ڵات و سه‌رۆكایه‌تى كۆمار و ئه‌و ڕۆڵ و كاریگه‌رییه‌ى كه‌ سه‌پاندبوته‌ سه‌ر هه‌موان بۆ  پارێزگاریكردن له‌ ئاشتى و ئاشته‌وایى و دوورخستنه‌وه‌ى عێراق له‌ جه‌نگى ناوخۆیى و ئه‌هلى كه‌ كاریكردبوه‌ سه‌ر باڵاترین مه‌رجه‌عیى شیعه‌كان و به‌ته‌نها و ته‌نها نازناوى ((صمام الامان))یان له‌ ئێوه‌ى نه‌مر نا..دوور له‌ كه‌سایه‌تى و سه‌ركرده‌ عه‌ره‌به‌ شیعه‌ و سونیه‌كان.
تۆ ئه‌ى مامى هه‌موان،گه‌وره‌ترین و نه‌مرترین و پڕشكۆترین سه‌رۆكى عێراق بووى به‌درێژایى حومكڕانانى پاشایه‌تى و كۆماریه‌كانیشه‌وه‌،تۆ ئه‌ى سه‌رۆكه‌ مه‌زنه‌كه‌ى كورد و عێراقیه‌كانیش هیچ كات نامریت و لاى هه‌موان یاد و یاده‌وه‌ریت به‌ زیندوویى ده‌مێنێته‌وه‌، مام جه‌لال ناو و ناونیشانێكه‌ كه‌ هه‌رگیز دووباره‌ نابێته‌وه‌، وشه‌ى مام ته‌نها له‌خۆت ده‌هات و به‌ ڕاستى و ڕاستگۆییش مامى هه‌موان بویت،هه‌ربۆیه‌ له‌ ئێستادا و دواى ساڵێك له‌ كۆچى دواییت و ماڵئاوایت هه‌موان (ماڵ ئاواى ))بونت لێده‌كه‌ین و ئاه و حه‌سره‌ت هه‌ڵده‌كێشین بۆ ئه‌و قۆناغ و سه‌رده‌مه‌ى كه‌ ئێوه‌ى نه‌مر ڕابه‌رایه‌تى شۆڕشى نوێ و یه‌كێتى و كوردستان و عێراقتان ده‌كرد، چونكه‌ دواى ئێوه‌ نه‌ كوردستان ئارامى و ئاشتى به‌خۆوه‌ بینیوه‌ نه‌ عێراقیش دوورر بوه‌ له‌ جه‌نگ و ململانێكان،بۆیه‌ هه‌موان به‌داخن بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ زێڕینه‌ى ئێوه‌،چونكه‌ بیرتیژى و حه‌كیمى و دڵفراوانى ئێوه‌ بونه‌ هۆى جێگیربوونى ئاشتى و ئارامى له‌ عێراق و كوردستاندا،نه‌رمى و باوكایه‌تى و پشوودرێژى ئێوه‌ بوه‌ هۆى یه‌ك و یه‌كگرتوویى نێوماڵى كورد،گه‌وره‌یى و كایرزمایى و كه‌سایه‌تى به‌هێزى ئێوه‌ بوه‌ هۆى ئه‌وه‌ى كه‌ هه‌موان ڕێز له‌ بیروبۆچون و ڕاو بڕیاره‌كانتان بگرن،چونكه‌ هه‌موان باش ده‌یانزانى كه‌ ئێوه‌ له‌سه‌روو هه‌موو ئینتیما بچوكه‌كانى حیزبایه‌تى و ناوچه‌گه‌رێتى و عه‌شره‌تچێتى و بنه‌ماڵیببونه‌وه‌ن،زۆر باش ده‌یانزانى كه‌ ته‌نها ئێوه‌ ده‌توانن كه‌شتى كورد له‌ناو ده‌ریا و شه‌پۆله‌ هه‌ڵچوه‌كاندا بگه‌یه‌ننه‌ كه‌نارى ئارامى،ئێوه‌ سیمبولى ئاشتى و ئارامى و پێكه‌وه‌یى و دیموكراسى و ئازادى بونه‌،ئێوه‌ له‌لایه‌ن نه‌یاره‌كانه‌وه‌ پێش دۆسته‌كان گه‌واهیى گه‌وره‌یى و مه‌زنیان بۆ ده‌دان.
به‌داخه‌وه‌ دواى ساڵێك له‌ كۆچكردنت هه‌موان له‌ كوردستان كه‌وتونه‌ته‌ وێزه‌ى یه‌كترى و به‌هه‌موانیش نێوماڵى كوردیان په‌رت و په‌رشكردوه‌ و هیچ كه‌س و سه‌ركرده‌یه‌ك ناتوانێت و بوێرى ئه‌وه‌شى نیه‌ كه‌ ده‌ستپێشخه‌رى سیاسى و ئاشته‌وایى بكات،هه‌موان هێنده‌ى له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندى ته‌سكى حیزبایه‌تى و بنه‌ماڵه‌یى و كه‌سیدا هه‌وڵده‌ده‌ن نیوهێنده‌ بۆ كوردایه‌تى و نیشتیمان و نه‌ته‌وه‌ هه‌وڵناده‌ن.بۆیه‌ له‌ ئێستادا دۆخى سیاسى و ئابورى و ئه‌منى و كۆمه‌ڵایه‌تى كورد و كوردستان له‌هه‌موو كات لاوازتره‌،له‌هه‌موو كات بێزراوتره‌ و هیچ كه‌س و لایه‌ن و سه‌ركرده‌یه‌كى عێراقیش ڕێزى لێناگرن، تۆ شكۆى كورد و نه‌ته‌وه‌یه‌ك بویت له‌ پایته‌ختى ده‌وڵه‌تێكى عه‌ره‌بیدا،تۆ پڕ به‌هاترین گه‌وهه‌رى دونیا بویت له‌نێو ده‌ریاى پڕ شه‌پۆڵى بێئومێدى 35 ملیۆن عێراقیدا،تۆ زامنى یه‌ك پارچه‌یى خاكى عێراق و به‌هێزى كوردستان بویت له‌ نێو دورگه‌یه‌كى گه‌مارۆدراو به‌ داگیركار و دابه‌شكاراندا،تا ئه‌و كاته‌ى خۆت شۆڕه‌سوارى مه‌یدانى عێراق و كوردستان بویت هیچ كام له‌ ده‌رودراوسێى و عێراقیه‌كانیش بوێرى ئه‌وه‌یان نه‌كرد په‌لامارى سه‌ربازى كوردستان بده‌ن،به‌ڵام ته‌نها دواى كۆچى دوایت و دواى ته‌نها  13 ڕۆژ هێرشیان كرده‌ سه‌ر كورد و كوردستان بێ تۆییان قۆسته‌وه‌ وپه‌لامارى كه‌ركوكى قودسه‌كه‌ى تۆیان داو به‌پیلانێكى ناوخۆیى و ناوچه‌یى و نێوده‌وڵه‌تى داگیریان كرده‌وه‌.
ساڵێكى ته‌واوه‌ تۆى سه‌ركرده‌ و تۆى كاریزما و تۆى باوك و تۆى ڕابه‌ر و تۆى خه‌مخۆرى ڕاسته‌قینه‌ له‌ناو ماندا نه‌ماویت،به‌ڵام هه‌موو كات و له‌خۆشى و ناخۆشیه‌كاندا هه‌رتۆ بویتته‌ ئیلهامى هه‌موان له‌نێو ماڵى یه‌كێتیه‌كه‌تدا و له‌نێو ماڵى كورد و عێراقیشدا بۆ دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌ر و ڕزگاربوون له‌ قه‌تیسبوون و نائومێدى.بۆیه‌ هه‌موانمان قه‌رزارى تۆین و كاتێك تۆ بۆ هه‌موان بویت،ده‌بێت ئێستاش ئێمه‌ هه‌موانمان بۆ تۆ بین و یاد و یه‌ده‌وه‌ریه‌كانت  بۆ ده‌یان ساڵى تر به‌ زیندوویى بهێڵینه‌وه‌ و ئه‌مانه‌ته‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌ و پیرۆزه‌كه‌شت كه‌ یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستانه‌ وه‌ك بیلبیله‌ى چاومان بپارێزین و ڕێبازه‌كه‌ى كوردایه‌تى ئێوه‌ش به‌رز و پیرۆز ڕابگرین و به‌رده‌وامى پێبده‌ین.
ده‌بنووو ئه‌ى سه‌ركرده‌ مه‌زنه‌كه‌ى نه‌ته‌وه‌ و نیشتیمان به‌ ئارامى چونكه‌ ڕۆڵه‌كانت به‌ ئه‌مانه‌ته‌وه‌ له‌ دوو پڕۆسه‌ى گه‌وره‌ى هه‌ڵبژاردندا له‌ساڵى 2018دا بۆ په‌ڕله‌مانى عێراق و كوردستان به‌سه‌ركه‌وتویى و سه‌ربڵندى هاتونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ و یه‌كێتیه‌كه‌تیان گه‌شانده‌وه‌ و ڕوه‌ و هه‌ستانه‌وه‌ هه‌نگاویان ناوه‌،سه‌ره‌ڕاى هه‌موو گه‌له‌كۆمه‌كى و دوژمنایه‌تى براكان و ناحه‌ز و نه‌یاره‌كانى یه‌كێتى و كوردایه‌تى.به‌رز و پیرۆز بێت  ناو و ناوبانگ و یاده‌وه‌ریه‌كانت،دروود بۆ گیانى پاكت و بۆ مێژووه‌ پڕ سه‌روه‌ریه‌كه‌ت،چونكه‌ به‌مه‌زنى بۆ مه‌زنى له‌دایك بویت و به‌مه‌زنى چویته‌ ناو مێژووه‌ و هه‌ر به‌مه‌زنیش دوا ماڵئاوایت له‌ كورد و كوردایه‌تى كرد.

‌‌ زیاتر ...
شادمان مەلا حەسەن
سەعدی ئەحمەد پیرە
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ