بیروڕا
پڕۆسه‌ى سیاسى له‌ عێراقدا به‌ره‌و ئیفلیج بوون هه‌نگاو ده‌نێت !
نەوزادی موهەندیس

ئه‌و وڵاته‌ى ناوى عێراقه‌ و ته‌مه‌نى دامه‌زراندن و دروستكردنى به‌شێوه‌یه‌كى سه‌پێنراو و زۆره‌ملێ و له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تانى داگیركار و ئیستیعمارى سه‌ده‌ى بیسته‌وه‌ ته‌نها ته‌مه‌نى بریتیه‌ له‌ 98 ساڵ،به‌ڵام هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ به‌ شێوازێكى نامۆ و سه‌یروسه‌مه‌ره‌ دروسكرا له‌ فوسه‌یفسائێكى هه‌مه‌جۆر وعه‌جیب و غه‌ریب له‌ نه‌ته‌وه‌ و ئاین و مه‌زهه‌بى جیاواز،كه‌ نه‌ كه‌لتور و نه‌ ئابورى و نه‌ سیاسه‌ت و ته‌نانه‌ت نه‌ جوگرافیایه‌كى هاوبه‌شیش كۆیانى ده‌كردنه‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ ئه‌م وڵاته‌ عه‌جیب و غه‌ریبه‌ى كه‌ ناونرا عێراق تاكو ئێستاكه‌ هه‌روا ماوه‌ته‌وه‌ به‌ سه‌یروسه‌مه‌ره‌یى،چونكه‌ هیچ جۆره‌ پێشكه‌وتن و گه‌شه‌كردنێك نه‌ به‌سه‌ر عه‌قڵیه‌تى حوكمڕانان و ده‌سه‌ڵاتدارانیدا هاتوه‌ ونه‌ وڵاته‌كه‌ش بۆخۆى بۆته‌ وڵاتێكى گه‌شه‌كردوى ئابورى و سیاسى و ئه‌منى و به‌به‌رده‌وامى به‌ده‌ست كێشه‌ و ململانێ ناوخۆییه‌كان له‌لایه‌ك وله‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ده‌رودراوسێكانیدا له‌ناوچه‌كه‌ و دواتریش له‌گه‌ڵ ڕه‌وت و ئاڕاسته‌ و نه‌زمى نوێى جیهاندا وێك نایه‌ته‌وه‌ و ناتوانێت خۆى بگونجێنێت و هه‌ر به‌ وڵاتێكى پڕ له‌شه‌ڕ و شۆڕ وجه‌نگ وكوشتار و وێرانكارى و دواكه‌وتویى و هه‌ژارى ده‌مێنێته‌وه‌ هه‌رچه‌نده‌ یه‌كێكه‌ له‌ وڵاته‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان به‌ سه‌روه‌ت و سامانه‌ مرۆیى و سروشتیه‌ زۆر وزه‌وه‌نده‌كانیه‌وه‌.
له‌ئێستادا عێراق دواى 15 ساڵ له‌ ڕزگاربوونى له‌ خراپترین ده‌سه‌ڵاتى تاكڕه‌وى له‌ ناوچه‌كه‌دا،به‌ڵام هێشتاش ئاینده‌ى عێراق و گه‌لانى عێراق ڕوون نیه‌،نه‌ك هه‌ر ڕوون نیه‌ به‌ڵكو ئاینده‌شى به‌ره‌و تاریكتر هه‌نگاو ده‌نێت له‌سایه‌ى عه‌قلێه‌تێكى دواكه‌وتو و قه‌تیس ودۆگماى تایه‌فى و ئاینى زۆرینه‌ى شیعه‌ مه‌زهه‌به‌وه‌،كه‌ به‌به‌رده‌وامى له‌هه‌وڵى خۆسه‌پاندن و زیاتر چه‌سپاندنى زۆرینه‌ى ده‌سه‌ڵاتى مه‌زهه‌بى خۆیان ده‌ده‌ن و گه‌ره‌كیانه‌ به‌شداریه‌كى ڕاسته‌قینه‌ به‌ هیچ پێكهاته‌یه‌كى نه‌ته‌وه‌یى و ئاینى و مه‌زهه‌بى تر نه‌كه‌ن له‌ عه‌ره‌بى سونه‌ و كورد و توركومان و مه‌سیحى و ..هتد.ئه‌وان به‌نیازن له‌ ئاینده‌دا و به‌تایبه‌تیش دواى ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ى په‌ڕله‌مانى عێراق له‌ 12/5/2018دا حكومه‌تێكى زۆرینه‌ى تایه‌فى شیعه‌ مه‌زهه‌ب پێكبێنن كه‌ ته‌نها خۆیان باڵاده‌ست بن ،ئه‌مه‌ش ئاشكرایه‌ به‌ ڕێنوێنى و پشتگیرى سیاسى و ئابورى و ئه‌منى ده‌وڵه‌تى ئێران جێبه‌جێ ده‌كرێت و درێژه‌دانه‌ به‌هه‌مان ستراتیژیه‌تى ساڵى 1979 بۆ هه‌نارده‌كردنى شۆڕشى ئیسلامى ئێرانى بۆ ناوچه‌كه‌ به‌ ڕابه‌رایه‌تى ئایدیایه‌كى مه‌زهه‌بى توندڕه‌وى وه‌لى فه‌قێ،به‌داخه‌وه‌ وڵاتێكى وه‌ك عێراق به‌و هه‌موو توانا مرۆیى و سروشتیه‌ گه‌وره‌یه‌وه‌ى كه‌ ده‌كرێت ببێته‌ وڵاتێكى خۆشگوزه‌ران و ڕه‌فا و پێشكه‌وتووى ناوچه‌كه‌، به‌ڵام به‌هۆى بونه‌ پاشكۆ بۆ سیاسه‌ته‌كانى وڵاتانى ئێران به‌تایبه‌تى و دواتریش گوێگرتن بۆ توركیا ته‌نها بۆته‌ جێبه‌جێكارێكى گوێڕایه‌ڵى ئامۆژگارى و هه‌ڕه‌شه‌كانى ئه‌وان و خۆى ئیڕاده‌ و ئیداره‌ى وڵاتى له‌ده‌ستداوه‌.
به‌خوێندنه‌وه‌یه‌كى وورد بۆ به‌رنامه‌ و كار و گوتارى شیعه‌كان به‌بێ جیاوازى له‌نێوان باڵ و ڕه‌وت و حیزب و سه‌ركرده‌ عیلمانى و ئاینیه‌كانیشیان پێشبینى ده‌كرێت هه‌مویان ببنه‌ هۆكارى سه‌ره‌كى بۆ په‌رت و دابه‌شبوونى ئه‌م وڵاته‌ى كه‌ ناوى عێراقه‌ به‌هۆى ململانێ تونده‌كانیان له‌سه‌ر گرتنه‌ ده‌ستى ده‌سه‌ڵات و ئێرانیش هه‌میشه‌ خۆشكه‌رى ئاگرى دووبه‌ره‌كى و ناوخۆییه‌ له‌نێوانیاندا و هه‌رجاره‌ى پشت و په‌ناى یه‌كێكیان ده‌گرێت و كامیان گوێڕایه‌ڵتر بێت ئه‌وا چانسى به‌هێزه‌ و بازى به‌خت بۆ چوونه‌ سه‌رته‌ختى شاهانه‌ به‌سه‌ریه‌وه‌ ده‌نیشێته‌وه‌.چونكه‌ هیچ كات ئێران به‌ درێژایى مێژوو عێراقێكى به‌هێزى نه‌ویستوه‌ و هه‌میشه‌ له‌هه‌وڵى بێهێزكردن و لاوازبونیدا بوه‌ و ئێستا ئه‌و هه‌له‌ زێڕینه‌ى بۆ هاتۆته‌ پێشه‌وه‌ هه‌ربۆیه‌ هیچ كه‌مته‌رخه‌مى و ساردیه‌ك نانوێنێت بۆ جێبه‌جێكردنى ئامانجه‌كانى.
هه‌ربۆیه‌ ململانێى ناوخۆیى و نێوماڵى شیعه‌كان ساڵ به‌ساڵ توندتر ده‌بێت وزیاتر لێكده‌ترازێت، شیعه‌كان بۆخۆیان هۆكاربوون بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى پڕۆسه‌ى سیاسی له‌ عێراقدا بۆ چوارگۆشه‌ى یه‌كه‌م،و دواتریش ململانێكان و ته‌نانه‌ت دژایه‌تیه‌كانیشیان له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌كه‌ له‌سونه‌ى عه‌ره‌ب و كوردیشدا هێنده‌ى تر ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ به‌ره‌و ئیفلیح بوون ده‌بات نه‌ك پێشكه‌وتن و ئاینده‌یه‌كى گه‌شتر. بۆیه‌ پڕۆسه‌ى سیاسى له‌ عێراقدا به‌م شێوه‌یه‌ و له‌سه‌ر ده‌ست و نیه‌تى پێشوه‌خته‌ى شیعه‌كان هه‌نگاو به‌ره‌و قه‌تیس و دۆگمابوون و دواتریش ئیفلیج بوون ده‌نێت،چونكه‌ ئه‌وان گه‌ره‌كیانه‌ كه‌ سونه‌ى عه‌ره‌ب و كوردیش له‌ناو ئه‌و پڕۆسه‌یه‌دا نه‌مێنێت و دواتر بۆخۆیان ببنه‌ حاكم و حوكمڕٍانى ڕه‌هاى عێراق،چونكه‌ ئه‌وان له‌ بنچینه‌دا نه‌بڕوایان به‌ بنه‌ما دیموكراسى و ئازادى و ته‌وافوقى سیاسى و پێكه‌وه‌ژیان و كاركردن نیه‌ و ڕێزیش له‌ مافى چاره‌نوس و بڕیارى گه‌لانى عێراق ناگرن كه‌ به‌زۆرینه‌ ده‌نگیان به‌ ده‌ستورێك داوه‌ كه‌ مافه‌كانیان پارێزراو بێت و عێراق دوور بخاته‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی تاك حیزبى و سه‌ركرده‌یه‌كى تاكڕه‌و كه‌ بڕواى به‌ گیانى برایه‌تى و ته‌بایى نه‌بێت و بڕواى به‌ سیسته‌مێكى دیموكراسى و فیدڕاڵى نه‌بێت كه‌ هه‌موان به‌ قه‌واره‌ و جوگرافیا و تواناى خۆیان به‌شداریه‌كى ئازادانه‌ و ئاره‌زومه‌ندانه‌ى تیابكه‌ن بۆ پێشكه‌وتن و دابینكردنى خۆشگوزه‌رانی بۆ سه‌رجه‌م تاك و گروپ و ته‌واوى كۆمه‌ڵگاى عێراقى.
پێده‌چێت له‌كۆتایى ڕێگاكه‌شدا له‌ ئه‌نجامى فشاره‌ سیاسى و ئابورى و ئه‌منیه‌كانه‌وه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ سونه‌ى عه‌ره‌ب و كورد به‌جیا ڕێگا چاره‌ وئاینده‌ى خۆیان دیاریبكه‌ن و هه‌ردووكیان به‌جیا ڕوو له‌ ده‌ره‌وه‌ى سنوره‌كانى ئێستاى عێراق بكه‌ن و قه‌واره‌ و ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆى خۆیان ڕابگه‌یه‌نن و چیدى له‌و وڵاته‌دا نه‌مێننه‌وه‌ كه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ به‌ هێز و به‌ تۆپزى پَكه‌وه‌ لكێنراوه‌،له‌وكاته‌شدا ئیدى وڵاتێك نامێنێت به‌یه‌ك ویه‌كگرتوویى خاك وگه‌لانى به‌ناوى عێراقه‌وه‌ و ئاشكراشه‌ ئۆباڵه‌كه‌شى ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆى زۆرینه‌ى ده‌سه‌ڵاتدارى شیعه‌ مه‌زهه‌ب.
‌‌ زیاتر ...
ستران عەبدووڵا
عەبدولواحید محەمەد
رێبواری ئیعلام
نەوزادی موهەندیس
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ