بیروڕا
ئایندەی هەرێمی كوردستان لە عێراقدا بەرەو كوێ‌؟
نەوزادی موهەندیس
ئاشكرایە لەدوای ڕووداوەكانی 16 ی ئۆكتۆبەر و داگیركردنەوەی سوپا و حەشدی شەعبی عێراقی بۆ ناوچە جێگا ناكۆكەكان لە كەركوك و خانەقین و دووزخورماتوو و داقوق و پردێ‌ و شەنگال و فیشخابور و سنوری سوریا و خازەر و بەعشیقە و ..هتد. كە پێكەوە 51% خاكی كوردستانیان پێك دەهێنا،كورد ڕووبەڕووی كارەسات و شكستی سیاسی و ئابوری و سەربازی و كۆمەڵایەتی و دەروونیش بۆتەوە،هەر ئەم شكستەش وای كرد كە كورد پێگە و مەقامی بەهێزی خۆی لەدەستبدات لەناوخۆ و ناوچەكە و دونیاش و بەتایبەتیش لەبەردەم دەسەڵاتدارانی عێراقدا. لە ئێستادا كورد شكستخواردوو و لاواز و عێراقیش بەهێز و سەركەوتوو دەردەكەوێت، بەتایبەتیش كە هەفتەی ڕابووردوو سەرۆك وەزیرانی عێراق د. حەیدەر عەبادی سەركەوتنی كۆتایی بەسەر داعشدا ڕاگەیاند و لە وتارەكەشیدا بەنیەتی پێشوەخت هیچ باسی لە ڕۆڵ و كاریگەری چەندین ساڵەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان نەكرد، ئەم هەڵوێستانەی بەغداد هەر لەخۆڕا نەهاتوە و بەبێ‌ ئاگایش دەریاننابڕێت،بەڵكو هەموو ئەو گوتار و كردارانە وەك جۆرێك لە فشاری دەروونی سەركەوتویەكە و دەینوێنێت بەرامبەر نەیارێكی عیناد ومەغرور و شكستخواردوودا كەلەپێشدا هیچ حسابێكی بۆ بەغداد نەدەكرد.
كورد لەم قۆناغەدا بەداخەوە لە لاوازترین هەڵوێست و پێگەدایە و ئەم دەرئەنجامەش لە ئەنجامی زۆر لەخۆڕازیبون و غرور و عینادی سیاسیەوە هات كە سەركردایەتی كورد بەبێ‌ گوێدانە هەڵوێست و پێگە و بڕیاری زلهێزەكانی دونیا و ناوچەكە و بەغدادیش سوار سەری خۆی بوو،وەكەوتە هەڵەیەكی گەورەی سیاسی كوشندەوە كەلەلایەك خەونی سەربەخۆبوونی لەناوبرد و لەلایەكی تریشەوە ئەوەی هەمان بوو لەدەستماندا، لەسەر زەمینەی واقع كورد 51% خاكەكەی لەدەستدا و بۆماوەی 26 ساڵ گەڕایەوە دواوە و سەرچاوەی داهاتەكانیشی لە فڕۆكەخانە و دەروازە سنوریەكان و نەوتەكەشی لەدەسبدات و لە ئێستادا داهاتی هەرێم بە ڕێژەی 60% كەمی كردوە.
بەداخەوە دەسەڵات و حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 26 ساڵی ڕابووردووشدا هەر بەناو حكومەت و دەسەڵات بوە،ئەگینا كە بەدیقەت لەكار و پڕۆژە و بەرنامەكانی وورد دەبیتەوە بەهیچ پێودانێك ناكرێت بخرێتە چوارچێوەی حكومەت یان حوكمڕانیەكی سەركەوتوەوە،چونكە لەهەموو بوارەكاندا شكستی خواردوە، حكومەتێك لانی كەمی ژیان و گوزەران و مووچەی مووچەخۆرانی خۆی و جەماوەرەكەی پێدابین نەكرێت ئیدی حكومەتی چیە؟ حكومەتێك نەتوانێت خزمەتگوزاریەكان لە ئاو و كارەبا و سووتەمەنی و تەندروستی و پەروەردە و خوێندنی باڵاو پڕۆژە ئاوەدانیەكانی پرد و ڕێگاوبان و پڕۆژە نیشتەجێبوەكان و كەرتەكانی كشتوكاڵی و پیشەسازی و گەشتوگوزاری ببوژێنێتەوە ،ئیدی حكومەت و دەسەڵاتی چیە؟
ئەم حكومەتە لەلایەك زۆر بێخەم و خەمساردە بەرامبەر داواكاری و مافە ڕەواكانی گەلەكەمان و لەلایەكیش بۆخۆی لەبەرامبەر عێراقدا خاوەنی سادەترین و بچوكترین بەدیل و جێگرەوە نیە لە هیچ بوارێكدا.
هەرێمی كوردستان لە دوای 25ی ئەیلولەوە زۆر تەریك و دابڕاو بوە لە عێراق و ناوچەكە و دونیاش،لەڕووی ئاست و گەرموگوڕی پەیوەندیەكانیەوە و كورد نەیتوانیوە لەماوەی 26 ساڵی ڕابووردوودا دۆستی كۆنكرێتی بۆخۆی و مەسەلەكەی پەیدا بكات یان نەیزانیوە چۆن و كێ‌ بكاتە دۆست و پشتیوان بۆخۆی.
هەربۆیە ئەم پێگە لاوازەی وایكردوە كە بەغدادیش بەو هەموو كێشە و گرفتە سیاسی و ئابوری و سەربازیانەی كەهەیەتی لەناوخۆدا ،تەنانەت وەڵامی داواكاری و دەستپێكردنەوەی گفتوگۆش ناكات لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێمدا، بۆیە ساڵی ئایندەش بۆ هەرێمی كوردستان وەكو ساڵانی پێشووتر دەبێتە ساڵێكی پڕ قەیران و نەهامەتی و نەبوونی و بەردەوامبوونی برسێتی و بێ مووچەیی و نەبونی پڕۆژە و ئاوەدانی.لەئەنجامی سیاسەتی هەڵەی ئابوری و بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی میلەتەكەمان بەناوی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆوە.
هەرێم پێویستە لەناوخۆدا نێوماڵی خۆی ڕێكبخاتەوە وسازان و ئاشتەوایی نیشتیمانی سازبدات و دامودەزگا شەرعیەكان كارابكاتەوە و حكومەتێكی ئاكتیڤ پێكەوە بنێت و داهات و خەرجیەكان شەفاف بكات و بەرەنگاری گەندەڵی ببێتەوە و یەكسانی و دادپەروری پیادە بكات،حكومەت لە حیزب جیا بكاتەوە و هەوڵی چاككردنەوەی پەیوەندیە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەكانیش بداتەوە لەگەڵ هەمواندا، كورد تابتوانێت لەگەڵ بەغدادا پەیوەندیەكانی ئاسایی بكاتەوە و بەردەوامی بدات بەژیان و مان و یەكگرتوویی هەرێم و قەوارە سیاسیەكەی.بەجدی كاربكات بۆ جێبەجێكردنی بەندەكانی دەستور كە هەرچەندە ئەم دەستورەش فریاد ڕەس نیە بۆ كورد،چونكە لەكاتی بەهێزبوونی كوردا نەمانتوانی و یان نەمان كرد دەستور جێبەجێبكەین ئەوا زۆر ئەستەمە لەم قۆناغی لاوازیەدا بەغداد بێتە ژێر ڕكێفی داواكاریەكانی كوردەوە،بەتایبەتیش جێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستور كە دەكرا كورد دوور لە جەنگ وكوشتار ببێتەوە بەخاوەنی شەرعی ئەو ناوچانە.
بۆیە ئەركی سەر شانی سەركردایەتی كورد لەبۆ ئایندە گەلێك سەخت و دژوارە ،بەڵام جێگەی بێئومێدیش نیە،چونكە ناوچەكە و دونیاش لە گۆڕانكاری بەردەومدان و زۆر ڕێگەی تێدەچێت جارێكی تر و چانسێكی تر بدرێتەوە بەكورد بۆ بەهێزبونەوە،جا تاكورد بەهێزنەبێتەوە و لەنێوخۆشیدا یەك و یەكگرتوو نەبێتەوە،سەختە گەیشتن بە ئامانجەكان،بۆیە ئایندەی هەرێم لە عێراقدا نەزۆر ڕۆشنە و نەزۆر تاریكە بەڵكو تەمومژاوی و لێڵە لانی كەم لەم قۆناغەدا.
‌‌ زیاتر ...
ستران عەبدووڵا
عەبدولواحید محەمەد
رێبواری ئیعلام
نەوزادی موهەندیس
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ