بیروڕا
2017ساڵی ناسۆر و كارەساتەكان
نەوزادی موهەندیس


بەداخ و كەسەرێكی گەورەوە كە مێژووی خەباتی كوردایەتیمان و مێژووی نەتەوەكەشمان بەدرێژایی هەزاران ساڵە، هەر بەڕەشی و تاریكی و بێئومێدی ماوەتەوە و گەر بۆ ساتێكی مێژوویی كورتیش بەخت یاوەرمان بوبێت ئەوا تاسەر و بۆ ماوەیەكی درێژ نەبوە، هەربۆیە گەر لاپەڕەكانی مێژوو هەڵبدەینەوە بەشی هەرە زۆری  ناسۆر و كارەسات و شكست و خۆخۆری و ململانێی ناڕەوای ناوخۆیی لەسەر پۆست و پلە و ئیمتیازات و دەسەڵاتێكی كاتی بوە، نەك لە پێناو نەتەوە و نیشتیماندا بوبێت وەك لاپەڕەیەكی گەش و ڕۆشن.
ڕاستە ئەم مێژووەی كورد سەرتاپای بەدەست و پلانی كورد خۆی نەخشی نەكێشراوە و بەشی هەرە زۆری لەلایەن دوژمنان و داگیركارانی كورد و كوردستانەوە پیلانی ناحەزانەی بۆ داڕێژراوە و كوردستانیان داگیر و دابەشكردوە لەم ناوچە گرنگەی ڕۆژهەڵاتی ناویندا،كە بۆخۆی وەك نەفرەتێكی ئەزەلی گیرۆدەی شەڕ و كوشتار و نائارامی بۆتەوە.
هەڵكەوتە و پێگەی جیۆسیاسی كوردستانیش هۆكاریكی زەقی ئەم نەفرەتی داگیر و دابەشكردنەی كوردستانە و كورد بۆخۆشی پێدەچێت لەئاست لێپرسراوێتی قۆناغەكان و گۆڕانكاری و پێشهاتەكاندا نەبوبێت و نەیتوانیبێت ئیدارەی ململانێ و پەیوەندیە ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانیەكان بكات ، جا ئەوەش یان لە نەزانین و بێئاگاییەوە بوە یان دوژمنان كوردیان فریوداوە و خاوەنی بەڵێنی خۆیان نەبونە و كوردیش بۆخۆی نەیزانیوە چۆن دۆست و دوژمنەكانی دیاریبكات و هەڵیانببژێرێت.
كورد لە ئێستادا و لەم ساڵی 2017ی سەدەی بیست ویەكەمەدا مێژوە ڕەش و تاڵەكەی خۆی دووپات دەكاتەوە ، ساڵی2017 وەكو هەمووساڵەكانی پێشخۆی ساڵێكی بە جەفاو وشك و بێ خێر و خۆشی بوو ،چونكە:
ساڵی دورینەوەی تەمەن و ژیانی چەندین لە سەركردە و ڕابەرە كاریزما مەزنەكانی گەلەكەمان بوو.
ساڵی داگیركردنەوەی 51%خاكی كوردستان و قەتیسكردنەوەی دەسەڵاتەكانی بوو كە بەخوێن و فرمێسكی هەزاران شەهید و بریندار ڕزگاركرابونەوە لە ساڵی 2014وە.
ساڵی بەردەوامبوونی قەیرانە دارایی و ئیداری و سیاسی و ئابوری و ئەمنی و خزمەتگوزاریەكانیشی هاتۆتە سەر و كوردستان لەم بەشەی باشووردا بە ناسۆرترین و جەرگبڕترین چركە ساتەكانی مێژووی خۆیدا تێپەڕدەكات.
ساڵێكی پڕ لەكاولكاری و داڕمانی ئاوەدانی و ژێرخانی ئابوری و گەڕانەوەی دۆخی سیاسی بۆ دەیەها ساڵی تر بۆ دواوە بوو.
ساڵی ڕوودانی كارەساتی سروشتی ((بوومەلەرزە)) لە  كرماشان و سەرپێڵی زەهاو و جوانڕۆ و گەرمیان وهەڵەبجە و دەربەندیخان و سلێمانی و و كەركوك و ...هتد.و زیان گەیاندن بە كوردو كوردستان بوو.
ساڵی سەرهەڵدانی بێئومێدی و چارەڕەشی لە ئایندە،لەئەنجامی هەڵەی سیاسی و بڕیاری كوشندە و ناڕاستی سەركردایەتی سیاسی كوردەوە و پەرتكردنی ڕیزەكانی نێوماڵی كورد خۆی وتێكدانی پەیوەندیە ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیەكانەوە بوو.
لەكاتێكدا كە كورد و مەسەلەكەی لەم چەند ساڵەی ڕابووردوودا زۆر گەشەیان كردبوو و گەورەببون و لەهەموو كۆڕو كۆبونەوە نێودەوڵەتیەكاندا بەگەرمی باسیان لێوەدەكرا و بەچاوێكی ڕێزیشەوە تەماشای خەبات و قوربانیەكانی كوردیان دەكرد، لەڕووی ئیدارە و دەسەڵاتیشەوە مامەڵەی دەوڵەتێكی سەربەخۆمان دەكرد نەك هەرێمێكی بچوكی نێو دەوڵەتێكی فیدڕاڵی ،بەڵام لەلایەك بەهۆی هەڵە خوێندنەوەی  هاوكێشە و گۆڕانكاریە سیاسیەكان و لەلایەكی تریشەوە بەهۆی عینادی سیاسیەوە هەموو دەسەڵات و دەسكەوتەكانی 26 ساڵی حوكمڕانیمان لەدەستداو گەڕاینەوە بۆ دەسەڵات و سنوری ساڵی 1991.
بۆیە بەهەق ساڵی 2017 لە مێژووی خەباتی كوردایەتیدا یەكێكە لە ساڵە بەجەفا و كارەساتبار و كاولكاریەكان و هیچ كات ئومێدی پێناخوازین و هەرگیز ناڵێین خۆزگەمان بەساڵی 2017 وخواخواشمانە هەرچی زووتر هەیە  ئەم 15 ڕۆژەی كەماوە  بەزوویی بەجێمان بهێڵێت  و بەرۆكمان بەربدات تاكارەساتی گەورەتر و جەرگبڕترمان بەسەردا نەهێنێت.
بەهیوای ئەوەی ئەم شكست و كارەساتانەمان زۆر درێژە نەكێشێت و ئەم نسكۆیەشمان بگۆڕینەوە بەسەركەوتن و هەستانەوە لە ئایندەیەكی نزیكدا.
 ساڵی دادێ‌ ساڵی 2018 ساڵی ئومێد و گەشانەوە و خۆشگوزەرانی و یەك و یەكگرتوویی نێوماڵی كورد بێت. ساڵی نەمانی قەیران و ترس و بێئومێدی بێت، ساڵی هەستانەوە و خۆنوێكردنەوەی كورد  بێت لەو گلانە سیاسی و سەربازی و ئابوریەی كەبەسەر خۆیدا هێنای.
‌‌ زیاتر ...
نەوزادی موهەندیس
ئاراز ڕەمەزان
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ