بیروڕا
شانشینی‌ ئال سعود له‌به‌رده‌م قۆناغی‌ خۆرئاوابونی‌ ده‌سه‌لاَتیاندا !
نەوزادی موهەندیس

ئه‌وه‌ی‌ ئاشكرایه‌ شانشینی‌ سعودیه‌ ته‌مه‌نی‌ له‌ ئێستادا 85 ساڵ ته‌واو ده‌كات كاتێك له‌لایه‌ن شا عه‌بدول عه‌زیزی‌ دامه‌زرێنه‌ره‌وه‌ له‌ 23ی‌ ئه‌یلولی‌ ساڵی‌ 1932دا توانی‌ سه‌رجه‌م خاكی‌ نه‌جد و حیجاز و تائیف له‌لایه‌ك ڕزگاربكات له‌ژێر ده‌ستی‌ ئیمپراتۆریه‌تی‌ عوسمانی‌  ئیسلامی‌ به‌ هاوكاری‌ و پشتیوانی‌ ئینگلیزی‌ مه‌سیحی‌ و له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ زاڵبوونی‌ ئال سعود به‌سه‌ر هه‌موو بنه‌ماڵه‌ و خێڵ و ڕكابه‌ره‌ سیاسیه‌كانیان له‌ بنه‌ماڵه‌ی‌ شه‌ریفی‌ كوڕی‌ حوسه‌ین و ئه‌وانی‌ تردا،و بۆخۆیان بونه‌ بالاَده‌ست و ده‌سه‌لاَتداری‌ یه‌كه‌می‌ ئه‌م شانشینه‌ و توانی‌ شانشینی‌ سعودیه‌ دابمه‌زرێنێت له‌دوای‌ یه‌كگرتنه‌وه‌ی‌ هه‌موو خاكه‌كه‌ی‌.
ئیدی‌ له‌و ساته‌ وه‌خته‌وه‌ تاكو ئێستا و به‌درێژایی‌ ته‌مه‌نی‌ شانشینه‌كه‌ بنه‌ماڵه‌ی‌ ئال سعود كۆنتڕۆڵی‌ هه‌موو جومگه‌ و ئۆرگانه‌ گرنگ و هه‌ستیاره‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ و سه‌ربازیه‌كانی‌ ئه‌و ولاَته‌یان خستۆته‌ ژێر ڕكێف و ده‌سه‌لاَتی‌ خۆیانه‌وه‌ و ئه‌ندامانی‌ بنه‌ماڵه‌یان دابه‌شكردۆته‌ سه‌ر هه‌موو ناوچه‌كان و له‌سایه‌ی‌ سیاسه‌تێكی‌ ئاینی‌ و مه‌زهه‌بی‌ سه‌له‌فی‌ دواكه‌وتوو كۆنه‌پارێزی‌ وه‌هابیه‌ته‌وه‌ و به‌ناوی‌ زیندووكردنه‌وه‌ و پارێزگاریكردن له‌ پێشینه‌ صاڵحه‌كانی‌ ئیسلام(( سلف الصالح)) ئه‌وپه‌ڕی‌ توندیان نواندوه‌ له‌سه‌پاندنی‌ بنه‌ما فكری‌ و ئاینی‌ و مه‌زهه‌بیه‌كانی‌ خۆیان و به‌شێوه‌یه‌ك سعودیه‌یان كردۆته‌ سه‌رچاوه‌ی‌ توندڕه‌وی‌ ئاینی‌ ئیسلام و هاندان و پشتیوانی‌ زۆرێك له‌ گروپ و ڕێكخراوه‌ ئیسلامیه‌ توندڕه‌وه‌كان له‌ جیهاندا به‌هۆی‌ ده‌وڵه‌مه‌ندی‌ و زۆری‌ داهاتی‌ نه‌وت و جێگه‌ پیرۆزه‌كانی‌ مه‌كه‌ و مه‌دینه‌وه‌،و نمونه‌ی‌ ئه‌و گروپانه‌ش وه‌ك ڕێكخراوی‌ ئه‌لقاعیده‌ی‌ ئوسامه‌ بن لادن و تاڵیبانی‌ ئه‌فغانشتان و موجاهیده‌كان له‌ پاكستان و كشمیر و داعش و به‌ره‌ی‌ ونوصره‌ و زۆری‌ تر كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان به‌ناوی‌ جیاوازه‌وه‌ له‌ ولاَتانی‌ ئیسلامی‌ و نائیسلامیدا بلاَوبونه‌ته‌وه‌ و كاری‌ تیرۆر و تۆقاندن ئه‌نجام ده‌ده‌ن، له‌لایه‌ك به‌ناوی‌ جیهادی‌ پیرۆزه‌وه‌ دژ به‌ نا موسوڵمان و حوكمڕانه‌ تاغوته‌ ئیسلامیه‌كان و له‌لایه‌كی‌ تریش به‌ناوی‌ وه‌ستانه‌وه‌ دژی‌ هه‌ڵكشان و گه‌وره‌بون و ته‌شه‌نه‌كردنی‌ مه‌زهه‌بی‌ كه‌مینه‌ی‌ شیعی‌ وه‌ك ڕكابه‌ری‌ سه‌ره‌كی‌ مه‌زهه‌بی‌ زۆرینه‌ی‌  سونه‌ له‌ ئیسلامدا كه‌ له‌لایه‌ن ئێرانی‌ مه‌جوس و فارسیه‌وه‌ ڕابه‌رایه‌تی‌ ده‌كرێت و له‌ ئێستادا بۆته‌ مه‌ترسی‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌ بۆ سه‌ر نفوز و پێگه‌ و ده‌سه‌لاَتی‌ ئال سعود له‌ ناو خودی‌ سعودیه‌ و ناوچه‌كه‌ و دونیای‌ ئیسلامیشدا.
 ئاشكرایه‌ كه‌ ململانێی‌ توند و خوێناوی‌ شیعه‌ و سونه‌ مه‌زهه‌به‌كان به‌قولاَیی‌ مێژووی‌ ئیسلامی‌ 1400 ساڵه‌یدا قوڵبۆته‌وه‌ و ڕه‌گی‌ داكوتاوه‌ و ئه‌سته‌مه‌ به‌سانایی‌ كۆتایی‌ بێت.
شانشینی‌ سعودیه‌ به‌م هه‌موو ململانێ‌ ناوخۆییه‌ی‌ كه‌ هه‌یه‌تی‌ له‌ناو خودی‌ بنه‌ماڵه‌ و  پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگای‌ سعودیدا له‌ سونه‌ و شیعه‌ و بێباوه‌ڕانیش و جۆری‌ سیسته‌می‌ حومڕانی‌ داخراو و كۆنه‌ پارێز و له‌گه‌ڵ بون و به‌رده‌وامی‌ دیارده‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌ ئیداری‌ و دارایی‌ و سیاسی‌ و سه‌ربازی‌، بلاَوبنه‌وه‌شی‌ له‌ناو خودی‌ بنه‌ماڵه‌ی‌ ده‌سه‌لاَتدار و دواتریش بۆ هه‌موو ئۆرگانه‌كانی‌ ولاَت و ده‌وڵه‌تدا و ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی‌ ده‌سته‌ و گروپ و چینێكی‌ دیاریكراو له‌بنه‌ماڵه‌ی‌ فه‌رمانڕه‌واو هه‌ژاركه‌وتنی‌ چێنێكی‌ گه‌وره‌تری‌ كۆمه‌ڵگای‌ سعودیه‌ سه‌ره‌ڕای‌ بوونی‌ سه‌روه‌ت و سامانێكی‌ سروشتی‌ له‌و ولاَته‌دا به‌تایبه‌تیش نه‌وت و غازی‌ سروشتی‌ كه‌ سعودیه‌ یه‌كه‌مین ولاَتی‌ به‌رهه‌مهێن و هه‌نارده‌كاری‌ نه‌وته‌ له‌ ناوچه‌كه‌ و له‌سه‌ر ئاستی‌ دونیاشدا دووهه‌مینه‌ و ڕۆژانه‌ زیاد له‌ 10 ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی‌ خاو به‌رهه‌م دێنێت.به‌لاَم به‌هۆی‌ ده‌ستگرتنی‌ ده‌سته‌ و گروپێكی‌ مافیایی‌ به‌سه‌ر توانا و وزه‌ی‌ ئه‌و ولاَت و كۆمه‌ڵگایه‌دا و بونی‌ گه‌نده‌ڵیه‌كی‌ گه‌وره‌ ـسعودیه‌ وه‌ك چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ناتوانێت بۆ چه‌ند ده‌یه‌ ساڵێكی‌ تر له‌سه‌ر ئه‌م ڕێتمی‌ حوكمڕانیه‌ به‌رده‌وام بێت كه‌ خۆی‌ ده‌نوێنێت له‌ پشتاوپشتكردنی‌ ده‌سه‌لاَت له‌نێوان ئه‌ندامانی‌ خێزانی‌ شاهانه‌ی‌ پیر و به‌ته‌مه‌نه‌كاندا كه‌ له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتن و ته‌كنه‌لۆجیا و گۆڕانكاریه‌ نوێكان و نه‌زمی‌ نوێی‌ جیهاندا وێكنایه‌نه‌وه‌ و توانای‌  وه‌رگرتن و به‌ره‌وپێشبردنی‌ شانشینی‌ سعودیه‌یان نیه‌ ، بۆیه‌ له‌هه‌نگاوێگی‌ چاوه‌ڕواننه‌كراو و ده‌رچوو له‌ عورف و عاداتی‌ هه‌شتاساڵه‌ی‌ بنه‌ماڵه‌ی‌ فه‌رمانڕه‌وا و دوای‌ كۆچی‌ شا عه‌بدولاَ و هاتنه‌ سه‌ر حوكمی‌ شا سه‌لمان یه‌كسه‌ر و ڕاسته‌وخۆ و به‌دڵنیایی‌ له‌دوای‌ ڕاوێژ و ئامۆژگاری‌ و فشاری‌ دونیای‌ ده‌ره‌وه‌ به‌تایبه‌تی‌ ئه‌مریكی‌ و ئه‌وروپیه‌ دۆسته‌كانیان،شا سه‌لمان له‌ماوه‌ی‌ كه‌متر له‌ساڵێكدا كۆمه‌ڵێك بڕیاری‌ گه‌وره‌ و گرنگ و هه‌ستیاری‌ ده‌ركرد له‌ گۆڕانكاری‌ وه‌زیر و پۆست و پله‌ گرنگه‌كان و له‌ناویشیاندا لابردنی‌ جێنشینی‌ خاوه‌ن ئه‌زموون و پیازی‌ شاره‌زا له‌ بواری‌ ئه‌منیدا محمد كوڕی‌ نایفی‌ برازای‌ و هێنانه‌ پێشه‌وه‌ی‌ كوڕه‌كه‌ی‌ خۆی‌ محمد كوڕی‌ سه‌لمانی‌ تازه‌ پێگه‌یشتووی‌ ته‌مه‌ن  32 ساڵ و كردنی‌ به‌جێنشینی‌ خۆی‌ و پێدانی‌ چه‌ند پۆست و ده‌سه‌لاَتێكی‌ گه‌وره‌ و گرنگ وه‌ك وه‌زیری‌ به‌رگری‌ و جێگری‌ سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌ركرده‌ی‌ هێزی‌ نیشتیمانی‌ و پاسه‌وانی‌ پادشایی‌ و لێپرسراوی‌ مه‌له‌فی‌ ئابوری‌ و ئه‌منی‌ و زۆری‌ تر. كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك له‌ ئێستادا ئه‌و بۆته‌ شا و بڕیاربه‌ده‌ستی‌ كۆتایی‌ شانشینی‌ ئال سعود و وه‌ك پێشبینیش ده‌كرێت بۆئه‌وه‌ی‌ به‌ته‌واوه‌تی‌ ئاماده‌ی‌ بكات بۆ وه‌رگرتنی‌ پۆستی‌ پادشای‌ سعودیه‌ شا سه‌لمان له‌ هه‌نگاوێكی‌ دژه‌ باودا خۆی‌ ده‌ستله‌كاربكێشێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ محه‌مه‌دی‌ كوڕی‌ ببێته‌ پادشا و ئیدی‌ كۆتایی‌ به‌نه‌ریتی‌ كلاسیكی‌ ئاڵوگۆڕی‌ ده‌سه‌لاَت بهێنێت و بیكاته‌ فه‌رمانڕه‌وای‌ ڕه‌ها له‌ سعودیه‌دا.وه‌ك ده‌نگۆی‌ ئه‌وه‌ بڵاوه‌ كه‌ تاكۆتایی‌ ساڵی‌ 2017 و سه‌ره‌تای‌ ساڵی‌ 2018 ئه‌و گۆڕانكاریه‌ گه‌وره‌یه‌ ئه‌نجام بدرێت.
شازاده‌ محمدی‌ كوڕی‌ شا سه‌لمان گه‌نجێكی‌ وه‌ك ده‌وترێت به‌توانا و وزه‌ی‌ گه‌وره‌یه‌ و تاڕاده‌یه‌ك له‌ماوه‌ی‌ ڕابووردوودا توانیویه‌تی‌ توانا و لێهاتوویی‌ خۆی‌ پیشان بدات و په‌یوه‌ندیه‌ ناوچه‌یی‌ و عه‌ره‌بی‌ و ئه‌وروپی‌ و ئه‌مریكی‌ و ڕوسیه‌كانی‌ گه‌شه‌ پێبدات و خۆی‌ بكاته‌ دۆست و پشتیوانیی‌ ئه‌وانیش به‌ده‌ستبێنێت، شازاده‌ محمد كاریگه‌ری‌ بنه‌ماڵه‌ی‌ زایدی‌ ئیماراتی له‌سه‌ره‌ و به‌تایبه‌تیش جێنشینی‌ ئیمارات شازاده‌ عه‌بدولاَی‌ كوڕی‌ زاید كه‌ هاوته‌مه‌ن و هاوڕاو و زۆر نزیكن له‌ڕووی‌ فكر و كرداره‌وه‌ و ئه‌ویش له‌ ئیماراتدا ڕۆڵی‌ گه‌وره‌ و به‌رچاوی‌ هه‌بووه‌ له‌ پێشخستنی‌ ولاَته‌كه‌یدا.
شازاده‌ محه‌مه‌د له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ سعودیه‌ ماوه‌ی‌ زیاتر له‌ ساڵێكه‌ وه‌ك وه‌زیری‌ به‌رگری‌ سه‌ركردایه‌تی‌ به‌ره‌یه‌كی‌ عه‌ره‌بی‌ ئیسلامی‌ سه‌ربازی‌ ده‌كات دژ به‌ حوسیه‌كانی‌ یه‌مه‌ن ،هه‌رچه‌نده‌ سه‌ركه‌وتنی‌ گه‌وره‌ی‌ به‌ده‌ستنه‌هێناوه‌ به‌لاَم توانیویه‌تی‌ به‌ر به‌ گه‌وره‌بون و پێشكه‌وتنیان بگرێت كه‌ بونه‌ته‌ مه‌ترسی‌ ڕاسته‌قینه‌ له‌سه‌ر سعودیه‌ و ئاشتی‌ و ئارامیه‌كه‌ی‌.هه‌روه‌ها خاوه‌نی‌ پڕۆژه‌ی‌ گه‌شه‌داری‌ ئابوری‌ گه‌وره‌یه‌ كه‌ تاساڵی‌ 2030 به‌نیازه‌ جێبه‌جێی‌ بكات ،و ڕووی‌ له‌ ئازادكردنی‌ ئابوری‌ و بازاڕه‌ و ته‌نانه‌ت بوار و كه‌رتی‌ نه‌وتیش به‌ده‌ر نیه‌ له‌و به‌رنامه‌یه‌ كه‌ ئاشكرایه‌ نه‌وت و داهاته‌كه‌ی‌ تاكه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ گه‌وره‌ی‌ ئابوری‌ سعودیه‌ن و له‌ سه‌ر ئاستی‌ كۆمه‌لاَیه‌تیش هه‌ڵگری‌ بیر وباوه‌ڕی‌ كراوه‌نه‌وه‌ی‌ زیاتری‌ كۆمه‌ڵگا و خاوكردنه‌وه‌ی‌ بیروباوه‌ڕی‌ توندڕه‌وه‌ ئاینیه‌كانه‌ و لایه‌نگری‌ پێدانی‌ ئازادی‌ زیاتره‌ به‌تاكی‌ سعودی‌ له‌ پیاوان و ژنان و ڕێگه‌ی‌ داوه‌ كه‌ ژنان ببنه‌ شۆفێر و لێخوڕی‌ ئۆتۆمبێل كه‌ تائێستا له‌كاره‌ قه‌ده‌غه‌ و حه‌رامكراوه‌كان بوه‌ و لایه‌نگری‌ كرانه‌وه‌ی‌ بواری‌ په‌روه‌رده‌ و فێركردنیشه‌و لایه‌نگری‌ لابردنی‌ فكری‌ توندڕه‌ویه‌ له‌ به‌رنامه‌ و مه‌نهه‌جی‌ خوێندندا.
جا له‌ پێناو سه‌رخستنی‌ ئه‌م ئاوات و خواست و به‌رنامانه‌دا پێویستی‌ به‌ چه‌سپاندنی‌ زیاتری‌ ده‌سه‌لاَته‌كه‌ی‌ ده‌بێت بۆئه‌وه‌ی‌ ببێته‌ پیاوی‌ یه‌كه‌می‌ بێڕكابه‌ر و ئه‌مه‌ش گه‌ره‌كه‌ كه‌ به‌پله‌ی‌ یه‌كه‌م دژی‌ گه‌نده‌ڵی‌ و گه‌نده‌ڵكارانی‌ ناو بنه‌ماڵه‌ی‌ شاهانه‌ و ده‌سته‌بژێری‌ حومڕانی‌ و ده‌وڵه‌مه‌ند و سه‌رمایه‌دار و  خاوه‌ن پۆسته‌ تایبه‌تیه‌كان بوه‌ستێته‌وه‌،هه‌ربۆیه‌ له‌ ڕێكه‌وتی‌ شه‌مه‌ی‌ 4ی‌ نۆڤه‌مبه‌ره‌وه‌ ده‌ستی‌ كردوه‌ به‌ ڕاگه‌یاندنی‌ هه‌ڵمه‌تێكی‌ چاكسازی‌ و لێپرسینه‌وه‌ له‌گه‌نده‌ڵكاران و له‌و كاته‌وه‌ تائێستا 11 شازاده‌ی‌ بنه‌ماڵه‌ی‌ شاهانه‌ كه‌ له‌ناویاندا وه‌لید كوڕی‌ ته‌لالی‌ سه‌رمایه‌دار و ملیاردێری‌ به‌ناوبانگی‌ جیهانی‌ هه‌یه‌ و 4 وه‌زیر و ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌ به‌رپرسان و سه‌رمایه‌دانی‌ ئه‌و ولاَته‌ی‌ ده‌ستگیركردوه‌ و خستونیه‌ته‌ ژێر چاودێری‌ و لێكۆڵینه‌وه‌وه‌ و بلۆككردنی‌ 1700 حسابی‌ بانكیشی‌ ئه‌نجامداوه‌ . له‌ سه‌ر ئاستی‌ ده‌ره‌كیشدا كۆمه‌ڵێك مه‌ترسی‌ و ئاڵنگاری‌ ڕووبه‌ڕووی‌ ده‌بێته‌وه‌ هه‌ر له‌ حوسیه‌كانی‌ یه‌مه‌ن به‌ پاڵپشتی‌ ئێران و ناكۆكیه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی‌ قه‌ته‌ری‌ دراوسێدا و له‌گه‌ڵ ئێران و عێراق له‌ ناوچه‌كه‌دا و ته‌نانه‌ت توركیا و میسر و و ئسیرائیلیش .
تائێستا له‌ناوخۆی‌ ولاَتدا ده‌ستخۆشی‌ و به‌گه‌رمه‌وه‌ پێشوازیكردنی‌ له‌م هه‌نگاوانه‌ی‌ شازاده‌ محه‌مه‌د كراوه‌ و زۆرینه‌ی‌ كۆمه‌ڵگای‌ سعودیه‌ به‌ده‌ستپێكی‌ قۆناغێكی‌ نوێی‌ كرانه‌وه‌ و بوژاندنه‌وه‌و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ زیاتری‌ لێكده‌ده‌نه‌وه‌ و له‌سه‌ر ئاستی‌ ناوچه‌كه‌ و زلهێزه‌كان و دونیای‌ دیموكراسیشدا پێشوازی‌ گه‌رمیان لێكردوه‌.
به‌لاَم ئه‌م هه‌نگاو وخواست و به‌رنامه‌ خۆشخه‌یاڵیانه‌ی‌ ئه‌م شازاده‌ گه‌نج و كه‌م ئه‌زمون و خۆسه‌پێنه‌ی‌ شانشینی‌ سعودیه‌ ،ئایا ده‌كرێت ببێته‌ فریادڕه‌سی‌ ئێستا و ئاینده‌ی‌ شانشینه‌كه‌؟ یان ده‌بێته‌ هۆكارێك بۆ زووتر و خێراتركردنی‌ هه‌نگاوه‌كانی‌ لێكهه‌ڵوه‌شان و نه‌مان و بچوكبونه‌وه‌ی‌ پێگه‌و نفوزی‌ شانشینه‌كه‌ له‌ناوچه‌كه‌ و دونیاشدا؟ ئایا ئه‌م هه‌وڵ و پاوانخوازی‌ و خۆسه‌پێنیه‌ی‌ ئه‌م شازاده‌یه‌ نابێته‌ هۆی‌ سه‌ره‌تایه‌ك بۆ كۆتایهاتنی‌ یه‌كجاره‌كی‌ ده‌سه‌لاَتی‌ 85 ساڵه‌ی‌ بنه‌ماڵه‌ی‌ ئالسعود؟ ئایا هه‌موو ئه‌م گۆڕانكاریانه‌ی‌ به‌ سانایی‌ بۆ ده‌چێته‌ سه‌ر؟ یان ڕووبه‌ڕووی‌ دژایه‌تی‌ و مقاوه‌مه‌تی‌ ئه‌ندامانی‌ بنه‌ماڵه‌ی‌ شاهانه‌ ده‌بێته‌وه‌ بۆ ڕێگریكردنی‌؟
بۆیه‌ هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان ڕێگه‌یان تێده‌چێت و كراوه‌ن و ده‌كرێت وه‌ك گریمانه‌یه‌كی‌ مه‌ترسیداریش لێیان بڕوانرێت،له‌كاتێكدا گۆڕانكاریه‌كان و پێشهات و ململانێ‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ و سه‌ربازیه‌كانی‌ ناوچه‌كه‌ ڕۆژ به‌ڕۆژ گه‌رمتر و توندتر ده‌بن كه‌ هه‌موانیان پێكه‌وه‌ ده‌بنه‌ مایه‌ی‌ ته‌قینه‌وه‌ی‌ بارودۆخه‌كه‌ به‌ره‌و خراپتربون و تێكچوون و فه‌وزا و بێسه‌روبه‌ری‌ زیاتر كه‌ ئه‌مه‌ ته‌نها كۆمه‌ڵگا و گه‌لان و ده‌سه‌لاَتدارانی‌ ناوچه‌كه‌ زیانی‌ لێده‌كه‌ن و له‌ پێش هه‌موانیشه‌وه‌ بنه‌ماڵه‌ی‌ ئالسعود كه‌ له‌ ئێستادا گیرۆده‌ی‌ لێكترازان و لێهه‌ڵوه‌شان و ململانێی‌ ناوخۆیی‌ بنه‌ماڵه‌یی‌ بونه‌ته‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌ك باس له‌ هه‌ڵهاتنی‌ هه‌ندێك له‌شازاده‌كان ده‌كرێت بۆ ئێرانی‌ دژوژمنی‌ سه‌رسه‌ختی‌ ئال سعود و ده‌سه‌لاَته‌كه‌یان و به‌هه‌مان ئه‌زمونی‌ سالاَنی‌ شه‌سته‌كاندا تێپه‌ڕ ده‌بن كاتێك كۆمه‌ڵێك له‌ شازاده‌كانی‌ بنه‌ماڵه‌ و له‌ناویشیاندا باوكی‌ وه‌لیدی‌ ملیادردێر په‌نایان برده‌ به‌ر عه‌بدولناصر له‌ میسر بۆ دژایه‌تیكردنی‌ ده‌سه‌لاَتداری‌ سعودیه‌ له‌ سه‌رده‌می‌ شا فه‌یسه‌ڵدا.ئه‌وكات توانرا به‌حیكمه‌ت و ژیری‌ بیرمه‌ندان و خاوه‌ن ئه‌زمونی‌ بنه‌ماڵه‌كه‌ سه‌ربكه‌ون به‌سه‌ر ئه‌و تێكچوون و لێكدابڕانه‌ی‌ ناو بنه‌ماڵه‌ی‌ شاهانه‌دا،به‌لاَم له‌ ئێستادا و له‌ئه‌نجامی‌ ئه‌م سه‌ركێشی‌ و خوێنگه‌رمی‌ و له‌خۆبایبونه‌ی‌ شازاده‌ محه‌مه‌ده‌وه‌  و نه‌مانی‌ حه‌كیمه‌كانی‌ بنه‌ماڵه‌ له‌ده‌سه‌لاَتدا مه‌ترسی‌ زۆر هه‌یه‌ له‌سه‌ر زیاتر تێكچوون و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ یه‌ك و یه‌كگرتوویی‌ بنه‌ماڵه‌ و دواتریش ته‌واوی‌ ده‌سه‌لاَتی‌ 85 ساڵه‌ی‌ ئال سعود. گه‌ر هه‌ندێك پێیان وابێت ئه‌م قۆناغه‌ هه‌ڵهاتنی‌ ڕۆژێكی‌ نوێیه‌ بۆ شازاده‌ محه‌مه‌د ئه‌وا به‌دڵنیای‌ قۆناغی‌ خۆرئاوابونی‌ ده‌سه‌لاَت و یه‌ك و یه‌كگرتوویی‌ ئال سعود ده‌بێت .كه‌بۆخۆشی‌ ئه‌م ڕووداوه‌ كاریگه‌ری‌ گه‌وره‌ی‌ ده‌بێت له‌سه‌ر ته‌واوی‌ ئاشتی‌ و ئارامی‌ ناوچه‌كه‌ و تێكدانی‌ پلان و به‌رنامه‌ی‌ زلهێزه‌كان و ده‌ستپێكی‌ قۆناغێكی‌ نوێ‌ له‌داگیر و دابه‌شكردنه‌وه‌ی‌  ناوچه‌كه‌ بۆ 100 ساڵی‌ ئاینده‌.
‌‌ زیاتر ...
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
سه‌ربه‌ست جیهاد
د.به‌ختیارشاوه‌یس
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
نەوزادی موهەندیس