بیروڕا
كۆنگره‌یه‌كى چۆنمان گه‌ره‌كه‌ بۆ یه‌كێتیه‌كه‌مان؟
نەوزادی موهەندیس

سه‌ره‌تا هه‌موو حیزبێكى سیاسى وه‌ك بونه‌وه‌رێكى زیندوو به‌چه‌ندین قۆناغى  گه‌وره‌بوون وپێگه‌یشتن و دواتریش نوچدان و لاوازبوون و ته‌نانه‌ت مردنیش ده‌بێته‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر سه‌ركردایه‌تى و ڕابه‌رى هه‌ر حیزبێك هه‌میشه‌ له‌هه‌وڵى به‌ گه‌نجى و به‌هێزى و پته‌وى هێشتنه‌وه‌ى ڕیزه‌كانى حیزبه‌كه‌یدا بێت و هه‌میشه‌ به‌دیقه‌ته‌وه‌ پلانى گه‌شه‌كردنى بۆ دابنێت  و چاودێریشى بكات.حیزبى سیاسى بریتیه‌ له‌ په‌یڕه‌وى ناوخۆ و به‌رنامه‌ى تاكتیكى و ستراتیژى و هه‌ڵگرى ئایدیایه‌كى نوێ و ڕچه‌و ڕێبازێكى جیاكه‌ره‌وه‌ له‌ حیزبه‌كانى تر و پابه‌ندبونیه‌تى به‌ بنه‌ما سه‌ره‌كى و كاركردنى بۆ وه‌دیهێنانى ئامانج و دروشمه‌كانى و هه‌وڵدانه‌ بۆ گرتنه‌ ده‌ستى ده‌لسه‌ڵاتى سیاسى له‌ كۆمه‌ڵگادا و دواتریش له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ پیاده‌كردنى سیاسه‌ت و به‌رنامه‌كانێتى له‌ پێناو به‌رده‌وامبون و مانه‌وه‌ى زیاترین كات له‌ده‌سه‌ڵاتدا ئه‌وه‌ش به‌ خزمه‌تكردنى كۆمه‌ڵگاو جه‌ماوه‌ر و لایه‌نگره‌كانى خۆى ده‌بێت.
حیزبى سیاسى سه‌ركه‌وتوو یان سه‌ركرده‌ و ڕابه‌ر  و سه‌ركردایه‌تى به‌كۆمه‌ڵى سه‌ركه‌وتوش بریتین له‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ى كه‌ بتوانن یه‌ك ڕیزى و یه‌ك گوتارى حیزبه‌كه‌یان بپارێزن و تۆكمه‌ و پته‌و ڕایبگرن ئه‌وه‌ش به‌ ناوه‌ندێتى له‌ بڕیاردان و ڕاوێژكردنى به‌رده‌وام و كارى ده‌سته‌جه‌معى ده‌بێت نه‌ك تاكڕه‌وى و دیاریكردن و دابه‌شكردنى ده‌سه‌ڵاته‌كانه‌ به‌سه‌ر هه‌موو ئۆرگان و كه‌سه‌كاندا و دواتریش پابه‌ندبونه‌ به‌ به‌ند و ماده‌كانى په‌یڕه‌وى ناوخۆ و جێبه‌جێكردنى بنه‌ماى سزا و پاداشته‌.
هه‌روه‌ها بۆئه‌وه‌ى حیزبى سیاسى و كادر و لایه‌نگر و ئه‌ندامانیشى له‌سه‌ره‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌ هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ گۆڕانكارى و ڕه‌وت و پێشهاته‌كاندا به‌ره‌و پێش بچن گه‌ره‌كه‌ هوشیارى سیاسى و ئابورى و كۆمه‌ڵایه‌تیان له‌گه‌شه‌كردنى به‌رده‌وامدا بێت و كارى خۆڕۆشنبیركردن و پێگه‌یاندنى كادرى هوشیار ئه‌ركى حیزب و سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌یه‌تى. چونكه‌ هیچ حیزبێكى سیاسى گه‌وره‌ یان بچوك وبه‌ره‌وپێش ناچێت به‌بێ بوونى كادرى هوشیار به‌ زانست و مه‌عریفه‌ى نوێى سه‌رده‌میه‌وه‌،چونكه‌ چه‌قبه‌ستن و دۆگمابوونى بیر و عه‌قڵى كادر ده‌بێته‌هۆى دواكه‌وتن و پوكانه‌وه‌ و مردنى حیزبى سیاسى.
هه‌روه‌ها حیزبى سیاسى گه‌ره‌كه‌ هه‌میشه‌ زیندوێتى خۆى  ڕابگرێت و تواناى ده‌ستپێشخه‌رى سیاسى له‌ده‌ست نه‌دات،چونكه‌ هه‌ر حیزبێك نه‌یتوانى به‌به‌رده‌وامى كارى چاكسازى و نوێبونه‌وه‌ له‌ عه‌قڵ و جه‌سته‌ و بیر و ڕێبازى خۆیدا بكات ئه‌وا به‌دڵنیایى ده‌بێته‌ پاشكۆ و به‌ره‌و لاوازى و پوكانه‌وه‌ ده‌چێت.
ئاشكراشه‌ كارى گۆڕانكارى و چاكسازى و نوێبونه‌وه‌ له‌ ناو هه‌ر حیزب و ته‌نانه‌ت ڕێكخراوى مه‌ده‌نى و گروپ و چالاكوانه‌ هونه‌رى و زانستى و پیشه‌كانیشدا به‌نده‌ به‌ به‌ستن و سازدان و چێكردنى پلینۆم یان كۆنگره‌ى گشتى حیزبه‌وه‌، به‌بێ گرێدانى كۆنگره‌و گۆڕانكارى ده‌ورى و له‌كاتى خۆیدا،ئه‌وا له‌لایه‌ك تاكڕه‌وى و به‌رژه‌وه‌ندخوازى و دیارده‌ى ته‌كه‌تولى ناڕه‌وا  و قۆرخكارى ده‌سه‌ڵات و خۆسه‌پاندن و له‌ڕێگه‌لادان سه‌رهه‌ڵده‌دات و له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ كێشه‌ و گرفته‌ سیاسى و ئابورى و كۆمه‌ڵایه‌تى و سه‌ربازى و خزمه‌تگوزرایه‌كان  زیاد ده‌بن و له‌قه‌واره‌ى ئاسایى خۆیان قه‌به‌تر ده‌بن و ئه‌وكاتیش چاره‌سه‌ر و بنه‌بڕكردنیان سه‌خت و دژوار ده‌بێت، له‌هه‌مان كاتیشدا داواكارى و پێداویستیه‌كانى تاك و كۆمه‌ڵگاش زیاد ده‌بن و گۆڕانكاریان به‌سه‌ردا دێت، جا بۆ وه‌ڵامدانه‌وى هه‌موو ئه‌و هۆكارانه‌ گه‌ره‌كه‌ كه‌ حیزبى سیاسى به‌به‌رده‌وامى له‌ كارو پڕۆسه‌ى خۆ نوێكردنه‌وه‌دا بێت له‌ جه‌سته‌ و بیر و پلان و عه‌قڵیه‌تى خۆیدا كه‌ ئه‌وه‌ش له‌ گۆڕانكارى له‌كه‌سه‌كان له‌ به‌رنامه‌ و په‌یڕه‌وى ناوخۆ و ڕچه‌ و ڕێبازى خۆیدا ده‌بێت.
له‌ئێستادا یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان ،وه‌ك حیزبێكى گه‌وره‌ و كاریگه‌رى سه‌ر گۆڕه‌پانى سیاسى كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ش و ته‌نانه‌ت دونیاش،گه‌ره‌كه‌ كه‌ له‌م قۆناغه‌ هه‌ستیار و ناسكه‌دا كۆنگره‌ى چواره‌مى خۆى ببه‌ستێت،
پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌  ئه‌و هۆكار و پاڵنه‌رانه‌ چین كه‌ پێویستبوون و زه‌روره‌تى به‌ستنى كۆنگره‌ى چواره‌میان كردۆته‌ باسى ڕۆژه‌ڤ ؟
گه‌لێك هۆكار بونه‌ته‌  ده‌خوازن كه‌ كۆنگره‌ى چواره‌مى یه‌كێتى ببه‌سرێت له‌وانه‌:
له‌دواى كۆچكردنى ڕابه‌ر و دامه‌زرێنه‌ر و باوكى ڕۆحى هه‌موو یه‌كێتى و یه‌كێتیه‌كان و كاریزما و هه‌ڵكه‌وتوى گه‌له‌كه‌مان و شكۆى نه‌ته‌وه‌كه‌شمان هه‌ڤاڵ مام جه‌لال و دروستبوونى بۆشاییه‌كى گه‌وره‌ له‌ جێگه‌ و پێگه‌ى سكرتێرى گشتى یه‌كێتیدا ،هێنده‌ى تر به‌ستنى كۆنگره‌ نه‌ك هه‌ر بۆته‌ پێویستیه‌كى حه‌تمى به‌ڵكو له‌گه‌ڵیشیدا بۆته‌ مه‌تڵه‌بێكى فراوان و سه‌ره‌كى سه‌رجه‌م سه‌ركردایه‌تى و ئۆرگان و ئه‌ندام و لایه‌نگرانى یه‌كێتى له‌ناوخۆى خۆیدا و هه‌روه‌ها مه‌تڵه‌بێكى جه‌ماوه‌رى كوردستان و ته‌نانه‌ت حیزب و سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كانیش.چونكه‌ هه‌موان باش له‌ ڕۆڵ و كاریگه‌رى و گرنگى بڕیاره‌كانى یه‌كێتى تێده‌گه‌ن و بون و به‌رده‌وامى و به‌هێزى یه‌كێتى بۆ هه‌موان له‌ كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ش ماناى ڕاگرتنى به‌ڵانسى هێز و هاوكێشه‌ ناوخۆیى و ناوچه‌ییه‌كان و پارێزه‌رى ئه‌مان و ئاسایشى گه‌ل و نیشتمان و نه‌ته‌وه‌شه‌ و له‌گه‌ڵیشدا پارێزه‌ر و ڕاگرى دۆخ و كه‌شه‌وهه‌واى سیاسى و ودیموكراتى و ئازادیه‌كانیشه‌ و به‌مانایه‌كى تریش پارێزه‌رى ئاسایش و ئابورى و ئه‌مانیشه‌ بۆ هه‌موان و ڕێگه‌ گرتنیشه‌ له‌ پاوانخوازى و تاكڕه‌وى و قۆرخكارى ده‌سه‌ڵات له‌كوردستان و عێراقیشدا.
 نه‌مانى مه‌ترسى جه‌نگى داعش له‌سه‌ر كوردستان.
به‌داخه‌وه‌ داگیركردنه‌وه‌ى  ناوچه‌ دابڕێنراو و جێگه‌ ناكۆكه‌كانى كوردستان له‌لایه‌ن سوپاى عێراقیشه‌وه‌ وه‌ك كاره‌سات و ڕووداوێكى گه‌وره‌ و كاریگه‌ر كه‌ هه‌قه‌ خوێندنه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنى ووردى بۆ بكرێت كه‌ ئه‌مه‌ش كارى كۆنگره‌یه‌، به‌ستنى كۆنگره‌ى كردۆته‌ زه‌روره‌تێكى حه‌تمى.
كه‌ڵه‌كه‌بوون و به‌رده‌وامى كێشه‌ و ململانێ ناڕه‌واكانى ناوخۆى یه‌كێتیش له‌ چه‌ند ساڵى ڕابووردوودا و به‌تایبه‌تیش له‌دواى كۆنگره‌ى سێهه‌مه‌وه‌،جارێكى تر به‌ستنى كۆنگره‌ى كردۆته‌ كارێكى زێده‌ هه‌نوكه‌یى.
 تێپه‌ڕبوونى زیاد له‌ 4 ساڵ به‌سه‌ر واده‌ى به‌ستنى كۆنگره‌دا و نه‌مانى شه‌رعیه‌تى ئه‌م سه‌ركردایه‌تى و مه‌كته‌ب سیاسیانه‌ى ئێستا،هۆكارێكى ترى به‌ستنى كۆنگره‌یه‌.
له‌كۆتایشدا ،گۆڕانكاریه‌ گه‌وره‌كانى ناوخۆى كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ش و دونیاش واده‌خوازێت كه‌ یه‌كێتى خۆى كۆبكاته‌وه‌ و به‌ سیاسه‌ت و تێڕوانین و تێگه‌یشتنى نوێوه‌ ،ئاماده‌سازى بكات بۆ هه‌موو پێشهات و گۆڕانكاریه‌كان  ‌وئه‌مه‌ش ته‌نها له‌ كۆنگره‌دا دێته‌ دى.
به‌م شێوه‌یه‌ به‌ستنى كۆنگره‌ى چواره‌م بۆته‌ زه‌روره‌تى قۆناغه‌كه‌ و ناكرێت چیدى به‌بیانوى بێ ئه‌رزشه‌وه‌ دوابخرێت،چونكه‌ هه‌موو دواخستنێك ته‌نها به‌ زیانى گه‌وره‌ترى یه‌ك و یه‌كگرتوویى ڕیزه‌كانى یه‌كێتى ته‌واو ده‌بێت و دوژمنان و ناحه‌زانى كوردایه‌تیش سوودى لێده‌بینن،چونكه‌ یه‌كێتیه‌كى بێهێز و لاواز له‌ قازانجى ئه‌واندایه‌.
لێره‌دا ئه‌و پرسیاره‌  دێته‌ پێشه‌وه‌ كه‌ یه‌كێتیه‌كان چۆن كۆنگره‌یه‌كیان گه‌ره‌كه‌؟ ئه‌ى خه‌ڵكانى ده‌ره‌وه‌ى یه‌كێتی چۆن كۆنگره‌ و ئه‌نجامێك له‌ یه‌كێتى ده‌خوازن و چاوه‌ڕوانى چى ده‌كه‌ن ؟
سه‌ره‌تا له‌ناوخۆى یه‌كێتیدا به‌ستنى كۆنگره‌ بۆته‌ ئه‌رك و زه‌روره‌تێكى ئه‌م قۆناغه‌  و هه‌موان گه‌ره‌كیانه‌ كه‌ ئه‌م كۆنگره‌یه‌ ببێته‌ هۆكارى :-
وه‌ك ئه‌ركێكى حیزبى و بنه‌مایه‌كى سه‌ره‌كى ئاڵوگۆڕكردنى ئاشتیانه‌ى ده‌سه‌ڵات و گۆڕانكارى به‌ پلان،هه‌روه‌ها بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى كێشه‌ و گرفته‌كان و چاره‌سه‌ركردنیان و ڕێگه‌گرتنیشه‌ له‌ دووكه‌رتبوون و جیابونه‌وه‌ و باڵباڵێنى ناڕه‌وا و كۆتاهێنانیشه‌ به‌ ده‌سته‌گه‌رى و به‌رژه‌وه‌ندخوازى و خۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردن و په‌رتوبڵاوى له‌ناو ڕیزه‌كاندا و كۆكبون و كۆبونه‌وه‌ى هه‌موانه‌ له‌سه‌ر یه‌ك گوتار و یه‌ك كردار.
كۆنگره‌یه‌ك پێویسته‌ بۆ یه‌كێتى دواى مام جه‌لال كه‌ بتوانێت له‌ ئاستى خواست و ویست و دڵخوازى زۆرینه‌ یان هه‌مواندا بێت له‌ نوێكردنه‌وه‌ى به‌رنامه‌ و په‌یڕه‌و و تێڕوانین و ئایدیاو ڕێبازى یه‌كێتى.
كۆنگره‌یه‌ك پێویسته‌ كه‌ بتوانێت ئیشوكاره‌كان بخاته‌وه‌ سه‌ر سكه‌ى ئاسایى گه‌شه‌كردنى یه‌كێتى و یه‌كێتى بگێڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌مى زێڕین و به‌هێزى و پته‌وى جارانى.
 كۆنگره‌یه‌ك پێویسته‌ كه‌ ناوه‌ندێكى بڕیار و مه‌ركه‌زیه‌تى حیزبى ببوژێنێته‌وه‌ له‌ناوخۆى حیزبدا.
 كۆنگره‌یه‌ك پێویسته‌ كه‌ بتوانێت سوود له‌ هه‌موو تواناكانى ناو یه‌كێتى وه‌ربگرێت و یه‌كێتى نوێبكاته‌وه‌ و ڕابه‌رایه‌تى بێ جیاوازى هه‌موانیش بكات به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن.
كۆنگره‌یه‌ك پێویسته‌ كه‌ بتوانێت زۆرینه‌ ڕازیبكات به‌ ڕێزگرتن له‌ بنه‌ماكانى دیموكراسى و ئازادى و ئاشتى و ئاڵوگۆڕكردنى ده‌سه‌ڵات به‌ ئاشتیانه‌ دوور له‌ په‌نابردن بۆ به‌كارهێنانى هێز و پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندیه‌كان.
كۆنگره‌یه‌ك پێویسته‌ كه‌ هه‌موان بڕوامان به‌ گۆڕانكارى یان لانى كه‌م ڕیفۆرمى سیاسى و ئابورى و كۆمه‌ڵایه‌تى و مه‌عریفى هه‌بێت،  به‌ شێوه‌یه‌ك  كه‌ هه‌قه‌ هه‌ڤاڵانى دێرین و خاوه‌ن مێژووى پرشنگدار به‌سنگفراوانیه‌وه‌ جێگه‌ و پێگه‌ى خۆیان چۆڵبكه‌ن بۆ هه‌ڤاڵانى تازه‌پێگه‌یشتوو و لاوانى به‌توانا له‌ جه‌سته‌ و فكر و  خوێن گه‌رمیاندا.
 ده‌بێت هه‌موان بڕوا به‌ پێشكه‌وتن و گۆڕانكاریه‌ گه‌وره‌كانى ناوخۆو ناوچه‌كه‌ و دونیا بهێنین  و ئه‌و ڕاستیه‌ش بسه‌لمێنین كه‌ یه‌كێتى به‌م دۆخ و سه‌ركردایه‌تى و ڕچه‌ و ڕێباز و فۆرمى كاركردنه‌وه‌ ناتوانێت ڕووبه‌ڕووى ئاڵنگاریه‌كان ببێته‌وه‌ و سه‌ركه‌وتوش بێت.
 بۆیه‌ خۆئاماده‌كردن و ئاماده‌سازى بۆ هه‌موو ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ پێویستى به‌به‌ستنى كۆنگره‌یه‌كى به‌پلان و به‌رنامه‌ هه‌یه‌ كه‌ نه‌بێته‌ هۆكارى زیاتر دوورخستنه‌وه‌ ولێكدابڕان و ته‌نانه‌ت جیابونه‌وه‌ش به‌ڵكو ده‌بێت هه‌موان په‌رۆشى یه‌كڕیزى و یه‌ك و یه‌كگرتوویى و پاراستنى یه‌كێتى ناو یه‌كێتى بین و هه‌موو ده‌سكه‌وت و خواست و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ى كه‌سى و  بنه‌ماڵه‌یى و ده‌سته‌گه‌ریه‌كان بخه‌ینه‌ خزمه‌ت به‌رزڕاگرتنى یه‌كێتى ، چونكه‌ هه‌موانمان به‌ یه‌كێتیه‌وه‌ جوان و ڕێزلێگیراو  وحساب بۆكراوین،به‌بێ یه‌كێتى زه‌مه‌ن ده‌ریخست هه‌موانمان زۆرر بچوك و بێ به‌ها بوین ،چونكه‌ یه‌كێتى لاوازبوو له‌ ڕووى سیاسى و سه‌ركرده‌ و له‌لایه‌نى ئابورى و جه‌ماوه‌رى و هێز و تواناى  شه‌قامه‌وه‌.
به‌م شێوه‌یه‌ به‌ستنى كۆنگره‌ و چۆنێتى و میكانیزم و به‌رنامه‌ ڕێژكردنى كۆنگره‌كه‌ بۆئه‌وه‌ى لانى كه‌م ببێته‌ جێگه‌ى ڕه‌زامه‌ندى زۆرینه‌،و بتوانێت وه‌ڵامده‌ره‌وه‌یه‌كى ڕاستگۆیانه‌ش بێت بۆ خواست و ویستى یه‌كێتیه‌كان و له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ وه‌ڵامده‌ره‌وه‌یكى واقعیانه‌ش بێت بۆ گۆڕانكاریه‌كانى ده‌وروبه‌ر و ئاینده‌ش، بۆته‌ زه‌روره‌ت و پێویستیه‌كى هه‌نوكه‌یى بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ى نێوماڵى یه‌كێتى و خۆڕێكخستنه‌وه‌ و زیاتر چه‌سپاندنى بنه‌ماو دروشمه‌كان و به‌ ئۆرگانیزه‌كردنى سه‌رجه‌م ئۆرگان و ناوه‌ندى بڕیاره‌كان و ژیاننه‌وه‌ و زیندووكردنه‌وه‌ى سه‌ره‌تاكانى گیانى هه‌ڤاڵانه‌ و ڕۆحیه‌تى حیزبایه‌تى ڕاسته‌قینه‌ش.
ئاشكرایه‌ یه‌كێتى هه‌میشه‌ حیزبێكى سیاسى  خاوه‌ن بیرۆكه‌ى نوێگه‌رایى و نوێبونه‌وه‌ و ده‌ستپێشخه‌رى و داهێنان بوه‌،به‌داخه‌وه‌ دواى نه‌خۆشكه‌وتنى مام جه‌لال و كۆچى دواییشى  یه‌كێتى سه‌نگ و قورسایى و دره‌وشاوه‌ى خۆى له‌ده‌ستدا و له‌ماوه‌ى ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ى ڕابووردووشدا ئه‌م سه‌ركردایه‌تیه‌ى ئێستا نه‌یانتوانى به‌هه‌موانیان جێگه‌ و پێگه‌ى مام پڕبكه‌نه‌وه‌ و یه‌كێتى به‌دووربگرن له‌ ده‌سته‌گه‌رایى و به‌رژه‌وه‌ندخوازى،هه‌ربۆیه‌ یه‌كێتى هیچ كات به‌هێنده‌ى ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ى دوایى بێهێز و لاواز و پاشكه‌وته‌ ده‌رنه‌كه‌وتبوو، هه‌میشه‌ نهێنى سه‌ركه‌وتنى یه‌كێتى له‌ به‌هێزى و پته‌وى و خۆڕاگرى و پشوودرێژى و پاراستنى بنه‌ماكانى دیموكراتى و ئازادیه‌كاندا خۆى ده‌بینیه‌وه‌و توانیویشێتى له‌دواى هه‌موو نوچدان و شكست و كه‌وتنێك به‌ به‌هێزى و گه‌وره‌ییه‌وه‌ هه‌ڵبسێته‌وه‌.به‌م شێوه‌یه‌ كۆنگره‌ى چواره‌مى یه‌كێتى زۆر گرنگه‌ له‌ڕووى زه‌مان و زه‌مینه‌وه‌ چونكه‌ له‌دواى شكستى سیاسى و ئابورى و سه‌ربازى و حیزبى و حوكمڕانیى هه‌رێمه‌كه‌مانه‌وه‌ دێت دواى ئه‌وه‌ى ده‌ركه‌وت كه‌ 26 ساڵى حومڕانیه‌كى له‌رزۆك و فشه‌ڵمان به‌ڕێوه‌بردوه‌،بۆیه‌ ئه‌م كۆنگره‌یه‌یى یه‌كێتى ده‌بێت ببێته‌ كۆنگره‌ى هه‌ستانه‌وه‌ و گه‌شه‌كردن و نوێبونه‌وه‌ى یه‌كێتى و حومڕانى كوردیش له‌م هه‌رێمه‌دا.
له‌ده‌ره‌وه‌ى یه‌كێتیش هه‌موان گه‌ره‌كیانه‌ كه‌ ئه‌م كۆنگره‌یه‌ ببێته‌ كۆنگره‌ى به‌هێزبونه‌وه‌ و گه‌شه‌كردن و نوێبونه‌وه‌ى یه‌كێتى ،چونكه‌ به‌بێ یه‌كێتى ژیانى حیزبایه‌تى و سیاسى و ئابورى و سه‌ربازى هه‌موان تێكده‌چن و ناهاوسه‌نگ ده‌بن و مه‌ترسیه‌كان بۆسه‌ر هه‌موانیان ترسناكتر و زیاتر و گه‌وره‌تر ده‌بێت، ئه‌وه‌ ته‌نها هێز و بازوى یه‌كێتیه‌ كه‌هه‌موانى پاراستوه‌ و شانۆ و گۆڕه‌پانێكى سیاسى ساغڵه‌مى چێكردوه‌ بۆ كارى هه‌موان ،سه‌ره‌ڕاى هه‌موو ڕه‌خنه‌ و كه‌موكوڕیه‌كانى كه‌ له‌یه‌كێتیان هه‌یه‌.
له‌كۆتایدا یه‌كێتى هیچ ڕێگه‌یه‌كى ترى له‌به‌رده‌مدا نیه‌ جگه‌ له‌به‌ستنى كۆنگره‌ و سه‌رخستنیشى و هه‌موانیش پابه‌ندبونى خۆیان ڕابگه‌یه‌نن به‌ ئه‌نجام و گۆڕانكاریه‌كانیش، چونكه‌ گه‌ر كۆنگره‌ نه‌به‌سرێت ئه‌وا هێواش هێواش ئه‌و یه‌كێتیه‌ى كه‌ ماویشمانه‌ له‌ده‌ستمان ده‌چێت چونكه‌ پیلانه‌ دوژمنكارانه‌كانى دژى یه‌كێتى له‌ناوخۆ و ناوچه‌كه‌شدا هه‌موانیان بۆ بچوكبونه‌وه‌ و نه‌مان و بێهێزكردنى یه‌كێتیه‌ چونكه‌ باش ده‌زانن ته‌نها یه‌كێتیه‌ به‌ڕاست و ڕاستگۆیى له‌خزمه‌تى نه‌ته‌وه‌ و نیشتمان و ئاینده‌ى كورد و كوردستاندایه‌ و ملكه‌چى و نیشتیمانفرۆشى نه‌كردۆته‌ پیشه‌ ورچه‌ و ڕێباز وهه‌ر یه‌كێتیشه‌ كه‌ ده‌توانێت ئه‌م قۆناغه‌ سه‌خت و دژواره‌ش تێبپه‌ڕێنێت له‌كاتێكدا حیزب و سه‌ركرده‌كانى تر ئه‌و توانایه‌یان نیه‌ یان توشى شۆك و شكست و دابڕانى ناوخۆیى و ناوچه‌یى و دونیایش بونه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ یه‌كێتى ده‌بێت ئه‌و هه‌ل و بۆشاییه‌ پڕبكاته‌وه‌ و شكست و نسكۆكان بگۆڕێته‌وه‌ به‌ سه‌ركه‌وتن و گه‌شه‌كردن ئه‌ویش به‌ خۆنوێكردنه‌وه‌ و خوێندنه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنێكى بابه‌تیانه‌ و زانستیانه‌ و واقعیانه‌  ده‌بێت بۆ سه‌رجه‌م گۆڕانكاریه‌كان له‌ هاوكێشه‌ و به‌ڵانسى هێزه‌كاندا له‌ ناوخۆى كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ و به‌سه‌رداچونه‌وه‌یه‌كى ژیرانه‌ش بۆ په‌یوه‌ندیه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و دیاریكردنى نه‌خشه‌ڕێگایه‌كى ڕوون و ئاشكراش بۆ ئامانجه‌ نیشتیمانى و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بۆ ئاینده‌.
‌‌ زیاتر ...
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
سه‌ربه‌ست جیهاد
د.به‌ختیارشاوه‌یس
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
نەوزادی موهەندیس