بیروڕا
دواى ڕیفراندۆم چى ؟
نەوزادی موهەندیس


ماوه‌ى 3 مانگ زیاتره‌ هه‌موانمان  سه‌رقاڵى باسوخواسى ڕیفراندۆم بووین بۆ سه‌ربه‌خۆى كوردستان و هه‌موانمان له‌ ترس و دڵڕاوكێدا ده‌ژیاین، پێكه‌وه‌ش له‌ كه‌شوهه‌وایه‌كى گه‌رمى به‌ره‌ى به‌ڵێ و نه‌خێردا تۆمه‌ت و ناوزڕاندن و هه‌ندێكجاریش تۆوى دووبه‌ره‌كى و..هتدمان. به‌ ئگادایى  یان بێئاگایى ده‌چاند. و له‌ناوخۆدا ئه‌وه‌ى كه‌ پێویست بوو بكرێت له‌ پێكه‌وه‌نانى به‌ره‌یه‌كى ناوخۆیى یه‌كگرتوو و پته‌و له‌ یه‌ك ده‌نگى و كۆده‌نگیدا نه‌توانرا چێ بكرێت، له‌ ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمیش له‌ناوچه‌كه‌ و دونیاشدا به‌ره‌یه‌كى دژى ڕیفراندۆم و خواسته‌كانى كورد ئاماده‌گى گه‌رموگوڕ و جدیان هه‌بوو به‌وه‌ى كه‌ دوابخرێت یان نه‌كرێت و ته‌نانه‌ت له‌لایه‌ن وڵاتانى دراوسێى و داگیركه‌رانى كورستانیشه‌وه‌ جۆره‌ها هه‌ڕه‌شه‌ و گوڕه‌شه‌ى سیاسى و ئابورى و سه‌ربازیان لێده‌كردین بۆ په‌شیمانبونه‌وه‌  له‌ چێكردنى ڕیفراندۆم.
بۆیه‌ به‌ڕاستى كه‌شوهه‌واى سیاسى و ده‌روونى ئه‌م 3 مانگه‌ى ڕابووردوو زۆر مه‌ترسیدار و نائارام و ترسێنه‌ر بوو.به‌ڵام كورد چى كرد؟
بۆ یه‌كه‌م جاره‌ سه‌ركردایه‌تى سیاسى كورد به‌و په‌رشوبڵاوى و ڕاڕایى و جیاوازى بۆچوون و ڕێكنه‌خستنى نێوماڵى خۆیدا، كه‌ هیچ مژده‌به‌خش نه‌بوو بۆ سه‌رگرتن و سه‌رخستنى پڕۆسه‌یه‌كى وا گرنگ و چاره‌نوسساز ،به‌ڵام توانى به‌سه‌ر هه‌موو جیاوازیه‌كاندا بازبدات و بتوانێت بڕیارێكى نه‌گۆڕو كۆنكرێتى بدات به‌ به‌رژه‌وه‌ندى چێكردنى ڕیفراندۆم و سه‌رخستنیشى،سه‌ره‌ڕاى به‌ڵێن و پێشكه‌شكردنى هه‌ندێ جێگره‌وه‌ى زاره‌كى له‌لایه‌ن گه‌وره‌ترین وڵاتانى دونیا و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كانیشه‌وه‌. بۆیه‌ ئه‌م بڕیاره‌ و سه‌رخستنى پڕۆسه‌كه‌ به‌خاڵێكى زۆر ئه‌رێنى  حساب ده‌كرێت بۆ ئه‌و سه‌ركرده‌ و حیزبه‌ سیاسیانه‌ى كه‌ ڕابه‌رایه‌تى و پشتیوانى و  به‌گه‌رمى هه‌ڵسوڕاو بوون بۆ سه‌رخستنى ئه‌م ڕیفراندۆمه‌ و به‌لاپه‌ڕه‌یه‌كى ڕۆشنیش بۆیان حساب ده‌كرێت، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ هه‌موو ئه‌و حیزب و سه‌ركرده‌ و لایه‌ن و گروپانه‌شى كه‌ دژى ڕیفراندۆم بوون ئه‌وا به‌دڵنیایى ده‌چنه‌ به‌ره‌ى دژ به‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ستراتیژیه‌كانى گه‌ل و نیشتیمان و نه‌ته‌وه‌وه‌ و له‌مێژووشیاندا به‌ لاپه‌ڕه‌یه‌كى ڕه‌ش تۆمار ده‌كرێت.
له‌ئێستادا و دواى سه‌ركه‌وتنى پڕۆسه‌كه‌ و به‌ده‌ستهێنانى ڕێژه‌یه‌كى به‌رزى ده‌نگى ((به‌ڵێ)) بۆ ڕیفراندۆمه‌كه‌، ئه‌ركى كورد چیه‌؟ و ده‌بێت هه‌نگاوه‌كانى ئاینده‌ى چى بێت؟ و چۆن ئه‌م ده‌نگى به‌ڵێ یه‌ وه‌به‌ربهێنێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى كورد و كوردستان ؟ و سه‌ربه‌خۆیى كوردستان چۆن هه‌نگاوى بۆ بنرێت؟
كورد و سه‌ركردایه‌تى سیاسى و حیزبه‌ باڵاده‌سته‌كانى هه‌رێم چه‌ند ئه‌ركێكى گرنگیان ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ، كه‌ ئه‌ركى سه‌خت و دژوارن له‌به‌رامبه‌ر قۆناغى پێش ڕیفراندۆمدا و پێویست به‌ پشوودرێژى و نه‌رمى نواندن و گوێگرتن بۆ هه‌موان و وازهێنان و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ عینادى سیاسى و ڕقوكینه‌ى كۆن و پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندى ته‌سكى حیزبى و كه‌سى خۆیان و له‌سه‌روو هه‌مووشیانه‌وه‌ دووركه‌وتنه‌وه‌یه‌ له‌ غرورو سه‌رمه‌ستى به‌هۆى سه‌ركه‌وتنى پڕۆسه‌كه‌وه‌.
ئه‌ركى سه‌ركردایه‌تى كورد له‌ناوخۆدا بریتیه‌ له‌:
هه‌وڵدان بۆ سه‌رخستنى پڕۆسه‌یه‌كى ئاشته‌وایی نیشتیمانى سه‌رتاسه‌رى له‌گه‌ڵ هه‌موو سه‌ركرده‌ و پارته‌ سیاسیه‌كاندا.
گڕوتینى جه‌ماوه‌ر  خاو وسارد نه‌كاته‌وه‌ و ئه‌و متمانه‌یه‌ى كه‌ تاڕاده‌یه‌ك دروستبۆته‌وه‌ له‌ نێوان جه‌ماوه‌رى میله‌ته‌كه‌مان و سه‌ركردایه‌تیدا به‌گه‌رموگوڕى بهێڵریته‌وه‌ و متمانه‌یان له‌ق نه‌كات و توشى بێئومێدى و دڵڕه‌نجاویه‌كى تریان نه‌كاته‌وه‌.
هه‌وڵ و كارى جدى بكات بۆ به‌دامه‌زراوه‌یكردنى سه‌رجه‌م ئۆرگانه‌كانى حوكمڕانى له‌هه‌رێمداو هه‌وڵى دووباره‌كردنه‌وه‌ى هه‌ڵه‌كانى ڕابووردوو نه‌دات دژى دامه‌زراوه‌ شه‌رعیه‌كانى حوكمڕانى له‌ كوردستاندا. به‌مه‌به‌ستى توندوتۆڵكردنى ژێرخانى حوكمڕانى ده‌وڵه‌ته‌ سه‌ربه‌خۆكه‌ى ئاینده‌مان.
تابتوانێت ده‌ستبگرێت به‌بنه‌ماكانى دیموكراسى و ئازادى و عه‌داله‌تى كۆمه‌ڵایه‌تى و دادپه‌روه‌رى و یه‌كسانى و پێكه‌وه‌كاركردن و ڕێزگرتن له‌مافى كه‌مینه‌كانى ناو هه‌رێمى كوردستان.
هه‌وڵى جدى بدات بۆ دامه‌زراندن و پێكه‌وه‌نانى حكومه‌تێكى ڕه‌شید  كه‌ بتوانێت داهات و سه‌روه‌ت و سامانى وڵات بخاته‌ خزمه‌تكردنى جه‌ماوه‌ر و دووربكه‌وێته‌وه‌ له‌ گه‌نده‌ڵى و ناشه‌فافیه‌ت و هه‌وڵى خۆشگوزرانى و خزمه‌تكردنى هاونیشتیمانیان بدات.
هه‌وڵى نوسینه‌وه‌ى ده‌ستورێكى مۆدێرنانه‌ بدات بۆ هه‌رێمى كوردستان به‌هێمنى و له‌سه‌رخۆ و دوور له‌ دروستكردنى بارگرژى و هه‌ستیارى له‌گه‌ڵ عێراق و وڵاتانى ناوچه‌كه‌ ،به‌پێچه‌وانه‌ى ئه‌وه‌ى كه‌له‌ ڕیفراندۆمدا كردمان.
ئه‌ركى سه‌ركردایه‌تى كورد له‌ گه‌ڵ به‌غداد بریتیه‌ له‌:
ده‌ستكردن به‌ گفتوگۆیه‌كى هێمنانه‌ و لێپرسراوانه‌ و جدى له‌سه‌ر ئه‌نجامى ڕیفراندۆم و چۆنێتى دانانى پلانێكى هێمنانه‌ى دوور له‌ گرژى و ئاڵۆزى نانه‌وه‌ بۆ خۆ ئاماده‌كردنى هه‌ردوولا بۆ ئاینده‌یه‌كى نوێ و ڕاگه‌یاندنى سه‌ربه‌خۆیى و جیابونه‌وه‌، و ده‌كرێت سوود له‌ ئه‌زموونى وڵاتانى تازه‌ سه‌ربه‌خۆ یان هه‌لومه‌رجى جیابونه‌وه‌ و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى هاوپه‌یمانیه‌كان بدرێت له‌دونیادا.
پێویسته‌ گفتوگۆیه‌كى بوێرانه‌ و ڕوون و ئاشكرا بێت له‌سه‌ر هه‌موو مه‌سه‌له‌كانى (( سنور و نه‌وت و پێشمه‌رگه‌ و داهات و ئاو و ئاسمان و ..هتد.) كه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ پایه‌ى گرنگن بۆ به‌رده‌وامى ده‌وڵه‌ته‌ سه‌ربه‌خۆكه‌ى ئاینده‌مان. كه‌ هه‌موو ئه‌م ئه‌ركانه‌ زۆر سه‌خت و دژوارن و پێویست ده‌كات تاتبتوانرێت دوور له‌ جه‌نگ و پێكدادان بكرێت.و له‌ ژێر سایه‌ و چاودێرى زلهێزه‌كان و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كانیشدا ئه‌نجام بدرێت،چونكه‌ عێراق و ده‌سه‌ڵاتدارانى عه‌ره‌بى به‌ سانایى ده‌ستهه‌ڵناگرن له‌م هه‌رێمى كوردستانه‌.
ئه‌ركى كورده‌ كه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانى به‌غداد بگه‌یه‌نێت كه‌ كورد و ده‌وڵه‌ته‌كه‌ى ئاینده‌ى ده‌بێته‌ دراوسێیه‌كى باش، نه‌ك به‌م شێوه‌یه‌ى ئێستا نه‌شه‌ریك و نه‌ به‌شدار و نه‌ خاوه‌ن ماڵ و نه‌ دراوسێیه‌كى باشه‌ به‌ڵكو هه‌ردوولا له‌ جه‌نگ و ململانێیه‌كى نه‌بڕاوه‌دا ده‌بن كه‌ به‌ زیانى گه‌وره‌ بۆ هه‌ردوولا ده‌شكێته‌وه‌.
ئه‌ركى سه‌ركردایه‌تى كورد له‌به‌رامبه‌ر وڵاتانى داگیركارى كوردستان له‌ناوچه‌كه‌ و ئه‌وانى تریشدا بریتیه‌ له‌:
ده‌بێت هه‌موان تێبگه‌یه‌نرێت كه‌ ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆى كوردستان له‌ ئاینده‌دا بریتیه‌ له‌ دراوسێیه‌كى باش له‌سه‌ر بنه‌ماى ڕێزگرتن له‌سه‌روه‌رى هه‌ردوولا و په‌یوه‌ندى باشى دراوسێیانه‌ و ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ نابێته‌ مایه‌ى هیچ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك بۆ سه‌ر ئه‌من و ئاسایشى ئه‌وان ، به‌ڵكو ده‌بێته‌ هاوكار و پشتیوانى هه‌موان له‌گه‌شه‌ و پێشكه‌وتنى ناوچه‌كه‌ و دابینكردنى ئه‌من و ئاسایش بۆ وڵات و گه‌لانى ناوچه‌كه‌ .و هه‌موانیش له‌ناوچه‌كه‌دا هه‌مان چاره‌نوس و مه‌ترسى و ئاڵنگارى به‌ره‌و ڕوویان ده‌بێته‌وه‌ و پێویستیشه‌ هه‌موان پێكه‌وه‌ كاربكه‌ن بۆ پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان. هه‌موو ئه‌م كارانه‌ش دوور له‌ زمانى هه‌ڕه‌شه‌ و به‌كارهێنانى چه‌ك و جه‌نگ و گه‌مارۆو گه‌له‌كۆمه‌كى دوژمنكارانه‌ ده‌بێت .
ئه‌ركى سه‌ركردایه‌تى كورد له‌به‌رامبه‌ر وڵاتانى زلهێز و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كانیشدا بریتیه‌ له‌:
ده‌بێت كورد به‌ڵێن و پابه‌ندبوونى خۆى دووپاتبكاته‌وه‌ به‌وه‌ى كه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت له‌به‌ره‌ى دژ به‌ تیرۆریستان و له‌ جاران زیاتر گه‌روموگوڕ تر و مكوڕتر ده‌بێت له‌ دژى داعش و هاوشێوه‌كانى.
 هیچ كات دژ به‌ پلانى ئه‌وان و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان ناوه‌ستێته‌وه‌ .
 وه‌ك ده‌وڵه‌تێكى یاسایى و ئه‌ندامێكى كارا و ئاكتیڤى كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى مامه‌ڵه‌ ده‌كات و خۆ ده‌پارێزێت له‌ توندوتیژى و زمانى زبر و هه‌ڕه‌شه‌.
 كاریش ده‌كات بۆ پاراستنى ژیان و مافى كه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌ و ئاینى و مه‌زهه‌بیه‌كان له‌كوردستاندا .
 ده‌شبێته‌ ئه‌ندامێكى چالاكى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان و له‌ چوارچێوه‌ى یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندا هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات.
به‌م شێوه‌یه‌ كورد له‌ئاینده‌دا ده‌بێت له‌جاران زیاتر ڕووى  پرشنگدار و دیموكراسیه‌ت و ئازادیه‌كان و شارستانێتى خۆى پیشان هه‌موان بدات و وه‌ك ده‌وڵه‌تێكى خاوه‌ن سه‌روه‌رى و سیاده‌ و چوارچێوه‌ى یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان خۆى نمایش بكات نه‌ك  وه‌ك وڵاتێكى ده‌رچوو له‌یاسا و هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ له‌ خواست و یسته‌ نێونه‌ته‌وه‌یى و ناوچه‌ییه‌كان، پێویسته‌ زیاتر په‌یوه‌ندیه‌ سیاسى و ئابورى و سه‌ربازیه‌كانى خۆى گه‌شه‌پێبدات له‌گه‌ڵ هه‌مواندا.
بۆیه‌ كور د و سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ى له‌ دواى سه‌ركه‌وتنى ڕێفراندرمه‌وه‌ ئه‌ركه‌كانى ئێجگار سه‌خت و دژوارتر  ده‌بێت،چونكه‌ گه‌ر نه‌توانرێت ئه‌م ئه‌نجامه‌ دڵخۆشكه‌ره‌یه‌ى ڕیفراندۆم وه‌ك كارتێكى به‌هێز وه‌به‌ربهێنرێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى ئاینده‌ و ڕاگه‌یاندنى ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆى كوردى ،ئه‌وا ته‌نها وه‌ك مه‌ره‌كه‌بى سه‌ركاغه‌ز ده‌مێنێته‌وه‌ و بوون و نه‌بوونى وه‌ك یه‌ك واده‌بێت.
 بۆیه‌ گرنگترین هۆكار بۆ به‌رده‌وامبوون له‌سه‌رخستن و هه‌نگاونانى زیاتر بۆ پێشه‌وه‌ بریتیه‌ له‌ یه‌كڕیزى نیشتیمانى و نه‌ته‌وه‌یى و كۆده‌نگى و پێكه‌وه‌كاركردن و ئاشته‌وایى نێوخۆیى و له‌ده‌ستنه‌دانى متمانه‌ى زیاترى جه‌ماوه‌رى گه‌له‌كه‌مان و ئاماده‌سازیش بكرێت بۆ هه‌موو ئه‌گه‌ره‌ چاوه‌ڕوان نه‌كراوه‌كان كه‌له‌لایه‌ن وڵاتانى ده‌رودراوسێوه‌ دژمان ئه‌نجام بدرێت،كه‌ خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌م سه‌رده‌مه‌ى جیهان و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ئابوریه‌كان هێنده‌ تێكچڕژاون كه‌ ئاسان نیه‌ وڵاتانێك په‌لامارى سه‌ربازى گه‌ل و نیشتیمانێكى تر بده‌ن  به‌ به‌رچاوى زلهێزه‌كانه‌وه‌ جه‌نگ و شه‌ڕێكى نه‌خوازراو هه‌ڵبسێنن و به‌تایبه‌تیش له‌ ئێستادا كه‌ زلهێزه‌كان له‌ئه‌مریكا و ڕوسیا و ئه‌وروپیه‌كان هێزى زۆر و زه‌وه‌ند و ئاماده‌یان هه‌یه‌ له‌ناوچه‌كه‌دا.
بۆیه‌ هه‌موو ئه‌م ئه‌ركانه‌ كارى جدى و له‌خۆبووردن و پێكه‌وه‌كاركردنى زیاترى ده‌وێت دوور له‌ عینادى سیاسى و حساب بۆ نه‌كردنى یه‌كترى .ده‌بێت هه‌موان ئه‌و ڕاستیه‌ش له‌ بیر نه‌كه‌ن كه‌ ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ش بۆ هه‌موانه‌ و تایبه‌ت به‌ كه‌س و حیزب و لایه‌نێكى دیاریكراو نیه‌،خۆئه‌گه‌ر كۆده‌نگیه‌كى باشتر و ئاماده‌سازیه‌كى له‌بارتربكرایه‌ ئه‌وا ده‌كرا ڕێژه‌ى ده‌نگى(( به‌ڵێ ))كان به‌رزتر و به‌هێزتر بوایه‌.
‌‌ زیاتر ...
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
سه‌ربه‌ست جیهاد
د.به‌ختیارشاوه‌یس
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
نەوزادی موهەندیس