بیروڕا
ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان و بەرژەوەندیە جیاوازەكان
نەوزادی موهەندیس
لە ڕێكەوتی یەكەم كۆبونەوەی لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستاندا لە 7/6/2017داو بڕیاردانیان بە چێكردنی پڕۆسەی ڕیفراندۆم لە 25/9/2017دا،ئیدی لاپەڕەیەكی نوێ‌ لە خەباتی كوردایەتی هەڵدرایەوە و هەموان یان زۆرینە بە ئاشكرا و نهێنی دژ یان لەگەڵ پڕۆسەكەدا بوون لەناوخۆی كوردستان و وڵاتانی دەوروجیرانی ناوچەكە و تەنانەت زلهێزەكانیش هەڵوێستی خۆیان ئاشكراكردوە.
هەرچەندە ڕیفراندۆم  پڕۆسەیەكی ئاسایی و یاسایی و مافێكی سروشتی و زۆر سەرەتایی هەموو گەل و نەتەوە و كۆمەڵگایەكی ئیتنیە و هەنگاوێكە بەرەو دیاریكردنی مافی چارەنوسیان، هەروەها پێویستی بەكۆدەنگیەكی سیاسی و نیشتیمانی و میللی هەیە و دەبێت بۆ سەرخستنی پڕۆسەكەش هەمووان یەك دەنگ و یەك هەڵویًستبن و تەبایی و متمانەی سیاسیش بەهێزبێت لەنێوان هێز و سەركردە سیاسیەكاندا و پڕۆسەكەش بەدوور بگرن لە دەسكەوت و هەوڵی تاكەكەسی و حیزبی بەڵكو دەبێت پڕۆسەكە بكرێتە دروشم و ئامانجێكی گەورەی نیشتیمانی و نەتەوەیی بەمەبەستی  هەنگاونانی زیاتر بۆ سەربەخۆیی و ئازادبوونی یەكجارەكی.
ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان جیا لەهەموو ڕیفراندۆمی گەلانی تر ،گرنگی و كاریگەرر زیاتری هەیە لەناوخۆی عێراق و ناوچەكە و دونیاشدا بەهۆی هەڵكەوتە جیۆسیاسیە گرنگەكەی لە((جەرگەستانی))دونیادا نەك (( كەنارستان)) ، كە دەكەوێتە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوینی هەستیارو گرنگ و دەوڵەمەند بەسەرچاوەكانی وزەوە.هەربۆیە لە بەرواری 7ی حوزەیرانەوە ئیدی هەموان لەناوخۆ و ناوچەكە و دونیاشەوە بە گرنگیەكی بێوێنەوە لەم بڕیارەی سەركردایەتی كوردیان نۆڕیوە و هەریەكەیان لە گۆشە نیگای بەرژەوەندیەكانی خۆیانەوە سەیریان كردوە و هەڵیانسەنگاندوە كە تاچ ڕادە و ئاستێك لە بەرژەوەندی خۆیاندایە،هەر لەسەر ئەم بنەمایەشەوە هەڵوێست و گوتار و كرداری خۆیان ئاشكرا كردوە.
بەرژەوەندی كورد لەم ڕیفراندۆمەدا بەئاشكرا دیارە كە بریتیە لەهەنگاونان بۆ سەربەخۆیی بەشێكی كوردستانی گەورە و ڕزگاربوون لە داگیر و دابەشكردنی 100ساڵەیی و ڕزگاربوون لەژێر دەستەیی و زوڵم و زۆر و و چەوساندنەوە و قاتوقڕكردن و لەناوبردنی بێبەزاییانەی ڕژێمە یەك لەدوایەكەكانی عێراق.كورد لەبەرژەوەندیدایە كە ئەم هەنگاوە هەڵبنێت و ڕێگەش خۆش بكات بۆ بەشەكانی تر و ببێتە خاوەن سەروەری و سیادە و سنور و ئاڵاو مافی ئەندامێتیش بەدەستبێنێت لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان و ببێتە ئەندامێكی كارا و ئاشتیخواز  لەناوچەكە و دونیاشدا.
بەرژەوەندی وڵاتانی دراوسێ‌ لەهەریەكە لە عێراق و توركیا و ئێران و تەنانەت وڵاتە عەرەبی(( بە سونە و شیعەیانەوە )) و ئیسلامیەكان ، وەك ئاشكرایان كردوە هیچ بەرژەوەندیەكیان لەسەربەخۆبون و جیابونەوە و ڕزگاربونی كورددا نیە، چونكە دەبێتە هۆی بچوكبونەوە و لێكردنەوەی بەشێك لەو وڵاتانەی كە كوردستانی بەسەردا دابەشكراوە لە توركیا و ئێران و عێراق و سوریاداو دەبێتەی مایەی هەژارتربون و بچكوبونەوە و لاوازبونیان لەڕووی سیاسی و ئابوری و سەربازیەوە،بۆیە زۆر بەگەرمی لەسەر هێڵن بۆ دواخستن یان ڕەتكردنەوەی بەتەواوەتی  بۆئەوەی درێژە بەدۆخی 100 ساڵەیی داگیر و دابەشكردنی كوردستانی گەورە بدەن. وڵاتانی تری ناوچەكەش هەریەكە بەبیانویەكەوە دژی ئەم ڕیفراندۆمەن و نایانەوێت وڵاتێكی تری وەكو ئیسڕائیل لەناوچەكەدا دروستببێت و بەلای ئەوانەوە ببێتە مایەی سەرئێشە و كێشەی زیاتر بۆیان كە هەرچەندە كورد نەتەوەیەكی ڕەسەنی ناوچەكەیەو لەسەر خاك و وڵاتی خۆی خەبات دەكات.
زلهێزەكان لە ئەمریكا و ڕوسیا و بەریتانیاو وڵاتانی تری ئەوروپیش ،هەریەكەیان لە ڕوانگەی بەرژەوەندی و باڵادەستی لەناوچەكەدا دەڕواننە ئەم هەنگاو و مافەی كورد و نایانەوێت بەدروستبوونی دەوڵەتێكی تر لەناوچەكەدا تاڕادەیەك نەخشە سیاسی و ئابوری و سەربازیەكانیان بگۆڕدرێن و بەرژەوەندیەكانیان بكەوێتە مەترسیەوە و پلان و نەخشە داڕێژراوەكانیان گۆڕانیان بەسەردا بێت. ئەمریكا لەئیًستادا گرنگی تەواو و سەرەكی دەداتە كۆتایهێنانی جەنگی دژی داعش و تیرۆریستان و گەرەكێتی ناوچەكە و بەتایبەتیش عێراق ئارام و ئاسایش بێت  و وڵاتانی ئەوروپیش بەهەمان شێوە بیردەكەنەوە،وڵاتانی زلهێزیش تاڕادەیكی زۆر بەرژەوەندی خۆیان و هاوپەیمانەكانیشیان لەناوچەكەدا ڕەچاو دەكەن لەم پرسە گرنگەدا.
نەتەوە یەكگرتوەكانیش وەك ڕێكخراوێكی نێونەتەوەیی و چەتری كۆكەرەوەی گشتی وڵاتان و دامەزراوەیەكی شەرعی و دانپیادانراوی نێونەتەوەیی و جێگەی دانپیادانان و بەڕەسمی ناساندنی هەر وڵاتێكی نوێی ئەندام، هەمیشە وابەستەی ڕاوبۆچونی وڵاتانی زلهێز و باڵادەستە وەك ئەمریكا و ڕوسیا و ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش،بۆیە نەتەوە یەكگرتوەكان هەمیشە وەك پاشكۆی بڕیارەكان دەردەكەوێت نەك بڕیاردەری كۆتایی.
بەم شێوەیە لە چانسی كورد،ڕیفراندۆم لەناوخۆو ناوچەكە و دونیاشدا بۆتە مایەی نانەوەی كێشە و گرفتی زۆر و دروستبوونی ڕاو بەرژەوەندی جیاواز و هەریەكەیان بە بیانویەكەوە  لەگەڵ دواخستن یان نەكردنیدان و ئەوەی دەمێنێتەوە تەنانەت لەناو كورد خۆشیدا  دووبەرەی دژ بەیەك لە ((  بەڵێ‌ و نەخێر )) دروستبوون كە ئەم جیاوازی بۆچونەی ناوخۆ لەهەماون مەترسیدارترە.و هەرلایەنەش لەبەرژەوەندی تەسكی خۆیەوە دەڕوانێتە پڕۆسەكە و هەموانی پەرت و بڵاوكردۆتەوە لەجیاتی كۆكردنەوە و یەك و یەكگرتوویی لە هەڵوێست و گوتار و كرداریاندا.
لەكۆاتایدا ئەوەی دەمێنێتەوە بیڵێین ئەوەیە كە  ئەم كات وساتەی ئێستا كە كورد هەڵیبژاردوەو و ئەوانی تر دژایەتی دەكەن باشترین و گونجاوترین زەمان و زەمینەیە،چونكە  لەئێستادا زۆرێك لە مەترسی و ئاڵنگاریەكان بچوك و دوورن بەڵام لە ئایندەدا زیاتر گەورەتر و نزیك دەبنەوە و دێنە بەردەمی ماڵی كورد،بۆیە پێش ئەوەی دوژمنان بێنە دەست هەق وایە كورد دەستپێشخەری بكات،دیاریكردنی زەمان و زەمینە لە هەر لایەكەوە بێت ئەوا بە قازانجی سەركەوتن وچانسی ئەو لایەنە دەبێت و دژی بەرژەوەندیەكانی ئەوانیتر دەبێت،جا لەئێستا دا تەنها كورد ئەم كات و ساتەی پێباشە چونكە لەقازانجێتی بەڵام ئەوانی تر لە بەرژەوەندی خۆیانی نابینن. لەگەڵ ئەم ڕاستیەشدا بەڵام كوردیش بۆخۆی  و لەنێوماڵی خۆیدا باش خۆی ئامادەنەكردوە و داروپەردووی ڕیفراندۆمێكی سەركەوتووی  بەو هەموو گرنگی و هەستیاریەوە دابیننەكردوە لەڕووی سیاسی و ئابوری و سەربازیەوە و پەلەكردنێكی نا لۆژیكی پێوەدیارە،هەربۆیە دەكرێت بۆ كاتێكی كەم و دیاركراو گوێ‌ بۆ بیروبۆچون و هەڕەشەی دۆستەكان و دوژمنەكانیش بگیرێت لەلایەك بۆ هێوركردنەوەی ئەوان و و دوورخستنەوەی مەترسیەكانو هەڕەشەكان و لەلایەكی تریشەوە بۆ ئامادەسازی باشتر و بەهێزكردنی بەرەی ناوخۆی كورد خۆیدا بۆ مسۆگەركردنی زیاتری سەركەوتنی پڕۆسەكە و بەدەستهێنانی سەربەخۆیی و چێكردنی كۆدەنگیەكی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیش ودانپیادان و بەڕەسمی ناساندن و هاوكاری و پشتیوانیشیان بۆ دەوڵەتە سەربەخۆكەمان لە ئایندەدا.
‌‌ زیاتر ...
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌
د.به‌ختیارشاوه‌یس
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
سه‌ربه‌ست جیهاد
د.به‌ختیارشاوه‌یس
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
بورهان شێخ ڕه‌ئوف