دەربارە
وێبسایتی (www.araste.co) پێگەیەکی ئەلیکترۆنییە بە نێوی ئاراستە، کە مەڵبەندی یەکی رێکخستنی سلێمانی یەکێتیی نشتمانیی کوردستان خاوەن و سەرپەرشتیارێتی.
ئاراستە، ناوێکە بەمانا بۆ ئامانجێکی دیار یان ئاراستەیەکی دیاری روونە بۆ ئامانجێک، لێرەدا مەبستمان هەموو ئەو دەلالەتە ماددی و مەعریفی و فەلسەفییانەیە کە ئاراستە دەکرێن بۆ خزمەتی مرۆڤ لە کۆمەڵگەدا.
ئاراستەی ئێمە بەمانای رێگەیەکە کە مێژووەکەی زیاتر لە ٣٨ ساڵە، بۆ خەبات و قوربانیدان لە پێناو نشتمان و نەتەوەیەکدا، تائێستایش ئەم خەباتە بەردەوامە. ئاراستەی ئێمە سازدان و جۆشدان و وشیارکردنەوەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە لە پێناو بەرز راگرتنی ئەم ئامانجە تا سەرکەوتنی کۆتاییەکەی کە بەدەوڵەتی کوردی کۆتایی دێت.
ئاراستەی ئێمە بەشداریکردنە لەو ئاراستە دیموکراسییەی کە ئەمڕۆکە لە کوردستانەدا هەنگاوی بۆ دەنرێت یان باس دەکرێت یان ئاراستە و ئامانجێکە بۆ ئاراستەی ئەم چەمکەیش هەوڵ دەدەین لەڕووی تێورییەوە چەندین نووسەر و رووناکبیری گەلەکەمان بدوێنین و شرۆڤەکاری بۆ بکەین، لەهەمان کاتدا ئاراستەی ئێمە پشتگیری ئەو تەجرووبە دیموکراسییە دەکات، کە لە کوردستاندا هەیە و پشتیوانی دەکەین بۆ دەوڵەمەندبوونی. ئێمە ئاراستەکەمان بە چاوێکی رەخنەگرانەوە سەیری هەموو پرۆسەیەکی بیرۆکراسیەت و سەنتراڵبوونێکی دامودەزگاکان دەکات لەهەر پێگەیەکدا بێت لە کۆمەڵگەدا، کە بزاوتی بیرۆکەی یان مومارسەی دژە دیموکراسی هەبێت ئێمە لەم کاتەدا رەخنەی لێدەگرین و بە گژیدا دەچینەوە.
ئاراستەی ئێمە پشتیوانێکی سەرسەختی دادپەروەری دەبێت و زۆرترین رووبەری کارکردنی ئێمە دەبێت لەسەر ئەم چەمکە، بەدواداچوونێکی لۆجیکیانە بۆ نادادپەروەری دەکەین و پشتیوانی ئەو خەڵکە دەبین کە هەست بەم نادادپەروەرییە دەکات. واتا کاری میدیایی ئێمە ئەوە دەبێت کێشە نووستووەکانی نادادپەروەری لە کۆمەڵگەدا بخەینە نێو میدیاکان و مشتوومڕی سیاسی.
ئاراستە هەوڵدەدات رەخنە لە هەموو پرۆسەیەکی نایاسای بگرێت و هەوڵی بڵاوکردنەوەی وشیاری سیاسی دەدەین بە ئامانجی ئەوەی کە سەرەوەری یاسا ببێتە پرەنسیپێک بۆ هەموو تاکێکی کۆمەڵگە. دامودەزگا حزبییەکان و خاوەن دەسەڵاتەکان لە سۆنگەی سەروەری یاساوە پەیەوەندییەکانی خۆیان دابڕێژن نەک لەڕووی هێزەوە، ئاراستە کار بۆ لۆجیکی یاسایی دەکات، لۆجێکی هیز دەخاتە بەردەم رەخنە و شرۆڤە کردنەوە.
ئاراستە بەتەواوی پشتگیری لە هەموو ماف و ئازدییەکانی خەڵکی کوردستان دەکات.
ئاراستە دەیەوێت لەبواری ژینگە و تەندروستییەوە خەڵکی کوردستان و شاری سلێمانی بە زانیاری زانستی زیاتر دەوڵەمەند بکات، فشارێک بێت بۆ هەر رێگەیەک کە دەبێتە هۆی تێکدانی ژینگەی کوردستان و شێواندنی تەندروستی تاکی کورد.
ئاراستە رۆژانە هەوڵدەدات چەند هەواڵێکی گرنگ کە خۆی لە هەواڵی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدا دەبینێتەوە بڵاو بکاتەوە بۆ زیاتر بەئاگابوون لەو هەواڵانەی کە لە چواردەورمان روو دەدەن.
ئاراستە هەوڵدەدات پشتیوانی هەموو کێشەکانی خەڵکی شاری سلێمانی بێت، بەتایبەتی کێشەی خزمەتگوزارییەکان و گێرمە و کێشەکانی دامودەزگاکانی حکومەت و گەندەڵی و هتد. دەمانەوێت بڵندگۆیەک بین بۆ ئەو کێشانەی کە دەسەڵات نایبینێت یان نایبیستێت. لەئاراستەوە بەچاوێکی رەخنەگرانە سەیری هەموو کارێکی خراپی حکومەت دەکەین و دەستخۆشیش لە هەموو کارێکی چاکە و باشە دەکەین کە دەبێتە هۆی خۆشگوزەرانی و بەختەوەری تاکی کورد.
ئاراستە ئامانجی ئەوەیە کە بتوانێت لە رێگەی (www.araste.co) باشترین خزمەت بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکات، بە تایبەتی خەڵکی شاری سلێمانی خۆشەویست. دەمانەوێت لەم رێگەیەوە هەرچی کێشەیەک کە ئێمە درکی پێ دەکەین بیخەینە روو بە ئامانجی ئەوەی لەبەردەم دەسەڵاتداراندا قسە و باسی لەسەر بکرێت. ئەم وێبسایتە سەنگەرێکە بۆ پشتیوانی داواکاری و داخوازییەکانی شاری سلێمانی.
داواکرین لە گشت رۆشنبیر و نووسەر و هونەرمەندان و هەڤاڵانمان پشتوانی ئەم وێبسایتە بکەن. هەرکەسێک دەیەوێت بەشداریمان لەگەڵدا بکات لای ئێمە جێگەی رێز و مایەی هاوکاری و پشتیوانیکردنە لە ئاراستەیەک کە ئاراستەی نیشتیمانپەروەری و دیموکراسی و دادپەروەری و خزمەتگوزاری خەڵکی کوردستانە.